ناوەندە پەروەردەییە ناحکومییەکان و ریکلامی بێزارکەر
ئەحمەد دەروێش
رەنگە زۆرێکمان کێشەمان لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی و بیری ئابووری سەمایەداریی و لیبرالیزم بەگشتی نەبێت لەسۆنگەی ئەوەی تاڕادەیەکی زۆر یەکانگیرە لەگەڵ لەگەڵ غەریزە خۆویست و شەڕانگێزەکانی مرۆڤ کە ئەمەش نهێنیی مانەوە و خۆنوێکردنەوەیەتی بەبەردەوامی ، لەسێ دەیەی رابردوودا و بەدیاریکراویش لەساڵی 2008 و جارێکی تریش لەسەردەمی کۆرۆنا ڤایرس لەساڵی 2020 ، دوو جار لەلایەن چەپگەرا و تەنانەت فەیلەسوفانی چەپگەراشەوە تەپڵ بۆ مەرگی سیستمی سەرمایەداری لێدرا و هیچیش روینەدا ، بەڵام بێگومان لیبڕالیزمی نوێ جێی ئومێد و داواکاری هەموانە لەسەر ئاستی جیهان .
لیبرالیزمی نوێ بەپێچەوانەی نیۆ لیبڕالیزم هەموو شتەکان بەپێودانگی قازانجی ماڵ و دارایی ناپێوێ بەڵکو هاوکات و لەپەنا ئەمەدا داکۆکی لەبەها مرۆییەکان دەکات . لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە ؛ ئایا دەستبردنی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی بەتایبەتکردنی ( خصخصه ) کەرتی پەروەردە بڕیارێکی دروستە ؟ ئایا بڕیارەکە مەرمەبنای لێکدانەوەیەکی زانستی بووە لەگۆشەنیگای ؛ ئابووری ، کۆمەڵایەتی ، رۆشنبیریی و زانستییەوە ؟
ئێمە وڵاتێکین لەنێو وڵاتانی دنیای سێدا ، رەنگە دروستترە بڵێین لەنێو وڵاتە دواکەوتووەکاندا ، ئابوورییەکی رەیعیمان هەیە و کەرتە ئابوورییەکانمان وێرانەن کەچی دێین وەک هەر کاڵایەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەکەین و وێرانیان دەکەین !
فەرامۆشکردنی ژێرخانی قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان هەر لە دروستکردنی بینای نوێ تا دەگاتە دابینکردنی کەرەستە و ئامرازەکانی فێرکردن . دەساڵ پترە ، دە قوتابخانە و خوێندنگە لەهەموو هەرێمدا ( جگە لەخێرخوازان ) دروست نەکراوە ، دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی تاقمێک قەنەفە ، داتاشۆ و بۆردی زیرەک و چەند پێداویستییەکی دیکە ، بەناچاریی پەنا دەبەنە بەر : کۆبوونەوەی دایبابان ، سەمایەدار، پەرلەمانتاری ناوچەکە و ... هتد ،لەبەرانبەریشدا هەموو دەروازەکان بۆ خوێندنی ناحکومی خراونەتە سەرگازەرای پشت . ناشمانەوێ بچینە نێو ئەو جەدەلەی کەخوێندن بەزمانی دایک باشترە یا بەزمانی ئینگلیزی ؟ خۆئەگەر قسە لەسەر زمان بێت ، رەنگە بۆ ئێمەی کورد لەعێراقدا ، فێربوونی زمانی عەرەبی ئەگەر گرنگتر نەبێت ، کەمتر نییە ، دەرچووی کۆلێجەکانیشمان عەرەبی نازانن و ئەمە خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراش هەر راستە لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لەسەرچاوەکانی زانستەکۆمەڵایەتییەکان بەعەرەبین و ، لەمەش خراپتر بەشێکی زۆر لەمامۆستایانی زمانی عەرەبی ناتوانن بەباشی بەزمانەکە بدوێن .
پرسیارە جدیەکە ئەمەیە : کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەی ناحکومی لەکوێی فەلسەفەی پەروەردەی هەرێمدا جێی کراوەتەوە و حیکمەت و ئامانجەکەی چییە ؟
ئایا ئەو فۆرمە دەچێتە نێو بازنەی وەبەرهێنان لەسامانی مرۆیی و گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی ؟
دەستەواژەی خوێندنی ناحکومی هەریەک لە ؛ قوتابخانە و خوێندنگەی تایبەت و سەربەخۆ دەگرێتەوە و، سەرچاوەی پارەدارکردنیان کەسێکە یان رێخراوێک یان لایەنێک بەڵام هەرچییەک بێت لەنێو بازنەی کەرتی تایبەتدا ئەژمار و خاوەندارێتی دەکرێت .بێگومان زۆرینەی قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکان لەهەرێمدا لەسەر بنچینەی قازانج دامەزراون بەڵام چۆن قازانجێک ؟ قازانجێکی حەتمی و مسۆگەر ، پڕۆژەیەکە هەرگیز زەرەرەر ناناسێ ناچێتە ژێر مەترسی ئافات و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواو کەرەستەی خاو و .... هتد ، ئەمە هەمووی لەسەر گیرفانی خەڵکانێک مەرج نییە هەمووی دەوڵەمەند و خواپێداو بێت ، ئەمەش لەسەر حساب و ئەنجامی ؛ فەرامۆشکردنی قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان ، دۆخی خراپی ژیان و موچەی مامۆستایان پاشان بایکۆتکردن ، چاولێکەریی و ریکلامێکی زەبەلاح کەقوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکان وەگەڕیانخستووە ، سەرچاوە دەگرێ.
ریکلام لەسادەترین پێناسەدا بریتییەلە : رەواجدان یان دروستکردنی خواست لەسەر کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک و ،بە ئامرازێکی گرنگی بەبازاڕکردن دادەنرێت بەهەردوو بەشەکەیەوە جا چ ریکلامی کلاسیکی بێت ( تەلەفزیۆن ، رادیۆ ، رۆژنامە ، تابلۆ ، پۆستەر و ....هتد ) یان چ ریکلامی ژمارەیی - ئەلیکترۆنی بێت ( تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ، ڤیدیۆکانی یوتیوب ، سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ) .
ریکلامی بەشێک لەو ناوەندانە خەریکە سنوورەکان دەبەزێنن و کار گەیشتووەتە ئەوەی بۆ قۆناغی 12 ژمارە و ناوی ئەو خوێندکارانەش بڵاو دەکەنەوە کە لەخولی یەکەمدا لەچەند وانەیەک نەوەد و بەرەو سەریان هەیە بەڵام چەند وانەیەکیان لەخولی دووەمدا هەیە و جا هەندێکیان هاوار دەکەن و دەڵێن نەوەد خوێندکارمان سەروی نەوەدیان هەیە و ئەوانی دیکە دەڵێن پەنجاو شەست خوێندکاری لەو بابەتەمان هەیە ( نمرەی نەوەد و بەرەو ژوور ) ئەمە لەکاتێکدا بەشێکیان هێشتا تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان نەکردووە و هەندێکیشیان هەر ناچنە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم !
بێگومان لەو ناوەندانە کادری پەروەردەیی زۆر باشیان تێدایە هەر لەدەستەی کارگێڕی تا دەگاتە میلاک و وانەبێژ ( میلاک لای ئەوان مامۆستایەکی دانەمەزراوە بەڵام وانەبێژ مامۆستایەکی ناوەندێکی حکومییە ) و رێنماییکار ، تەنانەت تێیاندایە هەڵگری بیری چەپ ونمونەی مرۆڤە جوانەکانی کۆمەڵگەن ، بۆیە قسە لەسەر ئەوان نییە و رەنگە بێکاریی ناچاری کردبن و ، یان هەر هۆکارێکی دیکەو ، موچەیەکی یاسایی وەردەگرن . بەڵکو پرسەکە تاویبەتە بەسیاسەت و دید و ستراتیژیەتی حکومەت بەگشتیی و وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی .
PM:07:14:11/08/2025
ئهم بابهته 2000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی