ئینگلیزەکان و ( پلانەکەی ترەمپ ) و وانەیەک
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
ئینگلیزەکان لە مێژووی کۆن و نوێ دا دیارترینی کاراکتەرە کاریگەرەکانی جیهان بوون لە داڕشتنی نەخشەو پلانەکان دژ بە گەلان و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی ، ئەگەرچی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕواڵەت و لەمیدیاکانەوەو لەمەیدانی سیاسی و سەربازیدا زیاتر دەرکەوتووە و ئامادەیی هەبووە ، بەڵام عەقڵی داڕێژەرو ئەندازیاری پلانەکان و نەخشە ستراتیژیە گەورەکان بەزۆری هەر ئینگلیزەکان بوون!
بێ گومان ئەم ڕیتمەش نوێ نیە ، چونکە نمونەکانی لەمێژووی هاوچەرخدا کەم نین و زۆریش دووبارە بوونەتەوە ، هەر لەسەرەتای قۆناغی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ڕاستەوخۆوە کە بریتانیا دەسەڵاتی خۆی بەسەر پانتاییەکی زۆرو بەرفراوانی جیهانی ئیسلامیدا فەرز کرد --- هەر لە هیندستان لە ڕۆژهەڵاتەوە تا میسرو عێراق و فەلەستین لەڕۆژئاوا --- ، هەروەها قۆناغی ئینتیداب کە جارێکی تر و دوابەدوای ڕووخانی کۆتا قەڵای خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەمبوڵ سنووری وڵاتانی ناوچەکە تێیدا بەپێی بەرژەوەندی زلهێزەکان داڕێژرایەوە ، هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕۆڵە ڕاستەوخۆیەی کەتائەم ساتەوەختەش ئینگلیزەکان لە ڕێی کەناڵ و ئامرازە سیاسی و ئابووری و تیۆرییە جیاوازەکانیانەوە لە ناوچەکەدا دەیگێڕن ! دیارترین نمونەی ئەمجارە : ڕاگەیاندنی پلانەکەی ترەمپ بوو بۆ غەززە کە دیاریکردنی ( تۆنی بلێر) ی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیای وەک فەرمانڕەواو حاکمی کاتیی بۆ ئەو شارە لەخۆگرتووە ، کەئەمەش دیمەنی سیاسی عێراقمان دوای داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بیر دەخاتەوە کە چۆن ناوبراو عێراقی لەو ساڵانەدا بەڕێوەدەبرد !! دەستنیشانکردنی تۆنی بلێر لە نەخشەکەی ترەمپدا ئەڵقەیەکی تری درێژکراوەی ڕابردووەو نیشاندەری ئەوەیە کە ڕۆڵی بریتانیا سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا نیمچە پاشەکشەیەکی بەخۆوە بینی ، بەڵام هێشتا ئەوان پێگەی عەقڵی ستراتیژیی خۆیان لە ئیدارەدان و ئاراستەکردنی دۆسیە هەستیارە گرنگەکانی جیهان لەدەست نەداوە !
تۆنی بلێر تا ئێستاش ناوی لە خەیاڵ و زیهنییەتی عێراقیەکاندا هەر ماوەو نەسڕاوەتەوە ، ئەوکاتەی کەئەو ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی هەبوو لە وێرانکردنی عێراق و هەڵتەکاندنی بونیادو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەی ، ئەو ترسناکترین تۆوی فیتنەو ئاژاوەو دووبەرەکیی لە نێو عێراقیەکاندا چاند ، هەستیارترین دۆسیەی سیاسی وڵاتانی ناوچەکەی پێشکەش بە وڵاتێکی ئیقلیمی کرد ، لە قۆناغی دەستڕۆشتوویی و دەسەڵاتی تۆنی بلێر لە عێراقدا دامەزراوە ئەمنیی و سەربازیە گرنگەکانی عێراق هەڵتەکێنران ، جگە لە دزەپێکردنی چەندین بەڵگەنامەی هەستیارو گرنگی ئەم وڵاتە ، هەروەها سەرپەرشتی کردن و چاودێری کردنی هەڵمەتە ڕێکخراوەکانی کوشتن و تیرۆرکردنی چەندین نوخبەی دیاری عێراقی لەو قۆناغەدا ! دیاریکردنی بلێر وەک حاکمی کاتیی غەززە دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکانی ڕابردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا یەکگرتوو و تۆکمەکان و ( ملکەچ پێکردنیان ) ، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ملکەچ،پێکردنیان بەتەنها لەڕێی هێزەوە قورس و ئەستەمە ، بۆیە پەنا دەبرێتە ئەو سیاسەتەی کە گرفت و ناکۆکی و پەرت کردنی ناوخۆیی دەهێنێتە کایەوە ، دواتریش لاوازکردن و هەڵتەکاندنی قۆناغ بە قۆناغی بونیادی کۆمەڵایەتیی و هەیمەنەکردنی تەواو بەسەریدا ، ئینجا ڕەنگ کردنەوەو داڕشتنەوەی جارێکی تری نەخشەی سیاسی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی لە ڕێی ئەو ڕێکارو میکانیزمانەوە کە ناڕوون و تەمومژاوین بەڵام زۆر کوشندەو کاریگەرن!
ئەگەر پلانەکەی ترەمپ سەربگرێ بەو شێوەیەی ڕاگەیەنراوە ئەوا کارەسات چاوەڕێی غەززەو کۆمەڵگاکەی دەکات ، چونکە دووبارەکردنەوەی ئەو ئەزموونانە دەبێت کە پێشتر ئاماژەمان پێکردن :
هەڵوەشاندنی کوتلەی کۆمەڵایەتیی دانیشتوانەکەی بەچەند ڕێگاو ئامرازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو .. هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنانی حەماس وەک هێزێکی تۆکمەی ناوخۆیی بەرەنگارییکار .. لە کۆتاییشدا ڕاگەیاندنی سەرکەوتن ، لەگەڵ بەهێزکردن و درێژکردنەوەو قوڵکردنەوەی زیاتری دەستڕۆشتوویی و نفوزی هەرێمایەتیی !!
لەولاشەوە وڵاتەیەککگرتووەکانی ئەمریکا وەک ئەدات و ئامرازێکی سیاسی و سەربازیی لەناوچەکەو لەسەر زەوی وەک خۆی دەمێنێتەوە ، لەگەڵ تەوزیف کردن و ئەکتیڤ کردنی ئەزموون و شارەزایی و توانا ستراتیژیە سیاسی و دامەزراوەییەکانی بریتانیا وەک بناغەیەکی تێۆریی و نەخشەسازیی کەسەرکردایەتی زۆرێک لەم جۆرە پرۆژانە دەکەن لە پشت پەردەوە لە ناوچەکەدا !
هەندێک وانە لە مێژوو :
ئیبنو ئەثیر لە کتێبی ( الکامل في التٲریخ ) دا دەگێڕیتەوە : کاتێک مەغۆلەکان بەسەرۆکایەتی جەنگیزخان پەلاماری شاری ( بوخارا ) یان دا ، نەیانتوانی بچنە ناوشارەکەوە ، بۆیە جەنگیزخان نامەیەکی نووسی بۆ خەڵکی بوخارا و وتی : هەرکەسێک بێتە ڕیزی ئێمەوە پارێزراو دەبێت ، دانیشتوانی بوخارا بوون بەدوو بەشەوە : بەشێکیان ڕەتیانکردەوە تەسلیم ببن و سووربوون لەسەر شەڕ کردن و بەرەنگاریی کردن لە پێناو پاراستنی خوێن و شکۆو کەرامەتی خۆیان .. بەشی دووەم : لەترسی تۆڵەی مەغۆلەکان ڕازیبوون بە پێشنیارەکەو ئامادە نەبوون بەرگریی بکەن ! لەو کاتەدا جەنگیزخان نامەیەکی بۆ بەرەی دووەم ( بەرەی تەسلیم بوو ) نوسی و پێی ڕاگەیاندن : ئەگەر ئێوە یارمەتی ئێمە بدەن لە شەڕکردن دژی ئەوانەی بەرەنگاریی دەکەن و ڕووبەڕوومان دەبنەوە ئەوا فەرمانڕەوایەتی و کاروباری وڵاتەکە ڕادەستی ئێوە دەکەین ! شەڕ دەستی پێ کردو سوپای مەغۆل گەییشتە دەروازەکانی شار و ئەوانەی خیانەتیان کرد سەرکەوتن بەسەر بەرگریکارەکاندا ، ئینجا مەغۆلەکان چوونە شارەکەوەو یەکەم هەنگاویان چەکداماڵینی خەڵکەکەی بوو ، دوای ئەوە جەنگیزخان فەرمانی بە سوپاکەی کرد هەرهەموویان سەرببڕدرێن ، ئینجا ئەو وتە بەناوبانگەی خۆی وت کە دەڵێ : ئەگەر ئەمانە ( واتە تەسلیم بووەکان) متمانە پێکراوو ڕاستگۆبونایە ناپاکیان بەرانبەر بەبراکانیان نەدەکرد لە پێناو کەسانێکی دوورو نامۆی وەک ئێمە !!
مێژوو بۆمان دەگێڕیتەوە : کاتێک گەلانی موسڵمان دەستیان لەبەرەنگاریی هەڵگرتبێ و بەپرۆژە سیاسیە وەهمیەکان خەڵەتێنرابن ئەنجام و چارەنووسی کارەساتبار بەسەریاندا هاتووە :
---- ساڵی ١٢٥٨ ز هۆلاکۆ بەڵێن بە دانیشتوانی بەغدا دەدات بیانپارێزێ ، بەڵام قەسابخانە ڕوویداو بەغداش کەوتە ژێردەستی تەتارەکان .
---- ساڵی ١٤٩٢ز لە ئەندەلوس چەکەکان تەسلیم بە پاشا کاسۆلیکەکان کران ، دەرەنجام کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵ ڕوویداو غەرناتە کەوت و موسڵمانەکانیش بەزۆر بەگاورکران.
---- ساڵی ١٨٣٠ ز کاتێک بەرەی بەرەنگارییخوازی جەزائیر چەکەکانیان تەسلیم بە داگیرکاریی فەرەنسا کرد ، سەرەتای قۆناغی داگیرکاریی فەرەنسا بۆ جەزاێیر دەستی پێکردو ١٣٢ ساڵ درێژەی کێشا .
---- ساڵی ١٩٤٨ ز هەندێک ناوچەو گوندنشینی فەلەستینی چەکەکانیان لەبەرانبەر پارێزگاریی لێکردنیان تەسلیم بە تاقمە زایۆنیەکان کرد ، بەڵام ئەنجامەکەی قەسابخانەی دێریاسین و کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەلەستینیەکان بوو .
---- ساڵی ١٩٩٥ ز کاتێک لە بۆسنە و هێرسک چەک تەسلیم بە سربیەکان کرا لەژێرچاودێری نەتەوەیەگرتوەکان کۆمەڵکوژی سبرینیتشا ڕوویدا کە هەشت هەزار موسڵمان قەتڵ و عام کران .
کەواتە مێژوو دەڵێت : ڕاکردن بەدوای وەهم و سەرابی پرۆژەی سیاسی بەناوئاشتی لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ جگە لە دۆڕان و خۆبەقوربانیکردن هیچ بەرهەم و دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ گەلانی ستەملێکراوو و چەوساوە نەبووە ، چونکە بەدێژایی ڕووداوەکان و جەنگەکانی ڕابردوو هەمیشە ئەوانی تر لایەنی ناپاک و هەلپەرست بوون و ، لە ساتەوەختێکدا بە قەڵەمەکانیان ڕێکەوتننامەی ئاشتیان ئیمزاکردوە ، لەپشت پەردەوەو لەژوورە تاریکەکاندا سەرگەرمی تیژکردن و ئامادەکردنی چەقۆکانیان بوون
PM:09:09:01/10/2025
ئهم بابهته 1436
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی