زووە بۆ ئاهەنگگێڕان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

ئەم وێنانەی ئەمڕۆ  بەرەبەیانی 9ی ئۆکتبەری 2025 لە شەرم ئەلشێخ دەرچون و  ئەم زەردەخەنانەی ددانی سپییان پێک نیشاندەدا، کۆتایی یارییەکە و بڕانەوەی ئازارەکان نییە و دوو دڵی تورکیایش ئاشکرایە و ئێرانیش لە بێدەنگی مێدیایەکەیدا دەزانێت لەودیو ئیمزاکانەوە چی هەیە.

 ڕێککەوتنەکە باسی چیرۆکێکە کە هەموو ئەوانەی دەیبیستن تامەزرۆی ئەوەن  باوەڕی پێ بکەن،  باوەڕبکەن کە زەمینەی ئاشتی تەواوەتی پێگەیشتوە.  بەڵام لە ژێر ئیمزاو دەستگوشین و زەردەخەنەی سینەمایی سیاسییەکاندا لۆژیکێکی زۆر دڕندانەتر لە پێشوو هەیە. دۆکترینی ئاساشی ئیسرائیل هەرگیز ناتوانێت بە سادەیی واز لە شەڕێک بهێنێت کە  لەزۆرلایەنی ژیانییەوە کاری پێیەتی.  بارمتەکان دژی مەکینەی جەنگی ئیسڕائیل وەک قەڵغان و وەک هێزی وروژاندنیش بەکاردەهێنرێن.

دیپلۆماتکارەکانیش کە نوێنەرایەتی حکومەتەکانیان دەکەن، خواستیان بێ یان نا سیناریۆیی پەردەی دووەمی یارییەکە دەنوسنەوە که پاڵەوانەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ دەبن، ئەوان دوو لەو کەسانەن کە جگە لە گەلی حۆیان بۆکەس شایەنی باوەڕپێکردن نین.

 دوکتورینی ستراتیژی ململانێی هەمیشەیی 

 دوکتۆرینی سەربازی ئیسرائیل، بەتایبەتی لە دوایی ساڵی 2006 لە لوبنان و ئۆپەراسیۆنەکانی دواتری لە غەززە، جەنگ وەک پرۆسەیەکی هەمیشەیی فشار، تێکدان و دروستکردنەوە دەبینێت. دەشێت بەشێوەی کاتی جەنگ بوەستێت، بەڵام وەستانی تەواو وەک لاوازی ستراتیژی هەست پێدەکرێت. 

 دوکتۆرینی داهیا ( ئەم دوکتورینە لەلایەن گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی گشتی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلەوە ئاشکرا کرا،  گابی سیبۆنی عەقیدێکی ئیسرائیلی نووسیویەتی کە بەگوێرەی عەقیدەکە  "پێویستە ئیسڕائیل بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی مەدەنی بکاتە ئامانج کە پشتگیری لە ڕێکخراوەکە دەکەن) بە پتەوی لە بیرکردنەوەی ئیسرائیلدا ڕەگی داکوتاوە. 

چەند جارێک ئاماژەم پێداوە  کە ئیسرائیل خواستییەتی بە شێوەیەکی تاکتیکی مامەڵە لەگەڵ ئاگربەستەکاندا بکات، هێزەکانی دەوەستێنێ چەند هەنگاوێک دێتە دواوە. دواتر بە ئامادەیی و تەدابیری نوێوە دەست پێدەکاتەوە.

لەکاتی خۆیدا قسەم لەسەر ڕێککەوتنەکان کردووە بۆ نموونە ئاگربەستەکانی 2012، 2014،  کە  بەدوایاندا شەڕ دەستیپێکردەوە کاتێک ئیسرائیل پێیوابوو زەمینەی ڕەخساندووەو دەتوانێت ئەنجامێک بەدەست بێنێت.

دەستبژێری ئەمنیی ئیسرائیل غەززە تەنیا  وەک گۆڕەپانی شەڕ نابینن کە دەبێت تێدا سەربکەون و حەماسی تیادا لەناوبچێت،  بەڵکو وەک ناوچەیەک دەیبینن کە دەبێت بەگوێرەی دیزاینی نەتەوەیی و ئاینی ئیسڕائیل هەڵتەکێندرێت و لەشوێنی ئەو شتێکی جیاوازی کۆنتڕۆڵکراو بەڕێوەببرێت. 

لەناوبردن

 ئیسرائیل بە چاندنی ترس لە ڕێگەی وێرانکارییەوە، خواستی سەپاندنی زۆرەملێیانە دەچەسپێنێت.  قەبارەی زیانەکانی غەززە، کۆمەڵکوژی، ژێرخانی وێران، ئاوارەیی خۆی بەشێکە لە پەیامەکە کە بریتییەلە  تەسلیم بوون یان ڕووبەڕووی خراپتر ببنەوە.
 ئەم لۆژیکە بەو مانایەیە ڕێککەوتنی ئەمڕۆی مسڕ هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی لەگەڵدایە: "ڕەنگە دەست پێبکەنەوە." 

 فشاری ناوخۆیی و سیاسی 
حکومەتی نەتانیاهۆ لە ژێر فشارێکی بێئەندازەدایە، لە خێزانی بارمتەکانەوە بگرە تا خەڵکێکی ماندووی بەر ڕاکەڕاکەی ژێر سێبەری موشەکی حوسییەکان، نەخاسمە جەنگی 12 ڕۆژە. ئازادکردنی بارمتەکان (تەنانەت بە شێوەیەکی ناتەواویش) ئارامیی سیاسی بۆ ئیسڕائیلییەکان دێنێ، لە هەمان کاتدا دەرفەتی ڕێکخستنەوەی سەربازیش دەدات.

بۆیە ڕاگەیاندنی ئاشتییەکی یەکلاکەرەوە لە ئێستادا مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە ڕەنجی ئیسڕائیل بەقەدەرخۆی بەرهەمی نەبێت و گرفت بۆ متمانەی سەربازیشیان دروست بکات. 

بۆ ئیسڕائیل هێجگار گرنگە، ڕێگری لە پڕۆکسییەکانی بەرەی بەرگری ئێران بکات، ئەگەر بەهەر نرخێک و قەبارەیەک وادەربکەوێت کە غەززە مایەوە، بێشک دبێتە نمونەی باڵای بەرخۆدانێک کە ئیسڕائیل نەک پێی لەناونەچوو بەڵکو خۆی پێ لە جیهان دابڕی.
لەم سۆنگەیەوە خواستی قوڵی ئیسرائیل ئاشتیخوازانە نییە،  بەڵکو یارییەکی کاتیی و تاکتیکییە.

ئاشتی و  ئامرازێکی سیاسی

گوتمان خێزانی بارمتەکراوەکان لە ئیسرائیل ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و فشارێکی ئەخلاقی زۆریان خستۆتە سەر حکومەت. مەبەستدارانە دووپاتی دەکەمەوە کە  ئازادکردنێکی سنووردار و تەنانەت ڕەمزیش  هەڵچوونی ناڕەزایەتی جەماوەری کەم دەکاتەوە، ئەگەر کاتیش بێت ناتانیاهۆیش وەک "ڕزگارکەرێک" دەناسێنێت و سەرنجیش لەسەر جەنگەکە سوک دەکات.

 ئیسرائیل و حەماس و نێوەندگیرەکان بڕیار دەدەن کە کام لە بارمتەکان  یەکەمجار ئازاد دەکرێن (ئەوانەی زیندوون  و پلەی دنیاییان زیاترە) بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەری وروژانی سیاسییان هەبێت، لە هەمان کاتدا ئەوانی دیکەی بە هەڵپەسێردراوی بەجێدەهێڵن، ئەمەش ئەگەر هەموویان پێکەوە ئازاد نەبن.

 ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا 20 بارمتەی زیندوو ئازاد بکرێن. 

 هاوکات بزووتنەوەی حەماس بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەبێت هەوڵ بدات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتە کوژراوەکان کە لەژێر داروپەردوویەکاندان. 

 شەرعییەت وسپیکردنەوەی جەنگ

 تەواوی وێرانکاری و ئازارەکان لە بەرگێکی ڕازاوەی دیپلۆماسیدا بە هەموومان نیشاندەدەن. لەسەری نوسراوە  "ئاگربەست"، "نان و هاوکاری و مافی مرۆیی"، "ڕۆڵ وگرەنتی دەوڵەتان، ڕۆڵی سەرۆک ترەمپ و لەوانەیە خاڵی بەدەست هێنانی نۆبڵی ئاشتیشی بۆ زیاد بکات" - ئیسرائیلیش دەشێت خۆی نەک وەک بکوژ بەڵکو وەک ئاشتیخوازێکی دوودڵ نیشان بدات کە ناچارە دانبەخۆیدا بگرێت.  پاشانیش، هەر گۆڕانێک بە ئاڕاستەی هێرشی سەربازی بەپێویستی پاراستنی ئاشتی 9ی ئۆکتۆبەری شەرم ئەلشێخ لەقەڵەم بدات.

 بەپێی ئاگربەستەکە، هێزەکانی ئیسرائیل دەتوانن زانیاری هەواڵگری بەدەست بێننەوە و تەدابیری سەربازی و ئاسایشیان هەبێت و غەززەیش بەدابەشبووی دەمێنێتەوە و ژێرخانە وێران بووەکەیشی بونیاد نانرێتەوە و حەماسیش بە ئاسانی خۆی ناگرێتەوە، لێ ئیسڕائیلیش تا ئێستە نەیتوانیوە لەعەرەب بەیەکجاری دایماڵێت.
 
ڕۆڵی دەوڵەتان 
قەتەر چەندین ساڵە وەک پاڵپشتی گەورەی حەماس مامەڵەی کردووە، میوانداریی سەرکردایەتییەکەی کردووە و یارمەتی دارایی دەدات و بەناوی ئەوەوە دانوستانیش دەکات. بۆیە زەبرەمەبەستدارەکەی ئیسڕائیل بۆ دەوحە زیاتر لەحەماس بۆ قەتەر بوو.

لەم ڕێککەوتنەیشدا قەتەر گەرەنتیکار و نێوەندگیری سەرەکییە و لە  ئاستی باڵادا لە شەرم شێخ ئامادە بوون. 

 تەنانەت میدیا عەرەبییەکان وێنەی سەرۆک وەزیرانی قەتەریان بڵاوکردەوە کە دەستی لەناو دەستی دانوستانکارێکی سەربازی ئیسرائیلدایە و تەوقە دەکات. 

لەبەر ئەوەی قەتەر وەک "متمانەپێکراو" لەلایەن حەماسەوە پشتی پێدەبەسترێت، دەشێت  بانگەشەی ئەوەیش بکات کە حەماس لە داڕمانی تەواوەتی بپارێزێت.

میسر میوانداری و ناوبژیوانی ڕووداوە گرنگەکەیە. دەسەڵاتی بەسەر سنووری باشووری غەززە (ڕەفەح) دا هەیە کە درگەی هەر هەوڵێکی ئاوەدانکردنەوە یان ڕێڕەوێکی مرۆییە. 

لە دووساڵی جەنگەکەدا مسڕ شکستی بە سەرکەتنی گەورەی ئیسڕائیل هێناوە کە درگە نەکردنەوە بووە بۆ کۆچی بەکۆمەڵی غەززەییەکان و ئەمەیش فاکتەرە سەرەکییەکەی مانەوەی عەرەب و موسوڵمانان بووە لەسەر خاکی غەزرە و گرفتەگەورەکەی ئیسڕائیلیشە لە بەئەنجام نەگەیشتنی یەکجاری.

 جگە لە ئامانجە فەڵەستینییەکەی میسر ترسیشی هەیە لە هاتنی زۆری پەنابەرانی فەلەستینی.

 تورکیا ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە و بە ئاشکرا لایەنگری دۆزی فەلەستین بووە.  بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنەکەدا شەرعیەتێکی زیاتر بە قورسایی ئاگربەستەکە  لە سەر ئاستی میللەتانی موسڵمانان دەبەخشێت. 

 تورکیا بە ئاشکرا ستایشی ڕێککەوتنەکە دەکات، بەڵێن دەدات چاودێری جێبەجێکردنی بکات.  دەوترێت بەرپرسی هەواڵگری ئەو وڵاتە دەستی لە نێوەندگیریەکەدا هەبووە.  بەڵام ڕۆڵی تورکیا مەبەستدارانەی تاکتیکیشە، داوای دووبارە دروستکردنەوەی غەزرە دەکات و پشتیوانی ئاوەدانکردنەوەکەیشی دەکات، بەڵێنی هاوکاری مرۆیی، چاکسازی سیاسی لە غەززە دەدات  تا ئیدارەکە لەدەستی غەززەییەکاندا بمێنێتەوە.

سەبارەت بە ئێران ئەوا، حەماس لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و ماددییەوە لەگەڵ ئێراندا هاوبەشە،  پشتیوانی تاران (چەک، ڕاهێنان، پشتگیری ئایدیۆلۆژی) تەنانەت لە ژێر بۆردومانیشدا خۆڕاگری بە حەماس بەخشیوە. 

 بەم شێوەیە بوونی ئێران و مانەوەی دوای جەنگی دوانزە ڕۆژەو ڕیتۆریکی بەرخۆدانەکەی  دڵنیای دەدات لە مانەوەی بیرکردنەوەی "میحوەری بەرخۆدان"، و حەماس لە تەسلیمبوونی تەواوی دەپارێزێت.

 ترەمپ داوای شانازی دەکات و مەبەستییەتی بڵێت ئێمە ئیسرائیل و حەماسمان ناچار کرد ڕێکبکەون. 

ئەگەر شەڕیش دەستپێبکاتەوە، ناتانیاهۆ دەتوانێت بڵێت بەرگریکردنە لەو ڕێککەوتنەی سەرۆک ترەمپ ڕەنجی بۆدا.


PM:06:31:09/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 1560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی