نامە بۆ سەرۆک بافڵ؛ لێوردەیی نیشانەی پێشکەوتنە
سیروان رەشید
نامە بۆ «سەرۆک بافڵ»؛ لێوردەیی نیشانەی پێشکەوتنە
لەپێناوی چیتر ئازارنەدانی دۆخی دەرونی و ماندووی خەڵکی سلێمانی و کوردستان بەدەست گرفتی مووچەو ژیان و سیستمی حکومڕانیەوە.
لە پێناو زیاتر لاوازنەبوونی دۆزی نەتەوەیمان لە باشوری کوردستان.
لەپێناو دروستنەبوونی کێشەی گەورەتر لەناو خێزان و بنەماڵەی تاڵەبانی، کە ئەگەر برینەکە زوو سارێژنەکرێت، «دوژمنایەتیەکە بۆ دەیان ساڵی تر ئەگوازرێتەوە بۆ مناڵی مناڵەکانی هەردوو بەرەباب».
داوا لە بەرێزتان ئەکەم، لە ئامۆزاکانت و دەستگیرکراوانی «لالەزار» خۆشببەو لە بەرامبەریشدا (کاک لاهور) کوردستان بەجێبهێڵێ..
تکا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حزبەکان ئەکەم رۆڵی میانەڕەوی و خێر بگێڕن.
تکا لە مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتە کۆمەڵایەتیەکان و ئەکادیمیەکان ئەکەم رۆڵی خێر بگێڕن.
بەرێز بافڵ؛
تکایە بەقسەی توندڕەوەکان و ئەوانە مەکە کە هانت ئەدەن بۆ تۆڵە سەندنەوە!. چونکە لێبوردن نیشانەی پێشکەوتنە، بەڵام رق و تۆڵە لە فەرهەنگی میللەتانی دواکەوتووە.
لە دنیای نوێدا سەرکردەی مەزن و پێشکەوتووخواز زیاتر گیانی لێبوردنیان هەیە، نەک دڵڕەقی و عینادی.
ماندێلا، سەرکردەی مەزنی جیهانی لەبیرەوەریەکانیدا دەڵێ؛
دوای ئەوەی بوومە سەرۆک بە پاسەوانەکانم وت بە پیادەڕەوی یاوەریم بکەن بۆ پیاسەیەک بەناو شاردا.
چوینە یەکێک لە چێشتخانەکان هەریەکەو لە شوێنی خۆمان دانیشتین و داوای ئەو خواردنەمان کرد کە ویستمان.
لەو کاتەی چاوەڕێی کچە کارمەندەکەی چێشتخانەمان کرد کە خواردنەکەمان بۆ بێنێت، چاوم کەوتە سەرکەسێک کە لەولاوە دانیشتبوو، ئەویش چاوەڕێی ئەو خواردنەی ئەکرد کە داوای کردبوو. بە یەکێک لە پاسەوانەکانم وت بڕۆ لای ئەوکابرایە و پێی بڵێ؛ بێت نانمان لەگەڵ بخوات، پیاوەکە هاتوو لە تەنیشت خۆمەوە دامنیشاند. عارەقە لە ناوچوانیەوە ئەتکا، دەستەکانی توانای ئەوەیان نەبوو کەوچکەکە بگەیەنێتە دەمی.
دوای ئەوەی نانمان خواردو کابراش چوو بەلای کاری خۆیەوە، پاسەوانە تایبەتەکەم پێی وتم ئەو پیاوەی نانی لەگەڵ خواردین نیشانەی نەخۆشی بەجەستەیەوە دیاربوو، دەستەکانی دەلەرزین و نەیتوانی وەک پێویست نانبخوات و کەمی خوارد!.
وەڵامم دایەوەو وتم؛ نەخێر هەرگیز وانییە کە لێی حاڵی بویت.
ئەو پیاوە پاسەوانی ئەو بەندینخانە ئینفیرادیەی دەکرد کەمن لێی بەندکرابووم، لە زۆربەی کاتدا ئەشکەنجەی ئەدام. هاوارم ئەکردو داوای کەمێک ئاوم ئەکرد. ئەویش هەمووجارێک ئەهات و میزی بەسەر سەرمدا ئەکرد. بۆیە ئەو ئەلەرزی و وای ئەزانی منیش تۆڵەی لێ ئەکەمەوەو هەمان مامەڵەی ئەوی لەگەڵدا ئەکەم، ئەشکەنجەی ئەدەم و بەندی ئەکەم، بەڵام ئەوە رەوشت و ئاکاری من نییە! چونکە بە ئەقڵیەتی تۆڵەکردنەوە دەوڵەتی پێ بنیاتنانرێت. بەڵام ئەقڵەتی لێبوردەیی گەلان بنیاتدەنرێت.
لەم نامە کراوەیەدا دوو سەرنج پێویستە:
یەک، نامەوێ وا وێنای بکەم لە کێشەکانی نێوانیان (قوربانی) بەرێز بافڵ تاڵەبانی بووەو بەرێز لاهور شێخ جەنگیش (جەلادو تاوانبار)، بەڵکو سروشتی روداوەکە ئێستا وایە کە لایەنێک وەک تۆمەتبار لە کونجی زیندانەو لایەنێکیش خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە بۆ لێخۆشبوون.
دوو: رەنگە زۆر کەس بپرسن ئەی مافی کوژراوەکان؟ پێویستە جگە لە حەقی عامی دادگاو دەوڵەت، دەبێ قوربانیەکان بەشەهید بناسێنرێن و قەرەبوی گەورەی مادی و مەعنەوی خێزانەکانیان بکرێنەوە.
خوای پەروەردگار دەفەرموێت؛ (.. وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ)
واتە؛ ئەوانەی رق و توڕەیی خۆیان ئەخۆنەوەو ئەوانەی تاوانیان بەرانبەر کردوون، چاوپۆشیان لێ ئەکەن و لێیان ئەبورن، بێگومان خودا چاکەکەرانی خۆش ئەوێ.
چاوەڕوانی هەڵوێستی جوامێرانەتانین کە لە ئێستادا پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتتان لە جیهانی عەرەبی وەرگرتووە.
لەگەڵ رێز
سیروان رەشید
رۆژنامەوان
١-٩-٢٠٢٥
AM:10:40:01/09/2025
ئهم بابهته 15224
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی