ئیسرائیل و ئێران لە شەڕێکی بەردەوامدا!
عوسمان حاجی مارف
ئەو هێرشەی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج، پێشینەیەکی مەترسیدار و سەرپێچیەکی مەترسیداری خستە بەرچاو، ناتانیاهو دەڵێت هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگربێت لەوەی ئیسرائیل لە دوژمنەکانی بدات. ئەمەش هەموو ئەو هەوڵانە دەبەزێنێت کە دراون بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و ڕێگەدان بە چونەژورەوەی یارمەتیەکان بۆ ڕزگارکردنی منداڵان و ژنان لە شەڕی برسیکردن، کە دیمەنەکانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی لە تەواوی کیشوەرەکاندا تووشی شۆک کردووە.
ئیسرائیل تائێستا نەیتوانیوە بارمتەکان لە ژێردەستی حەماس دەربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نەک نایەوێت و ناتوانێت وێنەی خۆی بگۆڕێت، بەڵکو تادێت نامرۆڤانەتر و ناشرینتر و دوژمنکارانەتر مامەڵەی خەڵکی بێتاوان و مناڵانی غەززە دەکات، لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا وێنایەکی تەواو قێزەوەنی خۆی ناساندووە و نیشانداوە.
ئەوەی شایانی باسە و ئاشکرایە پێناچێت ئیسرائیل لە ئەنجامی شەڕی ئەم دواییەی بەرامبەر ئێران ڕازی بێت، تا ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئێران وەک هەڕەشە و مەترسیەک بەرامبەر بەخۆی پێناسە دەکاتەوە، بۆیە بە هەموو ئاراستەکان و لە هەموو ئاستەکاندا هەوڵئەدات و هەنگاو بنێت بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە و ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێران بە یانەی دەوڵەتە ئەتۆمیەکانەوە. ئیسرائیل هەوڵئەدات شوێنی ئێران لە باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا بگرێتەوە و قسەی کۆتایی لە ناوچەکەدا تەنها قسەی خۆێ بێت! کۆتایی بە هەر دەورێکی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.
بەڵام ئایا ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی نوێ لە دژی ئێران ئەنجام بدات؟ ئایا ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ شوێن تەواوی ئامانجەکانی نەتانیاهۆ دەکەوێت؟ ئایا ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئاگاداری مەترسیەکانی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکان نییە؟ لەکاتێکدا دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە وێرانکاری و تێکدان و شەڕی قڕکردن، نەتانیاهۆ نەیتوانیوە بگات بەو ئامانجەی ئاڵای سپی بە حەماس هەڵبکات.
ئێستا لەکاتێکدا کە ئیسرائیل لەنێو هێرشە پەرشوبڵاوەکانی بۆ سەر غەززەدا نوقم بووە، ئایا دەتوانێت هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە؟، سەرەڕای ئەوەی درێژترین شەڕی لە مێژووی خۆیدا دژی غەززە ئەنجامداوە و دەستە تاوانکاریەکەی بۆ سەر دانیشتوانی لوبنان، سوریا، ئێران و یەمەن درێژ بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیارمەتی و پشتیوانی ئەمریکاش نەیتوانیوە بەرهەمی شەڕەنگێزیەکەی بچنێتەوە و لە باری عەمەلیەوە کۆتاییەک بۆ ئەم هێرشانە دیاری بکات و ئارامی بۆ ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، جگە لەوەی بۆ پێداگری لەسەر کۆتایی بە حەماس هەرچی لەدەست بێت دەیکات، گەر تەواوی دانیشتوانی فەلەستینیش ببنە قوربانی.
ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو ڕێگایەکی مومکینیان گرتۆتەبەر بۆ زیانگەیاندن بە ئێران و لاوازکردنی، لەم دواییانەدا تێبینیمان کرد کە چۆن باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بووەتە شوێنی مەبەست و شوێنێکی پەسەندکراو بۆ دانوستانەکان کە هەموویان خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن و دژایەتی ئێران و هاوپەیمانەکانین. ئازەربایجان بووەتە شوێنێکی پەسەندکراو بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئاستی ستراتیژی و هەواڵگری و دیپلۆماسی، پڕۆژە نوێیەکانی کۆریدۆر و ڕێگاوبان کە ئیدارەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، ئامانجی دوور مەودایان هەیە، نەک هەر هەوڵی لاوازکردنی ئێرانن بەڵکو کار دەکەن لەسەر پوچەڵکردنەوەی سەرهەڵدانی ئەو بلۆکانەی ئێرانیان خستۆتە ناو بازنەی خۆیانەوە، کە مەبەست لە روسیا و چینە.
کاری ئەمریکا لەسەر ڕێڕەوی زەنگێزور* لە خاکی ئەرمەنستان بەردەوامە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێرانە لەگەڵ ڕووسیادا لەڕێگەی ئەرمینیاوە. کارێکی چڕوپڕ بۆ چالاککردنی ڕێڕەوی ٥٠ کیلۆمەتری لە پارێزگای سونیانی ئەرمەنستان بەردەوامە. ئەوەی جێگای سەرنجە، نێردەی ئەمریکا لە سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، باس لە بەکرێدانی کۆریدۆرەکە دەکەن کە بۆ ماوەی ٩٩ ساڵە. ڕێڕەوی زەنگێزور بەدیلێکە بۆ ڕێڕەوی ئاراس کە پێشبینی دەکرێت خاکی ئازەربایجان لەڕێگەی خاکی ئێرانەوە بە ناوچەی نەخچیڤانەوە ببەستێتەوە، ترەمپ سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی ڕێڕەوی ئاراس بە سەرپەرشتیکردنی ڕێکەوتنێکی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەمریکا بەم کارە هەوڵدەدات خۆی لە باشووری قەفقازدا جێگیر بکاتەوە. هەروەها ڕێڕەوەکە کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەسەر ناوچەکە و دەستڕاگەیشتنی بە ئاسیای ناوەند دەستەبەر دەکات، لەلایەکیترەوە هێز و تواناکانی روسیا لەو ناوچەیە سنووردار و لاواز دەکات.
هەموو ئەم هەنگاوانە ئامانجیان گەمارۆدانی ئێران و قووڵکردنەوەی ئازارە جیۆپۆلەتیکیەکەیە، ئەمریکا بە دووبارە کێشانەوە و داڕشتنەوەی نەخشەکان بەپێی دیدگای ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و نفوزی ئێران دەدەن بە تەواوی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەو مانۆڕەی نمایشکرا لە لوتکەی ئەم دواییەی شەنگەهایدا، کرانەوە و دەرکەوتنێک بوو، سەرەتای لەدایکبوونی جەمسەرێکی نوێ لە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو هاوسەنگیە جیهانیە ڕادەگەیەنێ، کە لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات داڕما، کە وەها نیشان ئەدەن بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەوپێش دەچێت و کایەیەکی نوێ و بەدیل بۆ بازرگانی و چالاکی دراوی دادەمەزرێنن، دوور لە کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە جیهانی پڕکردووە لە سزا و گومرگ، تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە کاریگەریەکانیان ڕزگاریان نەبووە.
لوتکەی شەنگەهای کە هەوڵی ڕکابەری گروپی هەشت* دەدات، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و بووەتە بازاڕێکی گەشەسەندوو بۆ بەرهەمە نەوتیەکانی ئێران، کە بەهۆی سزا توندەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە بارگرانیان لەسەر بووە. ترۆیکای ئەوروپی خۆی ئامادە دەکات بۆ چالاککردنەوەی سزاکانی "سناپباک"*.
ئێران باش دەزانێت کە لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی ئاشکرادایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپیەکاندا، لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ترۆیکای ئەوروپی* بە هەڕەشەی چالاککردنی میکانیزمی سناپباک لەسەر ئێران، نەوتی بەسەر ئاگرەکەدا ڕشتووە.
جگە لەو هەلومەرجە مەترسیدارەی کە هەرسێ وڵاتی ئەورووپایی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، پەنایان بۆ پەرەسەندنی دۆخەکە بردووە، بەتایبەتی دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران، ئێران ڕێبازی وڵاتانی ئەورووپایی بە شیاوی یاسایی و ئەخلاقی نازانێت بۆ پەنابردنەبەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەر گەمارۆکان.
ئێران وهاوپەیمانەکانی، کە لە شەڕی پاڵپشتیکردنی غەززە دەرگیربون، درک بەوە دەکەن کە لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر پێویستیان بە دیپلۆماسی هەیە، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو توانایانەی کە لەناوچون. لەڕاستیدا وڵاتانی ئەوروپا بە هەڕەشەکردن لە ئێران بە سەپاندنەوەی سزاکان، لایەنگری ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەڵبژاردووە و بونەتە بەشێک لە کێشەکە. بەو مانایەی دوای شەڕی داونزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، بە هەر ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەکە پێشهاتبێت و کاریگەری دانابێت، دوای وەستانی شەڕەکە ململانێکان و کێشەکان بە زیادەوە وەک خۆی ماون و مەترسی دوبارە بونەوەی شەڕ ئەگەرێکە گەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە نەتوانێ بە قازانجی ئیسرائیل کۆتایی پێ بهێنێت!.
ئێران و هەروەها ئەمەریکا و ئیسرائیل، درک بەوە دەکەن کە شەڕەکە بە هەموو فۆرم و شێوازەکانی خۆی بەکراوەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەوە ئایندەی شەڕی غەززەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر چارەنوسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ بەدژی ئێران. سەرکەوتن لە پاکتاوکردنی غەززە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ کاری دیبلۆماسی، شکست لە هێرش بۆ سەرغەززە، ئیسرائیل کێش دەکاتەوە بۆ لێدان لە ئێران.
لە هەمانکاتدا ئەمریکا و ئیسرائیل دەرگیرن لە بەرامبەر کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، کە لەم مانگەدا زۆربەی رەهای ووڵاتەکانی ئەندام دەنگیان دا بە بڕیارنامەیەك بۆ جێبەجێکردنی بەکردەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت. بەوجۆرە دەردەکەوێ کە ئاراستەیەکی بەهێزی جیهانی هەیە بۆ بەرگیرکردن لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین. بەمانایەک هەنگاوەکانی پاکتاوکردنی غەززەو و وەستانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەر بە دەوڵەتی فەلەستین، ناجێگیری سیاسی و گرژیەکان لە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئاستی ململانێکان مەترسیدارتر دەبێت، بۆیە ئاراستەی هێرشکردنە سەر ئێران بە ئاسانی پێک نایەت و بە ئاسانیش کۆتایی نایەت.
نیگەرانی هەرە جددی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە کە ئەم هەموو کوشتار و تاوانکاریەی ئەنجام دراوە، ئاراستەکەی چۆتە سەر گۆشەگیری و ئیدانەکردنی بەربڵاوی دەسەڵاتەکەی لە ناو ئیسرائیل و لە ئاستی جیهاندا. لەوەش مەترسیدارتر بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە گۆڕینی هەڵوێستی خۆیان و ئێستا دژایەتی بەها و پرەنسیپەکانیان دەکەن لە بەرگریکردن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ. ئیسپانیا لە پەیوەند بەم شەڕانەوە، هەموو جۆرە پەیوەندیەکی بازرگانی ڕاگرتووە، دیارترینیان تێپەڕبوونی کەشتیە پڕ لە چەک و تەقەمەنیەکانە لە ڕێگەی بەندەرەکانیەوە.
ئیسرائیل لە دۆخێکی تەواو ناتەباو ئاڵۆزدایە و ناتوانێت دیاری بکات ئایندەی ناوچەکە چۆن یەکلایی دەکاتەوە و چۆن دەتوانێت ببێتە باڵادەستی یەکەم لە ناوچەکەدا و کۆتایی بەدەوری ئێران بهێنێت!.
----------------------------
*زەنگێزور- کۆریدۆری زەنگێزور ڕێگایەکی گواستنەوەی بەپڕۆژەکراوی ناوچەی سیونیکی ئەرمینیایە، کە زەوی وڵاتی ئازەربایجان بەشێکی سەرەکیی ڕێڕەوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ناوچەی نەخچیڤانەوەی دەبەستێتەوە کە بەشێکی ڕێڕەوەکە بە خاکی ئەرمینیادا تێپەڕ دەبێت.
*گروپی هەشت (G8)، کۆڕێکی سیاسی نێوان حکومەتەکان بوو کە لە ساڵی 1997 تا 2014 بوونی هەبوو، کە لە وڵاتانی پیشەسازی جیهانی گەورە پێکهاتبوو: ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ڕووسیا کە(هەڵپەسێردرا).
*سناپباک - میکانیزمی سناپباک شەش بڕیارە لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دژی تاران لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠، بەڵام دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ هەڵپەسێردرا. ئیدارەی ترەمپ پەنای بۆ ئەم میکانیزمە بردوە، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر تاران، لەنێویشیدا سەپاندنی کۆت و بەند لەسەر بەرنامەی موشەکی بالستی ئێران، کڕین و فرۆشتنی چەک و هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
*واتە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە بەرامبەریدا، گوایە میکانیزمی سناپباک دەستپێدەکاتەوە.
AM:08:49:02/10/2025
ئهم بابهته 816
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی