شەری ئیسرائیل و ئێران بەکوێ ئەگات!
د. ئیدریس عەبدول کاکە
هێرشەکانی شەوی ١٣ / ٦ / ٢٠٢٥ ی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رووداوێکی کەم وێنەیە و پێشهاتێکی جیاوازە لە جەنگەکانی پێشتری ئیسرائیل لە لوبنان، سوریا، یەمەن ، فەڵەستین.
ئیسرائیلیەکان لە هێرشەکانیاندا زۆر وورد و بەدیقەت بوون و دامەزراوە ئەتۆمی و موشەکیەکانی ئێران و فەرماندە هەرە باڵا سەربازیەکانیان کردە ئامانج .
ئیسرائیلیەکان لەهەڵبژاردنی کاتی هێرشەکەیاندا سەرکەوتوو بوون چونکە ئێرانیەکان بریار وابوو لە چەند رۆژێکی تردا گەری چوارەمی گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی ئەمریکا سازبدەن بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەڵام هێرشەکان ئەم بابەتەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
ئایا ئێرانیەکان غافڵەتگیر بوون لە هێرشەکانی ئیسرائیل ؟
ئاشکرایە کە ئاسمانی ئێران بەرووی هێرشی یەکەمی ئیسرائیلدا کراوە بوو ، بۆیە هیچ جۆرە بەرگریەک بەدی نەکرا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران بێ وەڵام و ناچالاک بوو، بۆیە ئیسرائیلیەکان ئامانجەکانی خۆیان بەباشی پێکا و رووبەروی هیچ ئاستەنگێک نەبوونەوە! لەکاتێکدا دوای چەند کاتژمێرێک ئێرانیەکان هێرشێکی فراوان و بەهێزی موشەکییان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و زیانی گەورەیان بەو وڵاتە گەیاند ، پاشانیش سیستەمی بەرگری ئێران کەوتە کارو رووبەرووی هێرشی دووەمی ئیسرائیل بووەو چەند فرۆکەیەکیشی پێکا.
ئەم بابەتە قسە هەڵدەگرێت بۆچی سیستەمی بەرگری ئێران لەبەرامبەر هێرشی یەکەمی ئیسرائیل کاری نەکردو بەئاسانی فەرماندە باڵاکانی ئێران لەناوبران؟؟
ئەم بابەتە ئەتوانین بڵێین لە یەکێک لەم ئەگەرانە بەدوور نەبووە :-
١- ئێرانیەکان غافڵگیر بوون ، سەرەرای هەرەشەکانی ئیسرئیل ، ئێرانیەکان لەو باوەڕەدا نەبوون کە ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجام بدات ، بەڵکو لەو بروایەدابوون ئەوە تەنها کارتێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ فشار خستننە سەر ئێران تاکو گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا نەرمی بنوێنێت و بەمەرجەکانی ئەمریکا رازی بێت.
٢- خیانەتێکی ناوخۆیی لە ئێران و دەسەڵاتی باڵای هەواڵگری و سەربازی هەبووەو ئاسانکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بۆیە بەو ساناییە ئامانجەکانی پێکا.
٣- ئێرانیەکان ئەم دەرفەتەیان کردۆتەوە تاکو سۆزی جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیهانی عەرەبی بەدەست بهێنن و پشتیوانیەکی بەرفراوان بۆ هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئیسرائیل پەیدا بکەن .
٤- ئەکرێت رێککەوتنی ژێر بەژێری ئەمریکا و ئێرانیش هەبێت لەسەر وێران کردن و لە پەل و پۆخستنی ئیسرائیل ، کە ئەکرێت ئەمریکیەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەر لایەک کە بیانەوێت ئەیکەن بە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان. بۆیە ئەکرێت ئەوەش بەئەگەرێک وەربگرین کە لەیاریەکی لەو شێوەیەدا بیەوێت هەردوولا لاواز بکات و دواجار ملکەچی دەسەڵاتی ترەمبپان بکات.
ئەم جەنگە بە کوێ ئەگات؟
وەکو باسمان کرد ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشانە لابردنی مەترسی ئێرانە لەسەر کیانەکەی ، مەترسی ئێران لە ئێستادا بریتیە لە نزیک بوونەوەی ئێران لەبەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی کە ئەمە مەترسیە راستەقینەکەی سەر ئیسرائیلەو هیچ گرەنتیەک بۆ مانەوەی ئەو کیانە ناهێڵێتەوە ، ئەوە جگە لە توانا سەربازیەکانی تری ئێران وەکو ( موشەکی بالیستی ، فرۆکەی بێ فرۆکەوان)، بۆیە ئیسرائیل ئەیەوێت تواناکانی ئێران لەو بوارەدا تێک بشکێنێت و ئێران بکات بەدەوڵەتێکی بێ پەڕوباڵ.
ئایا ئەم جەنگە دەگات بە روخاندنی رژێمی ئیسلامی لە ئێران؟
ئەم بابەتە روون نیە چونکە وەکو وتمان ، ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل دیاری کراوە و روخاندنی رژێمەکە پلانی بۆ دانەرێژراوە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ئیسرائیل حەز بەمانەوەی ئەو رژێمە ئەکات بەڵکو ئیسرائیل توانای لە ناوبردنی ئەو رژێمەی نیە ، چونکە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای فەلسەفەی مەزهەبی و دینی دروست کراوە خاوەنی رەگو ریشەیەکی بەهێزە لە نێو کۆمەڵگای ئێرانی و جیهانی ئیسلامیدا بەتایبەتتر پەیرەوانی مەزهەبی شیعە ، کە لە هیچ حاڵەتێکدا پشتی ئەو رژێمە بەرنادەن و رابەری کۆمارەکە سەرچاوەی فەتوای شەرعیانە و مەرجعی شیعەی هەموو جیهانە.
لەلایەکی ترەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ئاستێکی زۆر لاوازە و توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی نیە، تەنها ئەوەی بتوانێت زیان بەو رژێمە بگەیەنێت هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە . بۆیە چاوەروان ناکرێت رژێمی ئیسلامی ئێران بە سانایی بروخێت ، بەڵکو لەوانەیە لەدەرئەنجامی ئەم جەنگە زیانی گەورەی پێ بگات بەڵام ناگات بە ئاستی لەناوچوونی. کەواتە ئەتوانین بڵێین بۆ ئیسرائیل بەبەراورد بە جەنگەکانی پێشتری لە فەلەستین، لوبنان، سوریا زۆر جیاوازترە.
ئەم جەنگە زیاتر جەنگی تەکنۆلۆجیای سەربازیە و هەردوولا لە رێگای موشەک و فرۆکەوە یەکتری بەئامانج ئەگرن ، ئەتوانین بڵێین لەرووی تەکنۆلۆجیاوە توانای ئیسرائیل زۆر بەهێزترە لە ئێران بەڵام لەرووی توانای مرۆییەوە ئێران زۆر بەهێزترە لە ئیسرائیل، بۆیە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت چاوەروان ئەکرێت ئێرانیەکان سود لە توانای مرۆیی وەربگرن و هەوڵی بەکارهێنانی خۆکوژو شەری دەست وەشاندن بکەن.لەم بوارەشدا ئێرانیەکان ئەتوانن سود لە سۆزی ئاینی و ئایدۆلۆجی وەربگرن و دژەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستینیەکان، لوبنانیەکان، سوری و یەمەنیەکان و بەشی زۆری ئیسلامیە توند رەوەکان لە هەموو جیهان بەکاربهێنن بۆ لێدانی ئیسرائیل.
دواجار ئەم جەنگە لەوانەیە لە خاڵێکدا کۆتایی پێ بهێندرێت چونکە ئامانجی جەنگەکە وەکو باسمان کرد دیارە و لەوانەیە ئیسرائیلیەکان هەست بکەن مەترسی چەکی ئەتۆمیان لە خۆیان دورخستۆتەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک، بۆیە چاوەروانی کۆتایی هاتنی جەنگەکەو بەردەوام بوونی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەکرێت. چونکە ئەگەر بەر بەم جەنگە نەگیرێت لەوانەیە زۆر فراوانتر بێت و وڵاتانی تریش بگرێتەوە، چونکە ئێرانیەکان جگەلە میلیشیا چەکدارەکانی لایەنگریان لە عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن، فەڵەستین جۆرێک لە هاوپەیمانێتیان هەیە لەگەڵ روسیا ، چین، کۆریای باکور و چەندین وڵاتی تر.
PM:03:20:14/06/2025
ئهم بابهته 548
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی