هیچ بیانوو و پاساوێک بە دەستەوە نەماوە
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
سەردەمێک کە کتێب کەم بوو ، دەگمەن بوو ، ناڕەحەت دەست دەکەوت لە کتێبخانەکاندا… کاتێک وەدەستخستنی زانیاریەکان پێویستی بەوەبوو گەشت و سەفەری دووری وڵاتانی بۆ بکەیت ، ئا لەو سەردەم و قۆناغەدا هەرکەسێک دوا بکەوتایە بەهانەی بەدەستەوە بوو ، باوەڕی پێ دەکرا.
هەروەها کاتێکیش هەلی کار بە ناڕەحەت دەدۆزرایەوەو ، بواری کارکردن و دابین کردنی بژێوی ژیان زۆر لاوازو سنوور دار بوو ، ئاسایی بوو هەندێک کەس بێزارو ناڕەحەت ببن لە بەڕێکردنی ژیانی خۆیان و خێزان و نزیکەکانیان!! بەڵام لەم قۆناغەداو لەم سەردەمەی ئێستادا هەموو بەهانەکان ، سەرجەم بەربەست و ڕێگریەکان لادراون و کۆتاییان پێ هاتووە.
بۆیە دەتوانین بڵێین : ئەوەی لەم قۆناغ و سەردەمەدا (نەزانێ) ئەوە بەئەگەری زۆرەوە خۆی نایەوێ بزانێ ، ئەوەی (فێر نەبێ) بەئەگەری زۆرەوە خۆی سوور نیەو ، هەوڵ نادات و نایەوێ فێر ببێ..چونکە هەموان دەزانین ئێستاکە (زانست و زانیاری و مەعریفە) بەردەستەو هاتۆتە نێو مۆبایلەکانمانەوە ، ڕاهێنان و خولە زانستیە جۆراو جۆرەکان هاتونەتە ژووری نوستنەکانمانەوە..
سەرچاوەکان و ڕێگاکانی خۆبەهێزکردن و خۆپێگەیاندن و گەشەدان بەتواناکانمان لە ژمارە نایەن! زیرەکیی دەستکرد نمونەی زەق و هەرە دیاری ئەو وەرچەرخانە مەزنەیە ، زیرەکیی دەستکرد ئێستا ئامرازو کەرەستەی بەردەست خواپێداوو خۆشگوزەرانەکان نیەو بەس، چەکی بەردەستی پرۆگرام سازەکان نیە بەتەنها، بەڵکو ئامرازێکی ئاسان و بەردەست و ئامادەیە بۆ دروست کردن و بنیاتنان و پێگەیاندنی هەرکەسێک بەدوای دۆزینەوەی هەلەکانەوە وێڵ بێ و بگەڕێ! زیرەکیی دەستکرد تەنها بۆت نانوسێ ، بەڵکو لەگەڵ تۆدا ئەویش بیر دەکاتەوە ، تەنها کارەکانت بۆ ڕایی ناکات ، بەڵکو تۆش ڕادەهێنێت کارو ئەرکەکانت زۆر بەوردی و سەرکەوتوانە ئەنجام بدەیت! هەربۆیە ئەوەی له ڕابردوودا پێویستی بەچەند مانگ و ساڵێک بوو بۆ ڕاپەڕاندن و تەواوکردن و بەجێگەیاندن ئێستا لەچەند کاژێرێکدا کورت دەکرێتەوە.
بۆیە ئەو کەسەی لەم ڕۆژگارەدا (بێ توانایی) دەکاتە پاساوو بیانوو ، یان خۆی لە پشت بارودۆخەوە پەنا دەدات و خۆی دەشارێتەوە ، بەدڵنیاییەوە گرفت و دەردی ئەو کەسە کەمی کەرەستەو بەردەست نەبوونی ڕێگاکان و ئامرازەکان نیە ، بەڵکو ئافەت و دەردەکە خەمساردی و سستی و لاوازی هەوڵ و هیممەتە..
ئاشکرایە گەورەترین کارەسات لەم ڕۆژگارەدا (نەزانی و نەفامی) نیە ، بەڵکو کارەسات ڕازیبوونە بەو (نەزانی و نەفامی) یە! کێشەکە بەتاڵی و بێکاریی نیە ، بەڵکو ئافەتە سەرەکیەکە ئەو (تەمبەڵی) یەیە کە بەپاساوو بەهانەی چۆراوجۆو بەرگ کراوەو ڕووپۆش کراوە!
دەتەوێت چۆن دەست پێ بکەیت؟
پرسیار لەخۆت بکە : من پێویستم بەچ کارو پیشەیەکە فێری ببم و شارەزای ببم تا بارودۆخ و ژیانم باشتر ببێت و پێشتر بکەوێت ؟
مۆبایلەکەت بکەرەوەو تێیدا بگەڕێ .. چەندان خولی ڕاهێنان و فێربوونی بێ بەرانبەر دەبینیت ، چەندان بڕگەو بەرنامەو وتارو نووسینی بێ بەرانبەرت دەست دەکەوێت.
هەموو ڕۆژێک ماوەی سێ کاژێر هەوڵ بدە فێری شتێکی نوێ ببیت…هەموو ڕۆژێک..
چاوەڕێی هاندان مەکە لە هیچ کەسێک، چونکە دڵنیابە سەرکەوتن هەرگیز ئەوانە نایهێننە دی چەپڵە لێ دەدەن ، بەڵکو مرۆڤە چالاکە ئیشکەرە بێ دەنگەکان دروستی دەکەن و دەیهێننە دی..
ئەوەی فێری بویت و شارەزای بوویت ئەزموونی بکە و تاقی بکەرەوە ، لەسەر هەڵەو کەم و کورتیەکانیش ئارام بگرە و نەفەس درێژ بە.
مەرج نیە تۆ لەماوەی هەفتەیەکدا یان مانگێکدا ببیتە کەسێکی عەبقەریی نمونەیی ، لەماوەی مانگێکدا جیهان بگۆری ، وڵات بگۆڕی. بەڵکو گرنگ ئەوەیە تۆ لە مرۆڤێکی ئیفلیج و وەستاوو بێ بەرهەمەوە ببیتە مرۆڤێکی چالاک و کۆششکارو بەرهەمدار ، لەکەسێکی تەنها تەماشاکەرەوە ببیتە کەسێکی بەشداربوو !! لەسەردەمی (زیرەکی دەستکرد) دا هەرگیز پرسیار لەخۆت مەکە ئایا دەتوانی؟ بەڵکو ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆت بکە : ئایا ئیتر هیچ بیانوو پاساوێک ماوە بەدەستمەوە ؟!
PM:02:30:22/10/2025
ئهم بابهته 1224
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی