جیهان لەئاوێنەی خۆرهەڵاتەوە

‌حسێن مەحمود

کۆبونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگهای لەشاری( تيانجين) سەرکەنداوی بوهای لە باکوری چین، زیاد لەمانایەک لەخۆدەگرێ و دەبێ لەچەند ڕەهەندێکەوە بخوێنرێتەوە.هێزەکانی ئاسیا تەنیا بۆ پڕۆتۆکۆڵێکی ڕەسمی لەهۆڵێکدا کۆنەبونەتەوە، بگرە بۆنیشاندانی ئەوەیەکەجوگرافیا تەنیا سنورێکی بێدەنگ نییە،بەڵکو دەقێکە دەبێ جارێکی تربنوسرێتەوە.

خۆرهەڵات وەک یادگارییەکی نوێ

جاران خۆرهەڵات تەنیا لەچاوی خۆرئاواییەکاندا دەخوێنرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دیمەنەکان لەتیانجین پێچەوانە دەبنەوە،خۆرئاوا چاودێرەو ڕۆژهەڵات خۆی دەنوسێتەوە.کۆنگرەی شەنگهای بەدوای سێستەمێکدا دەگەڕێ دوور بێت لەمۆنۆپۆڵ وسەپاندنی هێز.

ڕوسیاو چین دەنگدانەوەی قەیسەرو ئەژدیها

دەرکەوتنی پۆتین و شیجینپینگ، نیشاندانی ڕوڵەتێکی نوێیە، تەوقەکردنیان، بەئامانجی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی هێزو وەستانەوەیە دژەبە خۆرئاوا.

هیند لەدوڕیانێکدا

هیند جارێ دودڵ وڕاڕایەکەخۆی بەلایەکدا بخات ودەیەوێ بڵێ جیهان فراوانترە لەوەی بەسەردوو بەرەدا دابەش بکرێ.ئامادەبونی ئەو لەوەدەچێت کەلەسەرپردێک وەستابێت کەدەیباتەسەر دوڕیانێک ئەویش خواستی بەرەو خۆرئاواو پەیوەستبون بەخۆرهەڵاتە، لێرەشەوە خوازیارە بڵێت، هیچ کامیان هەڵنابژێرم، بەڵکو مێژوو هەڵدەبژێرم.

ئێران و پەراوێزەکان
ئامادەبونی ئێران و بیلاڕوسیا، نیشانەی ئەوەیە ڕێکخراوەکەدەیەوی دەروازەکانی واڵابکات بۆ بەرەیەکی گشتی کەنابێ شەرعیەت تەنیا لەخۆرئاواوە بێت، بەڵکو جوگرافیاو سیاسەت دەبێ بەشداربن، جوگرافیای ئاسیا بەرامبەر جەمسەری خۆرئاوا.

پرسیاری جەوهەری


کۆنگرە تەنیا ئامانجی ئەوەنیە کەدەبێ سیستەمی جیهان بگۆڕدرێ، بەڵکو دەیەوێ بڵێت جیهان تەنیا یەک قەدەرنییە وفرەقەدەرو چارەنوسەو ئەوە تەنیا هێزێک نیە دەتوانێ سیستمی سیاسی دروست بکات و هێزگەلی تریش هەن.هۆڵی گۆنگرە لە تاقیگەیەک دەچێ کەپرسیاری کۆن بەشێوازی نوێ ئاراستە دەکات، ئایە هێز دەتوانێ هاوبەشی و پێکەوەیی بێت؟ وەئایا سیاسەت دەتوانێ مانایەکی فراوان ببەخشێ و ئەو پێناسە کۆنە تێەڕێنێ کە سیاسەت بریتیە لەهاوسەنگی هێز؟

جیهان وەک قەسیدەیەکی ناتەواو


کۆنگرەی تیانجین ناتوانێ لەدوو ڕۆژدا جیهان بگۆڕێ،بەڵام دەتوانێ دێڕێک بۆ قەسیدەیەکی درێژ ئیزافە بکات کەپێی دەوترێ "مێژوو"، شیعرێک کەتەنیا بەیەک زمان وبەیەک هێز نەنوسرێ، دەیەوێ بەحەرفی بارز ئەوە بنوسێت کەجیهان ئاوازی تاکە هێزێک نییە، بەڵکو فرە ئاوازو هارمۆنیایە.


PM:04:40:01/09/2025

ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی