ئەشکەوتی جاسەنە جارێکی تر بوو بە لۆکەیشنی رووداوێکی سیاسی

‌د. ئیدریس عەبدول کاکە

ئەمڕۆ شانۆیەکی سیاسی دەگمەن  لە باشوری کوردستان و بە دیقەت لە سنوری سورداشی پارێزگای سلێمانی  بەرێوەچوو.

بزوتنەوەی چەکداری لە باکوری کوردستان کە نزیکەی ٤٧ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کرد و لەو مێژووە دوور و درێژەدا بەهەزاران مرۆڤ گیانیان بەخشی ، گەریلا دەستەواژەیەکە کە بۆ شەرڤانانی ئەو بزوتنەوەیە بەکاردێت ، کە دەکرێت بەچەند خەسڵەتێکی بابەتی و شێوەیی بناسرێنەوەو لەهەر چەکدارێکی تر جیا بکرێنەوە.

ئەمڕۆ ئەوەی کە بینیمان لە رێورەسمێکی پرۆتۆکۆلی و جیاوازدا کە ئەشکەوتی جاسەنەی شارۆچکەی سورداش کرابوو بە گۆرەپانی شانۆکە، (٣٠) گەریلای تێکەڵ لەهەردوو رەگەز ( نێر ، مێ) لە نێو ئەشکەوتەکەوە هاتنە گۆرەپانێک لە بەردەم نوێنەرانی تورکیا، عێراق، هەرێمی کوردستان و دەم پارتی و لایەنی تری نێو دەوڵەتی چەکەکانیان دانا و دواتر لەلایەن سەرکردەکانی خۆیانەوە ئاگریان تێبەردرا و سوتێندران، پاش خوێندنەوی وتارێک لەلایەن گریلاکانەوە کە باسی لە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا  ئەکرد مەراسیمەکە بە گەرانەوەی گەریلاکان بۆ نێو ئەشکەوتەکە بە کۆتا هات.

ئەگەر لە رووی سۆزداریەوە سەیری رووداوەکە بکرێت دەبینیت گەریلایەک (٤٧) ساڵە لە نێو شاخ و ئەشکەوتەکانەوە لەرێگای خەباتی چەکدارەوە بۆ ئامانجێک تێکۆشان ئەکات ، ئەمرۆ ئەو گەریلایە چەکەکەی ئەسوتێنێت و چیتر لە رێگای تێکۆشانی چەکدارەوە بەرگری ناکات ، یاخود کۆتایی بەبزوتنەوەیەکی چەکدار دێت کە نزیکەی نیو سەدە رۆڵەی کورد بە گیانی خۆی بڵێسەی بە گری ئاگرەکەیداوە. 

بەڵام ئەگەر خوێندنەوەی سیاسی بۆ رووداوەکە بکەین ئەبینین ئەمرۆ کورد گەیشتووە بە ئامانجی سەرەکی بزوتنەوە چەکداریەکەی لە باکور ئەویش سەلماندنی بوونی خۆیەتی لەسەر خاکەکەی. ئەگەر بمانەوێت بابەتی بین ئەبێت بگەرێینەوە بۆ ئەو رۆژگارەی کە بزوتنەوەی چەکداری لە باکور هاتە گۆرەپانی تێکۆشان ، لەو رۆژگارەدا تورکیا نکۆڵی لەبوونی هەر نەتەوەیەکی غەیرە تورک ئەکرد و دستوری تورکیا پێناسەی دەوڵەتەکەی بە دەوڵەتێکی تاک نەتەوە ئەکرد و هەر جۆرە جیاوازبوونێکی یاساخ ئەکرد و سزای لەسێدارەدان و بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ ئەوانە دیاری کردبوو کە پێناسەی جوداخوازیی ئەیگرتنەوە، بۆیە کورد بوون لەو دەمەدا مانای جوداخوازی ئەگەیاند .

ئەمرۆ رۆژگارێکی تەواو جیاوازە ، تورکیا پاش ئەو گۆرانکاریانەی لە نێوخۆدا روویدا و ئەوەی بە دەوڵەتی قوڵ ناوئەبرێت لەدەستی جەنەراڵە سەربازیە نەژادپەرستەکان دەرکرا ، و دواتریش تورکەکان زیرەکانە هەستیان بە زەمینەسازی گۆرانکاری لەرۆژهەڵاتی ناوەراستتدا کرد زانیان کە ئاشتی ئەتوانێت تورکیا رزگار بکات لە جەنگێکی خوێناوی پەنجا ساڵە ( ئەوان پێی ئەڵێن جەنگی تیرۆر) و هەر ململانێیەکی تری هاوچەرخ، بۆیە پەنایان بۆ ئاشتی برد کە ئەمەش ویست و بەرژەوەندی هەموو لایەکە.

کورد بەم هەنگاوە سەلماندی کە مرۆڤی سەردەمەو ئەتوانێت گۆرانکاری ریشەیی بکات و چەکی لە پێناوی چەکداری و توندوتیژیدا هەڵنەگرتووە بەڵکو چەک تاکە رێگا بووە کە لە سرینەوە بیپارێزێت. ئەگەر بەوردی خوێندنەوە بۆ جوڵەکانی ئەمڕۆ بکەین پەیامگەلێکی زۆر ئەبینین! 
ئایا گەریلاکان بۆ لە ئەشکەوتەوە هاتن و گەرانەوە بۆ ئەشکەوت؟ رەهەندی مێژوویی  و ئاینی و سیاسی ئەشکەوت چیە؟
گەریلاکان بۆچی چەکەکانیان نەدا بەدەستی هیچ لایەنێک، واتا و ئاماژەکانی سوتاندن چین؟
گەریلاکان بۆچی بەجل و بەرگی گەریلاییەوە گەرانەوە شاخ؟

بۆچی لە وێنەو ڤیدیۆکاندا ئامادەبوان پیشان نەدران و ڤۆکسی کامێراکان تەنها لەسەر جوڵەی گەریلاکان بوون؟
هەروەها بۆچی راستەوخۆ مەراسیمەکە پەخش نەکرا؟

ئەمانەو چەندین تێبینی تر کە ئاستی ئەم جوڵە سیاسیەو رەهەندەکانیمان بۆ دەرئەخەن.

ئاشکرایە کە ئێستا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قۆناغ ئەبڕێت و هەنگاو بەرەو دروست کردنی متمانە ئەنێت ، دواجار ئەوە تورکەکانن کە ئەبێت دەست بە هەنگاوەکانیان بکەن هەر لە هەمواری دستور تا رەخساندنی ئازادی سیاسی ، بۆیە ئێستا جیهان لە چاوەڕوانی وەرچەرخانی مێژووییە لە تورکیا ، کە رێگە خۆش کەر ئەبێت بۆ کرانەوەو گەشەسەندنی زیاتری تورکیا.
 تورکیا زەمینەی فراوانترکردنی پانتایی دیموکراسی هەیە بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ ئەوروپا و جوانی ژینگەکەی کەبۆتە مایەی کۆچی مرۆڤی رەگەزو نەتەوە جیاوازەکانی دنیا بۆ ئەم وڵاتە بۆیە دەکرێت تورکیا بە وڵاتێکی مەڵتی کەڵچەر پێناسە بکرێت چونکە لە تورکیادا جگە لە تورک و کورد و ئەرمەن و عەرەب دەیان نەتەوەو ئاین و ئاینزا ژیان ئەکەن ، بۆیە تورکیا ئەبێت خۆی لە تەوقی نەتەوەپەرستی رزگار بکات و ببێت بە ژینگەیەکی فرەرەنگ تاکو بتوانێت بە ئاواتی لە مێژینەی بگات کە ئەویش ئەندام بوونە لەیەکێتی ئەوروپا .

ئایا لەم نێوەندەدا کورد ئەتوانێت چی بەدەست بهێنێت؟

کورد لەباکور رێژەیەکی بەرز لە کۆمەڵگای تورکیا پێک ئەهێنێت ، ئەگەر تورکیا ببێت بەخاوەن دستورێکی کراوە و ئازادی سیاسی و جیاوازی نەتەوایەتی پەسەند بکات و دان بە مافە سەرەتاییەکانی کوردا بنێت لەو پارچەیە ، کورد ئەتوانێت لە رێگای خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیەوە مافەکانی خۆی بەرجەستە بکات ، چونکە کورد لەم دۆخە ئاڵۆزەدا توانیوێتی رێژەیەکی زۆری کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا بەشی زۆری سەرۆکی شارەوانیەکان مسۆگەر بکات کە بریتین لەدەسەڵاتی خۆجێی شارو شارۆچکەکان ، بۆیە لەکاتی هەبوونی دستورێکی دیموکراسی کورد لە باکور بەدەستی خۆی مافەکانی مسۆگەر ئەکات و پێویستی بە پێشکەش کردنی داخوازی نامێنێت.


PM:12:53:12/07/2025

ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی