تەحالوفی خێزانە سیاسیەکان
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
یاساکە کۆمەڵناسیی نییە، زیهنیەت و هۆشیارییە، تێبگەی لەعێراقدا خێزانی سیاسی باڵاو نامونەززەم حوکمی زۆرینە ئەکەن، تەحالوفی خێزانیی سیاسی گرێدراو بەخێزانە دەستڕۆشتوەکانی دەوروبەرەوە.
دیموکراسیەت و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن بۆ بینەرە بەڕێزەکانە، وەک کڵێشەی گەمژەکردنی تاکی کوردو عێراقی و ڤاکسینی بەنجکردنە، ئەم وشە بێتامەی ناوی دیموکراسییە لەعێراق و کوردستان، کڵێشەیەکی تابڵێی میدیایی و لاستیکی ساختەو دەستکاریکراو، قاوغەکەی ماوەتەوە بۆ ئێمە، لەناوەرۆک خاڵی کراوەتەوە.
ئەوانەی هێشتا دڵیان لێئەدا بۆ دیموکراسیەت وەک چەمک و کەلتورێکی ڕۆژئاوایی و بەئامڕازی گۆڕانکاریی دەزانن، خەریکی ختوکەدانی شەقام و جنێودان و ڕەخنەو ناڕەزایەتین، وادەزانن ئەم تەحالوف و فەزا خێزانییە بەهاوارو ناڵەناڵ چاک دەبێ، ئەوە زیهنیەتی تەسلیمە بە فۆڕمەکانی گۆڕانکاریی پاکەتیی و خیتابی سیاسیی بۆنخۆشکراو، دۆخی پشتەوە جیاوازە، هیچ خێزاێکی سیاسی، سوڵتە محەلیەکەی بەئاسانی و بەبێ خوێنڕشتن ڕادەستی عەڕابی جادەکان و ئەکادیمیست و ئەفەندیە قاوەخۆرەکان ناکا.
ئەسڵەن ئێستا بەرەی ئۆلیگاریشی ماڵی بەهێزو خاوەن سەرمایەو عەسکەرو هەواڵگریی و خاوەن کۆمپانیاو پاڵاوگەی نەوتی و خەتی بازرگانی دەرمان و وزەو کەرتی نهێنی تایبەت دروست بوەو نوێنەرایەتی گەل دەکەن، هەرکەسیان بوێت سەری دەخەن بۆ سەری سەرەوەی هەڕەمەکەو پێوەرەکانی دیموکراسیەتیان ژێرپێ ناوە، وەزیرو مەندوب دەکڕن و دەفرۆشن، دادوەر دادەنێن و ئیقالەی پێدەکەن، نەخۆشی دەخەن، خانەنشینی بۆدەبەستن، لەزیندان دەری دەهێنن، دەیکەن بە باڵوێزی گەورە.
هەرگرێکوێرەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوو لە دامەزراوەکانی حکومەت و پەڕلەمان و قەزاو دادوەریدا ڕوویدابێت دواجار لەدیوەخانی خێزانە سیاسیەکاندا چارەکراوە، هەموو بەشبەشێنەو پشکپشکێنەکان لە ماڵە سیاسیەکاندا کراوە، توڕەبوونەکان لەپەڕلەمان ڕویداوەو پێکەنین و سفرەوخوانەکان براوەتە نێوماڵە سیاسیەکان، دەرکردن و سڕکردن و سزاو ئیعتیکافی مەدەنی لەفەرمانگەکان پیشاندراوە بەڕوناکی و پاداشت و پلەبەرزکردنەوەکانیش خراوەتە ناو تاریکایی باخچەی پشتەوەی ماڵ و ڤێللاکانەوە.
ئەگەر وادەزانی پڕوپاگەندەو کێبرکێ بۆ بردنەوەی کورسیەکانی پەڕلەمان و پێکهێنانی حکومەتی ئایندە لە عێراقدا پەیوەندی بە زیرەکی و لێهاتوویی و جوامێریی تۆی کاندیدو سەرۆک لیستەوە هەیەو ئەمجارە جیاوازە هەڵەیت، سایتپلانەکە ئاوایەو بەئاستەم ناتوانی بچیتە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندی خێزانە سیاسیەکانەوە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف
PM:12:29:30/06/2025
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی