بایکۆت مەکە، بەگیرفانی بەتاڵەوە هەر بڕۆ دەنگ بدە
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
- ئەوە بزانە پەڕلەمانی عێراق، لەخولی یەکەم تا ئێستا کەبەرەو هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەڕۆین لە ١١-١١-٢٠٢٥ قەت جێگای ئومێد نەبوە بۆ کوردو نەتەوەو جڤاکی کوردیی، تەنها ناوەندی خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی ئیمتیازاتی شەخسی و حیزبی بوەو بەس، تۆ هەر بڕۆ دەنگ بدەو مەوەستە ئەوە فەرزە، فەرزی عەین.
- تۆ دەزانیت پەڕلەمانی عێراق دەوڵەتی قوڵی وەلائی و ڕەهبەریزم بەڕێوەی دەبات و هەزاران سەفەقات و کڕین و فرۆشتنی گەورەی تێدا دەکرێ وەک سوقی ڕەقیق، بازاڕی بەندەکان، خۆ نەدەستورێک هەیەو نەیاسایەکی فیدراڵی و نەمافی کەمینەکان بۆ لێپرسینەوەو ئیستیجواب، تۆی کورد لێرە یاریپێکراوی بۆ ململانێی حیزبی و تایەفەگەریی و دەبێ هەر غاردەی بەدوای دروشم و هوتاف و دەنگدان و کورسی و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆت و حیزبەکەت و هەڵواسینی فلێکس و خۆبەنجکردن و خۆفریودان و وەهم و هیلاکەت و فەلاکەت، دواجاریش نەکورسی کورد زیاد دەکاو نەکەم ئەکاو بڕاوەتەوە ئەوە دەسەڵاتی کوردە تا ئەو سنورو قەڵەمڕەوییە بۆت هەیە بڕۆیت.
- کورد بەهەموو ئەحزابی سیاسیەوە، بەم جۆرە هەڵبژاردنە نمایشیگەریە، خۆی ئەخەڵەتێنێ و گەلەکەشی سەرگەردان ئەکات، ئەگینا بەدەنگدان نەگۆڕانکاریەک ڕووئەداو نەئومێدێک بۆ کورد بەدی دەکرێ، ئەوەی هەیە قەڵەوبوونی زیاتری خێزانە سیاسیە ئۆلیگاریکیە گەورەکان و ئەقتابەکانی بازرگانی نەوت و کۆمپانیاکانی دەرمان و چەک و باروتەو عێراق وەک سەرزەمینی فیتنەو بەهەدەردانی سامان و نەوتەکەی دەمێنێتەوە.
- عەرەبی بزانی یان نا، قسەو موداخەلە بکەی یان نا، شەڕبکەی یان نا لەو پەڕلەمانە مەزهەبیەدا وەک یەک وایەو مافی کوردان ناپارێزی و ئەسڵەن ماف لەوێ نیەو درۆیەکی گەورەیەو هیچ پڕۆژە یاساو بڕیارێک لەئارادانیە، بودجەو موازەنەو ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و مادە دەستوریەکان بەبێ ئۆکەی ئەو زۆرینەیەو دادگای باڵای فیدڕاڵی نابێتە بڕیار.
- بۆمەگەر دوورخستنەوەی حەلبووسی سەرۆکی پەڕلەمان چی بوو؟ دەنگدان بەیاساکانی حەشدی شەعبی چۆن بوو؟ تێپەڕاندنی میزانیەو موازەنەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ چۆن ڕویداو چەند مادەو فەقەرە دەستکاریکراو کورد هیچی پێنەکرا لە ١٢/٦/٢٠٢٣ کەسێ شەوی خایاندو کرایە ٦٩ مادەو نەخشەی فاشیزمانەی ئەو پڕۆکسییە مەزهەبیەمان بینی؟ هەڵوەشانەوەی پەڕلەمانی کوردستان کێ کردی؟ دەنگدان لەدژی کوردو شایستە داراییەکانی چۆن کرا؟
- ئەمجارەش کورد وەک کەمینەیەکی لاوازی پەرت و لات و پووتی حیزبی و شوانکارەیی دەڕواتەوە بەغداد، دەچێتەوە تەنیشتی زۆرینەیەکی بەهێزی مەزهەبی نەتەوەیی و سوێندی یاسایی پەڕلەمانی دەخوات بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی عێراقی فاشیست، دەی عێراقی یەکپارچە سودی چیی بووە بۆ تاکی کورد جگە لەقوربانیدان و کارەسات و ماڵوێرانی.
- کۆمەڵە وەزیرو مەندوب و سەفیرێک بەسەرۆک کۆمارێکی تەشریفاتی و سەدان ڕاوێژکاری بێئیش و ماستاوچی نەشئەی سەرکەوتن ئەیانگرێ و، مەست ئەبن بۆ یەک دوومانگ، رەسم ئەگرن و دێن و ئەچن. گەشت ئەکەن بۆ دەستکەوت و ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی پێ سواق ئەدەن لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەو کەرکوک، دواتر شاندی حیزبی دەڕۆن بۆ بەغداد بۆ دانوستان، دەی ئەوە چ جۆرە نوێنەرایەتیەک و چ جۆرە فۆڕمێکی حوکمڕانی و موشارەکاتێکی سیاسیە؟
- ئینجا بەو ٦٠ کورسیەی کورد، بەهەموو حیزبەکانەوە، کەهەرگیز نابێت بە ٧٠ کورسی، لەبەرامبەردا ئەوان ڕێژەی کورسیەکانیان ٢٦٩ کورسی مەزهەبی ڕقئەستوورە، هەرپڕۆژەیاسایەکیان بوێت تێیدەپەڕێنن وەک دەساڵی ڕابردوو بەزۆرینەی پەڕلەمانی.
- دەی تا ئەو عێراقە ماوە کورد هەر کەمینەیەو لەژێر چەپۆکی بیرو زیهنیەتی ستەمکاریانەی قەومی و مەزهەبی عەرەبیدایەو پەیتا پەیتا ئیرادەی کورد زیاتر ئەشکێنن بەدەستی حەشدی شەعبی و پوازی ناوخۆیی و مەندوبی بەکرێگیراوو فیرقەو کەتیبەکانی عەسائیب و ڕەبعەڵاو حیزبوڵاو نوروڵاو زوڵفەقارو زۆرینە مەزهەبیەکەوە، ئەمەی کورد تیایدایە لەڕووی کۆمەڵناسی و دەروونپزیشکیەوە سایکۆپاتی و سادیزمە بەپلەی ئیمتیاز.
- دەستورو فیدراڵیەتی دوای بەعسیزم، هیچ نەبوو جگە لە وەهم و مۆدێلێك بۆ داپۆشینی دیكتاتۆریەتی رابردووی بەعس و جوانكردنی ئەزموونی دەوڵەتی مەزهەبی شیعی، ئەو مۆدێلەی كاری پێدەكرێت و كورد بەشدارە تیایدا بۆ ئیمتیازات، زیاتر مۆدێلی خێڵ و میللیگەرایەو ئاماژەکان هەمیشە ئەوە دەردەخەن عێراقێکی نوێ لە ئارادا نیەو ڕوخسارە گەورەکان وەک خۆیان دەمێننەوەو فیقهی عەشائیرو فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزهەبی شوێنی دەنگدان و دیموکراسیەت و دەزگا مەدەنیەکانی گرتۆتەوە.
PM:02:57:23/10/2025
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی