موعجیزە، یان گرفتێکی گەورە لە گوتارى ئەخلاقیدا؟
مەریوان وریا قانع
دەربارەی حەماس و هەوادارە ئایدیۆلۆژییەکانی
دوای دوو ساڵ، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس،چەند رۆژێکە راوەستاوە، لانیکەم تا ئەم ساتە. ئیسرائیل کە لەسەرەتای جەنگەوە سێ ئامانجی سەرەکیی بۆ شەڕەکە دەستنیشانکرد، هەرسێکیانی تا رادەیەک وەدیهێناوە. یەکەم، بەشی زۆری هێزە سەربازییەکەی حەماسی وێرانکردوە. دووهەم، کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمرانیی حەماس لە غەزەدا هێناوە. سێهەمیان، حەماسی ناچارکردن بە بارمتەگیراوەکان ئازادبکات و بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان. هاوکات ئیسرائیل غەزەشی بەشێوەیەک وێرانکردوە کە زۆر دوورە، گەر مەحاڵ نەبێت، بتوانێت جارێکی تر شوێنی مەترسیی و هەڕەشە بێت بۆ ئاسایشی ئیسرائیل. ئیسرائیلی دوای ٧ ئۆکتۆبەری دوو ساڵ لەمەوپێس، دەیانجار لە ئیسرائیلی پێش ٧ ئۆکتۆبەر بەهێزترە. لەدوای دوو ساڵ لەم جەنگەوە، ئیسرائیل بووە بە هێزی ژمارە یەک و خاوەن هەیمەنەی تەواو، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیسرائیل لە بەدیهێنانی یەک ئامانجدا سەرکەوتو نەبوو، ئامانجێک کە بە ئاشکرا و راستەوخۆ باسی نەکردوە، ئەویش چۆڵکردنی غەزە و دەرکردنی فەلەستینیەکان و گواستنەوەیان بوو بۆ سینا لە میسر، یان بۆ ئەردەن. سەرنەکەوتنیشی لەمەدا پەیوەندیی بە حەماسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە هەڵوێستی زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتە ئەوروپییەکانەوە، هەیە. هاوکات ئیسرائیل حەماسی ناچارکردوە ئیمزا لەسەر دانانی چەک و دوورکەوتنەوەی لە حوکمرانیکردنی غەزە، بکات. ئەمەش یەکسانە بە تەسیمبوونی تەواوەتی حەماس بە خواست و داواکارییەکانی ئیسرائیل. دەڵێم سەرەڕای ئەم راستییە سادانە کەچی ژمارەیەکی زۆر لە ئیسرائیلییەکان باس لەوەدەکەن کە ئیسرائیل لە جەنگەکەەدا سەرکەوتوو نەبووە.
هەرچی حەماسە، ژمارەیەکی گەورە لە جەنگاوەرەکانی کوژراون، بەشێکی گەورەی چەک و تفاقە جەنگییەکانی لەناوبراون، ئێستا دەگوترێت تەنها ١٠% رۆکێتەکانی ماوە، بڕێکی زۆر لە نەفەقەکانیش وێران کران. بەشەکی گەورەی سەرکردیاتییەکەیان کوژران. نینۆک و پەنجەی دۆستە ئیقلیمییەکانی حەماس و سەرچاوەکانی هاریکاریکردنی، بڕان. ناکۆکیەکانی لەگەڵ دەسەڵتی فەرمی فەلەستین لە رامەڵادا، گەورەتر و قورستر بوون. پەیوەندیشی بە بەشێک لە خەڵکی غەزەوە تەواو تێکچووە و لە رۆژای رابردوودا جەندان کەسیان لەیەکتری کوشت. هاوکات متمانەی بەشێکی گەورەی خەڵکی غەزەشی بەتەواوی لەدەستداوە و خەڵکەکە حەماس بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کارەساتە گەورەکانی دۆخی ئەمڕۆی غەزە، دەزانن. لە هەموو جیهانیشدا وڵئتێک نییە بەرگریی لە حەماس بکات و پێیوابێت دەبێت لەدوای وەستانی جەنگەکەوە رۆڵی لە ژیانی خەڵکی فەلەستیندا بە گشتیی و خەڵکی غەزەدا بەتایبەتی، هەبێت. کەچی هەم خۆی و هەم هەوادارەکانی تەپڵی سەرکەوتن و ئەنجامدانی موعجیزە لێدەدەن.
غەزە خۆیشی، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە سەرزەمینی حوکمڕانیی و دەسەلاتی حەماس بوو، بەتەواوی وێرانکراوە. بەپێی هەندێک ژمارە ٩٠% ناوچەکە وێرانبووە و زۆربەی شار و گوندەکانی داری بەسەر پردوویەوە نەماوە. ئەو ژمارە گەورەیەش لە خەڵکی غەزە، کە ئیسرائیل وەک بەشێک لە خواستی جینۆسایدکردنی فەلەستینییەکان کوشتونی، لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ هەزار کەسە و دوای لابردنی خاشاکی شوێنە روخاوەکان ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر دەکات. ئەمە جگە لە برینداربوون و کەمئەندامبوونی زیاد لە دووسەد هەزار کەس کە بەشێکی گەورەیان منداڵ و گەنجانی غەزەن. هەر لەسەرەتاشەوە حەماس خەمی ئەم ژمارە گەورەیە لە کوژراو و بریندار و کەمئەندام کراوی نەبووە و نییە، چونکە پێیوایە ئەمانە لە پێناوی خودا وایانلێهاتوە و کوژراوەکانیش لە شوێنی کوشتنەکەیانەوە، راستەوخۆ و بە بلیتێکی یەکسەرە بۆ بەھەشت، دەنێردرێن.
لەراستیدا، ئەم جەنگە ئەگەر تاکە یەک دۆڕاوێکی گەورە و سەرەکیی هەبێت، ئەو دۆڕاوە حەماسە. کەچی ئەوەی مایەی گریان و پێکەنینە ئەم هێزە و هەوادارەکانیەتی لەیەککاتدا باس لە «سەرکەوتن» و ئەنجامدانی «موعجیزە»، دەکەن. هەندێکیان ئەم «سەرکەوتن»ە بە ناجاربوونی ئیسرائیلەوە «بە دانوسان» لەگەڵ حەماسدا، ناودەبەن، لەکاتێکدا ئەوەی ئیسرائیل لەگەڵ حەماسدا ئەنجامی ئەدات نەک دانووسان نییە، بەڵکو ناچارکردنی حەماسە ئیمزا لەسەر تەسلیمبوونی خۆی بکات، چەک دابنێت و دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەش هیچ پەیوەندییەکی بە چۆنیەتی حوکمڕانییکردنی غەزەوە نەمێنێت. ئەم گوتاری سەرکەوتن و موعجیزەکارییە، دێت بۆ ئەوەی ئەم تەسلیمبوونە هەمەلایەنە بشارێتەوە. هەوڵدانێکی ئایدیۆلۆژیانەیە بۆ بەرگریکردن لە شەرعیەتی مانەوەی هێزێک کە یارییەکەی تەواو ناشیرین و نائینسانییانەی بەژیانی سەدان هەزار مرۆڤەوە کردوە و بەشداربووە لە گۆڕێنی نیشتیمانی زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤدا، بۆ کەلاوەیەکی خاپورکراو.
ئەم گوتاری سەرکەوتنە پێنانێکی تەواو بێڕێزانەیە بەسەر مەرگ و گۆڕ و برینی ملیۆنان مرۆڤی ناو غەزەدا، وەکچۆن پێنانیشە بەسەر ژیانی ملیۆنەها زیندودا کە لە خراپتترین دۆخی سەر هەسارەکەدا، دەژین. هەموو ئەمەش لەپێناوی سەرخستنی گوتارێکی سیاسیدا، کە جەنگی فەلەستینییەکانی لە «جەنگی رزگاریی نیئتیمانیی»ەوە، گۆڕیوە بۆ جەنگی دوو دین و دوو خودا لەگەڵیەکتریدا، بۆ گوتاری تۆڵەکردنەوەی دینێک لە دینێکی تر و خودایەک لە خودایەکی دیکە. بە دیوە ئیسرائیلیەکەیشدا هەمانشت هەر راستە، هێزە دینییە ڕاسترەو و کۆنەپارێزەکانی ئیسرائیلیش، هەمان مانای دینیی بە داگیرکردنی خاکی فەلەستینیەکان دەبەخش و بەناوی خوداکەیانەوە ماڵی فەلەستینییەکان داگیردەکەن و خودی فەلەستینییەکانیش، دەکوژن.
سەرکەوتن ئەوە نییە و بەوەنابێت زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤ بەبێ هیچ توانایەکی بەرگریکردن، بۆ دڕندەترین تەکنۆلۆژیای کوشتن حکومەتێکی راستڕەوی جینۆسایدکار، بەجێبهێڵیت و دەیان هەزاریان بەکوشت بدەیت. راستە حکومەتی ئیسرائیل تاوانباری ژمارە یەکی سەرجەمی رووداوەکانە و ئەوەیشی روویداوە جینۆسایدە و حکومەتە راسترەوە دینییەکەی ئیسرائیل ئەنجامیداوە، بەڵام ئەوەی بەهانەیەکی هەرزان و گەمژانەی بە ئیسرائیل بەخشیی بۆ ئەنجامدانی ئەو هەموو تاوانە، حەماس بوو. ئەوەی لە ڕق و بوغز و توانای تۆڵەکردنەوەی دوژمنەکەی نەگەیشتبوو، هەر حەماس بوو.
ئەوانەی ئێستا لە غەزەدا دڵیان بە ئاگربەست و کۆتایی شەڕەکە خۆشە، نەک باسی سەرکەوتن ناکەن، بەڵکو باوەریان بە خورافەتێکی لەو جۆرە هەر نییە. ئەوان لەباتی سەرکەوتن باسی وێرانبوونی ژیانی خۆیان و ژیانی منداڵ و نەوەکانی داهاتوویان دەکەن، باسی لەدەستدانی ماڵ و کۆلان و گەرەک و شارەکانیان دەکەن، باسی سڕینەوە و مەحفبوونی یاداوەرییەکانیان دەکەن، باس لە مەرگی هاورێ و ناسراو و دۆستەکانیان، دەکەن. ئەوانە گەر لە ئێستادا دڵیان خۆشبێت، دڵیان بە کۆتاییهاتنی یەکێک لە کابوسە هەرە گەورەکانی سەدەی بیست و یەکەم خۆشە، کابوسی دوو ساڵی رەبەقی کوشتن و وێرانکردنێکی کەم وێنە، کابوسی جینۆساید، نەک درۆ و خورافەتی سەرکەوتن.
دوای دوو ساڵ جەنگ، ئەوانەی ماونەتەوە بە ڕێکەوت ماونەتەوە، بەخت یاوەریان بووە بە سەلامەتی لەم کابوسە بێنەدەر. بەڵام کە باس لە سەلامەتی دەکەم، تەنها باس لە سەلامەتی جەستەیی، دەکەم. بەڵام ناخی زۆرینەی ئەوانە و دەرونیان پڕە لە سەدەها حیکایەتی کارەساتاوی و لە تراوما و ئازاری دەرونیی هەمەجۆر، کە رۆژگارێکی درێژ لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە و وەک ژەهر ژیانیان بە بەردەوامی تاڵ دەکات.
ئەوەی لە ئێستادا پێویستە ڕووبدات، درۆکردن نییە بەناوی سەرکەوتنەوە، بەڵکو دیدگایەکی رەخنەیی و عەقڵانیی و ئینسانییە بۆ سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی خود خۆی، بۆ هەڵسەنگاندنەوەیەیکی عەقڵانی رەخنەگرانەی ئەو بڕیار و هەڵسوکەوت و روانین و دونیابینییەی بەشدارە لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا. بەداخەوە ئەم گوتاری سەرکەوتن و خولقاندنی موعجیزەیە، رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم دروستبوونی ئەو گوتارە رەخنەییەدا. رێ لە پێداچونەوە و خۆپشکنینێکی رەخنەگرانەی خود دەگرێت و ڕێگریشە لەبەردەم لەخۆپرسینەوەیەکی ئەخلاقیی و سیاسیی و ئینسانیدا، کە ڕێ لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەوجۆرە بگرێت.
PM:11:25:16/10/2025
ئهم بابهته 996
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی