ديداری (سێبەر)و(قەیسەر)

‌حسێن مەحموود

دیداری 15ی ئۆکتۆبەر لەنێوان (ئەحمەدشەرع) سەرۆکی سوریاو (فلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕوسیا لەکۆشکی کرملن دەکرێ بەدیداری سێبەرو قەیسەر ناوزەدی بکەین، دەستەواژەی سێبەربۆ (شرع) گوزارشتە بۆ کارەکتەرێکی لاوازکەپێشتر لەئەشکەوت وسێبەردا ژیاوەولەیارییەکی دراماتیکیدا کراوەتە سەرۆکی وڵاتێک وبەقات وبۆینباخەوە بەساڵۆنەکانی سیاسەتدا دێت ودەچێ. قەیسەریش هێمایە بۆ هێزو دەسەڵات وجەمسەرێکی نێودەوڵەتی، کەڕوسیایە.زۆرجار
لەسیاسەت و جیۆلۆجیادا بومەلەرزەی گەورە لەڕوکاری سەرەوەدا ڕونادات، بەڵکو لەقوڵایی وژێرەوەدا ڕودەدات و هێزو ڕوخساری تازە دەردەکەون. ئەم دیدارە دەکرێ بە  بومەلەرزەیەکی سیاسی نوێ بشوبهێنین،کەنیشانەو ئاماژەی قۆناغێکی نوێیە لە ململانێکانی سوریادا.

(شەرع) لەسێبەرەوە بۆ ڕوناکی ساڵۆنەکان

ساڵانێکی زۆر ئەحمەد شەرع لەناو سێبەرو پەنهاندا هەڵگری گوتاری تونڕەوی بوو کەچی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیادا کۆدەبێتەوە، ئەو ڕوسیایەی پشتیوانی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکرد، کاتێ شەرع لەدژی ئەسەد وەستابۆوە،لێرەوە بەخەتی گەورە ئەوەڕون دەبێتەوە کەوڵاتە زلهێزەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان ناسنامە دیاری دەکەن.بۆیە ئاساییە جیهادیستێکی پێشوو ئێستا سەرۆکی وڵاتێک بێت.

پڕاگماتیزمی مۆسکۆ

مۆسکۆ بڕوای بەدوژمنی هەمیشەیی نییە،بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەیی، دانیشتنی لەگەڵ شەرع کەپێشتر بەتیرۆریست ناوی دەبرد،کارێکی پڕاگماتیانەی ساردە، بەڵام لەمیانی ئەو کۆبونەوەیە، دەیەوێ بە وڵاتانی خۆرئاوا بڵێ ئێمە هەندێ کلیلمان هەیە ئێوە نیتانەو دەتوانین بکەرە سیاسیەکان دیاری بکەین،لێرەوە چەمکی تیرۆرلەپێدراوێکی ئەخلاقییەوە دەگۆڕدرێ بۆ ئامرازێکی سیاسی ،لەهێڵی سورەوە بۆ کارتی گفتوگۆ

دیدارەکە وەک ساتەوەختێکی نوێ

لەڕاستیدا دیدارەکە کورتنابێتەوە بۆتاکەکەسێک، بەڵکو چڕدەبێتەوە بۆ سروشتی سیاسەت و ململانێکان،لەململانێی ئایدۆلۆجییەوە بۆململانێ لەسەر نەخشەوبەرژەوەندییەکان، ئەوە شەرع نییە گۆڕاوە ،بەڵکو شانۆی چواردەوری گۆڕاوە،گەمەکەرە سیاسیییە گەورەکان چیدی بەدوای ئەوەدا ناگەڕێن کێ لەسەر هەقە؟ بگرە بۆ ئەوە لەهەوڵدان کێ بەکاربێنن و کێی تر تەوزیف بکەن.

شڵەژانی تورکیا

تورکیا وایدەبینێ کەباکوری سوریا شوێن نفوزی ئەوەو بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکات کەلە(ئدلب ) وهەندێ ناوچەی دەوروبەری ماون، ڕوسیا دەیەوێ پەراوێزی مناوەرە بۆ تورکیا نەهێڵێ و هەندێ خواست بەسەر تورکیادا بسەپێنێ ووەک کارتی فشار بەکاریبێنێ لەپرسی گازو ئۆکرانیا.

سیاسەتی پۆست مۆڕاڵ

ئەم دیدارە دەکرێ وەک قۆناغی پۆست مۆڕاڵ لێکبدرێتەوە، چونکە چەمکەکان بەپێی هێز پێناسەدەکرێنەوە نەک وەک بنەما ئەخلاقییەکان،تیرۆریستی دوێنێ،سیاسی ئەمڕۆیە، دوژمنی دوێنێ دەبێتە هاوبەشی ئەمڕۆ، ئێستا مێژووبەئاقارێکدا ئاراستە دەکرێ بێ تەم و مژ زۆرشت دەردەکەون، نەک لەسەرئاستی تاکەکەسی، بەڵکو ئەوە تەواو ڕونە کە جیهان بەرەو پڕاگماتیزمی بێ دەمامک هەنگاو دەهاوێ کەلەژورە داخراوەکاندا نەخشەی بۆ دادەنرێ.


PM:07:38:17/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی