قەفەسەکان بشکێنن !!
د. ئەمیر حسێن
مام ڕێوی دەڵێت : " مریشکەکان بۆ ئەوە نەهاتونەتە ژیانەوە بۆ ئەوەی لە قەفەسدا زیندانی بکرێن ، بەڵکو پێویستە قەفەسەکان بشکێنن ، بۆئەوەی ئازادبن بە ناوکێڵگەکاندا . لەوکاتەدا گەمژەکان چەپڵەیان بۆ حیکمەتی ئازادیخوازانەو پەرۆشی مام ڕێوی لێدەدا ، مام ڕێوی چاوی دەبریسکایەوەو سکی برسی هەڵدەگڵۆفی " .
ئەگەرچی ئەمە بە دیمەنێکی زۆر سادەو ساکاری ، ئەفلام کارتۆنەکانی نێو دوونیای منداڵیمان دەچێت ، بەڵام ( ئازادی) لەم دیمەنەدا ، وەک ئاڵۆزترین چەمکی هزری و فەلسەفی ، لە نێو تەموومژی مینە چێندراوەکانی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ، لە فۆڕمێکی زۆر تراژیدی و غەمگیندا خۆی نمایش دەکات . ئەرستۆ دەڵێت : " مرۆڤ بوونەوەرێکی پەیڤەرە( قسەکەر) " ئەم پێناسەیە شوناسێکی فەلسەفی گشتی و تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ مرۆڤ دادەڕێژێ ، بە تەنها لەبەر ئەوەنا ، مرۆڤ لە ڕێگەی قسەکردن و گۆکردنی زمانیەوە ، وەکو باڵاترین خەسڵەت و تایبەتمەندی ، توانای پەیوەندی و لێک تێگەیشتنی لەگەڵ ئەوانیتردا بەگەڕ خستوە ، چونکە لەمەدا زۆر بونەوەری تر لەگەڵ مرۆڤ هاوبەشن ، بەڵکو بایەخی ئەم پێناسە لەوەدایە ، مرۆڤ خاوەنی لۆگۆس ( Logos )ە ، واتا عەقڵ و لۆژیک و بڕیاردان و توانای بیرکردنەوەو دەربڕینی واتادار ، گەر تەنها لە ڕەهەندی ئەبستمۆلۆژیەوە ڕاڤەی ئەم دەربڕینە وەرگرین ، زمان دەبێتە ئامرازێکی چالاک بۆ گەیشتن بە زانین ، بۆ ئەو مەبەستەش چەمکەکان بەرهەم دەهێنێ و بیرۆکەکانیان تێداهەڵدەگرێ و ناو بە شتەکان دەبەخشێت ، ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێ هەر لەسەرەتاوە مرۆڤ بیر لە سەرکێشی دەستبەسەراگرتنی بوون و گەردون بکاتەوە ، ئەگەرچی سەرەتا لە فۆڕمێکی زۆر ڕەمزی و سادەشدابێت .
لێرەوە ئیترمرۆڤ لەگەڵ بەشێکی زۆر لەو چەمکانە دەچێتە ململانێی ساغ کردنەوە ، ساغ کردنەوەی ڕەسەن لە ناڕەسەن ، ڕاسەتەقینە لە وەهم ، ڕیالیتی لە سەراب ، ڕاستگۆیی لە درۆ ، ئۆرجیناڵ لە کۆپی ، ئازادی وەکو ئاڵۆزترین چەمک هێندە سرکە ، هێندە نوسخەی ساختەو ناڕەسەن و وەهمی وکۆپی زۆرە ، مرۆڤ ناچارە تا ئەمڕۆش وەکو سەراب هەمیشە بە شوێن ساغ کردنەوەیەوەبێت ، چونکە ئازادی چەمکێکی پاک نیە وەکو بەردەوام بیری لێدەکەینەوە ، بەڵکو ماسکێکە بەپێی ویست و بەرژەوەندیەکان قۆناغ و سەردەمەکان ، سیماو تایبەتمەندیەکانی گۆڕانی بەسەردادێت ، ئەگەر لە قۆناغێکدا بانگەشەی ڕزگاربوون بێت ، دەکرێ لە قۆناغێکی تردا ئامرازێک بێت بۆ خۆسەپاندن و سەرکوتکردن ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ناحەقی وتاوان و بەدناویەی بە ناوی چەمکی ئازادیەوە دەکرێ ، هێشتا بە لای هیگڵەوە " ئازادی جەوهەری ڕوحە " . ئەگەرچی سارتر جەخت دەکاتەوە لەوەی مرۆڤ بەبێ پێش مەرجی جەوهەر دەخوڵقێت ، بەڵکو ئەوە خودی خۆیەتی وەستایەتی وچەکوشکاری لە ڕێگەی کردارو بژاردەکانیەوە ، بۆ داتاشین و فۆڕمەڵەکردنی جەوهەرەکەی دەکات ، هەر بۆیە ئازادی بەلای سارتەرەوە ئیمتیاز نیە بەدەستی بێنی ، بەڵکو قەدەرێکە و ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین ، جۆرێکە لە بارگرانی هۆشیاری و بەرپرسیارێتی ، بەرامبەر ئەو مانایەی خۆمان هەڵیدەبژێرین .
زۆرترین شیمانەی لادان و لەباربردنی مانای ئازادی ڕاستەقینە ، ئەوکاتە دەردەکەوێ ، لە گۆڕەپانی فەلسەفەوە سەر هەڵدەگرێ و دەگوازێتەوە نێو گوتاری سیاسی و مێدیایی . لێرەوە ئیتر هێدی هێدی ڕەهەندە ئەخلاقیەکەی لەدەست دەداو ، دەبێت بە ئامرازێکی موونەرمی تەسلیم بوو ، بە دەسەڵاتدارانی سیاسی ، ئەوانیش لە بەرگێکی بەلاغەی زمانەوانی وەردەپێچن ، بە چەندین ڕەنگ و جۆری داتاشراو ، فڕێیدەدەنە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، بۆهەڵخەڵەتاندن و دەست بەسەراگرتن ، تا دەگاتە سەرکوتکردن و ئەتککردنی خودی ئازادی .
مەرج نیە ئەوەی داوای ئازادی دەکات ئازادی خوازبێ ، زۆرن ئەوانەی دەخوازن وەکو ئامڕازێک ، بۆ مەرامی گەیشتن بە داخوازیەکانیان بەکاری بێنن . مەترسیدارترین ئەتک و بوختان دەسەڵاتی سیاسی دەیداتە پاڵ ئازادی ، فۆکۆ پێیوایە دەسەڵاتی سەردەم ، پێویستی بە هەڵچنینی دیواری زیندانەکان و کەلەپچەو زنجیرنیە ، بەقەد ئەوەی گوتارێکی جوان و سەرنجڕاکێشی سۆزدارانەی داڕێژراو ، لەمەڕ ئازادی بخاتە بازاڕەوە ، بەسە بۆ هەڵخەڵەتاندنی عەوام و خۆ سەپاندن ، چونکە زمان بەخێرایی ، بەناو تونێلە تاریکەکانی باوەڕو ماشێنە زەبەلاحەکانی میدیادا ، دەخزێتە نێو هۆشیاری کۆمەڵگاو، بێ سڵەمینەوە ڕێگە بەخۆی دەدات دەستکاری بیروباوەڕی تاکەکان بکا ، لە گەمەیەکی ناشیرینی سیاسی و میدیایدا ، تا باوەڕیان پێ بێنێت ئازادن ، بەڵام لە ڕاستیدا بەبێ ئەوەی زنجیرو کەلەپچە لە دەست و پێیاندابێت ، لە ناو قەفەسێکی گەورەتردا دەستبەسەرن . ئازادی ڕاستهقینه به گوتارو داڕشتنی زمانهوانی و میدیایی بهتهنیا بهرههم نایهت ، بهڵكو پڕۆژهیهكه گرێدراوی ئاستی هۆشیاری بە کۆمەڵەو، له ئاگامهندی و بوێری تاکەکانەوە سهرچاوهی گرتوە ، پێش ئهوهی متمانه بدات بە دەستەوە ، گوتارو دروشمەکان دەخاتە ناو مەنگەنەی گومانەوە و به سۆنەری لۆژیكدا ڕاڤهی عهقڵانیان بۆ دهكات ، هەڵیان دەتەکێنێ و دووبارە بنیاتیان دەنێتەوە .
نیچە پێیوایە " ئازادی بەرپرسیاریەتیە " ، زۆرینەی مرۆڤەکان شانیان لە ژێر، ئەم بەرپرسیاریەتیە ڕاستەقینەیەدا ، پێ ڕاست ناکرێتەوە ، بۆیە هەر زوو لەو بەرپرسیاریەتیە قورس و وجودیە ڕادەکەن ، ئەم ڕاکردنە ئەگەر بەدیوێکدا خۆدزینەوە و هەڵهاتن بێت ، ئەوە بەدیوەکەی تریدا ڕاکردن و گەڕانە بە شوێن کەسێکی تردا ، بۆئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتیە لەسەرشان وملمان هەڵگرێ، لوتف بنوێنێ و فەزایەک لە وەهمی ئازادیمان بۆ بخوڵقێنێت ، لێرەوە بێ دودڵی و خۆبەخشانە ئیرادەی خۆمان تەسلیم بە کۆپیەکی دزێوو ناشیرینی ئازادی دەکەین ، خۆمان لەبارگرانی بەرپرسیارەتی ڕاستەقینە دەشارینەوە ، ئەم ترسە لە بەرپرسیارەتی بەردەوام دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ڕێویەکانی نێو دونیای سیاسەت ، وەک عەرابی ئازادی خۆیان پێشکەش بکەن وسود لە بێدەنگی و گەمژەیی زۆرینەی ناو کۆمەڵگە وەربگرن .
لە کۆتایدا ، گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو ، پڕۆژەیەکی ئامادەیە بۆ قوربانیدان ، لە پێناو ئازادیدا زۆرترین قوربانی بە سەخاوەتەوە بەخشیوە ، هەرگیز بەغیلی نەکردوە لە پێشکەشکردنی باشترینەکانی ، بەڵام دوای ئەم هەموو قوربانیە هێشتا بەتاسەوە عەوداڵی ئازادی ڕاستەقینەیە ، ئەمەش ئاماژەی سیخناخی دونیای سیاسی ئێمەیە ، بە جەڵەبێک ڕێوی سیاسی ساختەچی خاوەن ئەزموون ، بێشەرمی ئەم دەستەبژێرە سیاسیە ، بە جۆرێک چاوەڕوی لێ هەڵماڵیون ، زات بکەن ماف بەخۆیان بدەن ، دەست بەرن بۆ تاڵانکردنی نەک تەنها ئێستا و ڕابردوو ، بەڵکو خەونی ئایندەو چارەنوسی نەوەی داهاتوومان . لێرەوە ئیتر ئازادی لە دەرەوە بەدەست نایەت ، بەڵکو لە ناوەوە بەرهەم دەهێنرێ ، لە ئازایەتی و هۆشیاری تاک ، بۆ جیاکردنەوەی دەنگی ڕاستگۆیانە ، لە هات وهاوارو زوڕنای چەقەڵ و ڕێویەکان . ئازادی بە ژمارەی قفڵە شکاوەکان و زنجیرە پساوەکانی دەست و پی ناپێورێ ، بەڵکو بە هەڵکشانی هۆشیاری و بێداربونەوەی هۆشی کۆیلەی ناو قەفەسەکان بەدی دێت ، ڕێویەکان زۆرن لە وڵاتی ئێمەدا ، بەردەوام وەک ڕزگارکەر، دەهۆڵ بەناوی پارێزەری ئازادی و دادپەروەری دەکوتن ، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا ئازادی ڕاستەقینەو شکاندنی قەفەسەکان لە وڵاتی ئێمەدا ، تەنها نمایشێکی کارتۆنیە .
AM:11:01:18/10/2025
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی