سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە بازارێکی گشتی!
د. ئیدریس عەبدول کاکە
سیاسەت وەکو بوارەکانی تری ژیان ، هونەر، بازرگانی، ئابوری زانستە، زانستەکانیش لە زانکۆکاندا برەویان پێ ئەدرێت و بەقوڵی ئەخوێندرێن. لە زۆر بەی زانکۆکاندا کۆلێجی سیاسەت یان زانستی سیاسی ( political science) هەیە کە نەخشە پرۆگرامێکە ، کارەکتەری سیاسی لەسەر بونیاد ئەنرێت ویارمەتی ئەدرێت کە بەقوڵی لە بنەماکانی سیاسەت وەکو ئابوری سیاسی، پەیوەندی نێودەوڵەتی، دستور و یاسای نێودەوڵەتی و…. هتد بەباشی شارەزابێت.
هەمیشە تێروانینی مرۆڤەکان بۆ رووداوەکان لەژێر کاریگەری شێوازی بیرکردنەوەو رەهەندی بیرکردنەوەی کەسەکاندایە! بۆ نمونە ئەگەر چەند مرۆڤێکی پیشە جیاواز ( پزیشک ، دادوەر، پۆلیس، هونەرمەند، کۆمەڵناس )بهێنیت بۆ تەماشا کردنی تەرمێک ئەبینیت هەریەکەیان لە بینینەکەدا گرنگی بە گۆشەیەک ئەدات و وێڵە بەدوای شتێکدا لەو تەرمەدا، چونکە هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای پسپۆری خۆیەوە خوێندنەوە بۆ رووداوەکە ئەکات و پێشبینی دەرئەنجامەکەش ئەکات.
بیرەوەریەکانم ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردو، کە بۆ کورد سیاسەت کردن وەکو یاری کردن بە ئاگر وابوو، چونکە هەمیشە بۆ چونێک هەبوو کە ئەوترا هەرچی ئەکەیت تۆ ئازادیت تەنها نزیکی سیاسەت مەبەرەوە، جا بۆیە کەسانێکی نوخبە لەو سەردەمەدا ویستی سیاسەت کردنیان هەبوو ، بەشی زۆری ئەو کەسانەش لەدەرئەنجامی خوێندنەوە بەرەو دنیای سیاسەت ئەچوون . بۆیە هەموو کەس نزیکی سیاسەت ناکەوتەوەو خۆی لەقەرەی ئەو بابەتە نائەدا. هەرچەندە شۆرشی رزگاری کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر کۆی کۆمەڵگا بێ جیاوازی چین و توێژەکان لە پەیوەست بوون بە شۆرش و بەشداری کردن لە خەباتی رزگاریدا بەڵام ئەوانەش کە لەژێر کاریگەری چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و جینایەتی ئەو رێگایەیان هەڵ ئەبژارد ئەگەرانەوە سەر خوێندنەوەو خۆرۆشنبیرکردن و زانیاری پەیداکردن لەسەر شۆرشەکانی وڵاتانی تر و رووداوە سیاسیەکان و تا رادەیەک فەلسەفەی سیاسی.
لەم رۆژگارەدا سیاسەت لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە بژێوی و ژیانی رۆژانەی خەڵک بووە، بۆیە هەر رووداوێک کە روودەدات زۆرترین قسەی لەسەر ئەکرێت ، ئەمە بە دیوێکدا باشە کە خەڵک هۆشیاری سیاسی هەبێت و بە ئاگابێت بۆ رووداوەکان ، چونکە ئەم هۆشیاریە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرگری گرتن لە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ و بەئاگا بوون ، بەڵام بەدیوێکی تردا ، جۆرێک لە فەوزاو قەرەباڵغى دروست کردووە کە لێک جودا کردنەوەی راستی لە چەواشەکاری بۆتە مەحاڵ.
لێرەدا لەوانەیە کەسێک بپرسێت جا ئەوە چ زیانێکی هەیە کە ئێمە کۆمەڵگایەکی سیاسیمان دروست کردووەو هەموو تاکێک سیاسیە؟
من پێم وایە زۆر بوونی سیاسی بەژمارە ، وەکو زۆر بوونی کتێب وایە بێ ناوەڕۆک، کاتێک کە مرۆڤ ئەچێتە کتێبخانەیەکی زۆر گەورەوە و ئەو هەموو ناونیشانە سەرنج راکێشانە ئەبینێت نازانێت چی بخوێنێتەوە، و چۆن ئەو هەموو کتێبە هەڵبسەنگێنێت کە شایستەی خوێندنەوەن یاخود نا! ئەمە کاتێکی یەجگار زۆری ئەوێت و مرۆڤ شەکەت ئەکات و تاقەت پڕوکێنە !
سیاسەت کردنیش وایە ، تۆ ئەم هەموو وتووێژو نوسین و بۆچوونە سیاسیانە ئەبینیت کاتت نیە بزانیت کامیان شایستەی گرنگی پێدانن ، بۆیە دروست کردنی ئەو قەرەباڵغيە جۆرێکە لە بێزارکردنی خەڵک لەسیاسەت، کەسانێک بەناوی چاودێری سیاسی لەشاشەکان ئەبینرێت یاخود پەرەی رۆژنامەکان و دڵی پەیجەکانیان داگیرکردوە لەوانەیە سیاسەتیان کردبێت بەسەرچاوەی داهات بەڵام هەرگیز نەبوون بەخاوەنی ئەو پیشەیە. چونکە ئەگەر مرۆڤ سیاسیەکی پیشەیی بێت هەرگیز ناتوانێت پیتێک بەپیتێکی تر بگۆرێت بێ ئەوەی قەناعەتی بۆ دروست بێت.
من هەرگیز لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەدانیم کەگوایە سیاسەت بریتیە لە درۆ ! نەخێر سیاسەت لای من رەوشتە، بابەتی بوون و پرانسیپە. کاتێک کە سیاسیەک لە رووداوەکان ئەروانێت هەمیشە وەکو بیرکاری هاوکێشەکان دیاری دەکات ! لەکاتێکدا بەدوای نەزانراوێکدا ئەگەرێیت ئەبێت لە رێگای ئەو زانراوانەوە بەدەستی بهێنیت کەلەبەردەستن، بۆیە سیاسیەک بێ زانیاری هیچ پێش بینیەک ناکات ، چونکە سیاسی فاڵگرەوە نیە بەڵکو شارەزای بواری سیاسەتە و بابەتیانە خوێندنەوە ئەکات.
نەک وەکو ئەو فەرمانبەرانەی سیاسەت کە هەمیشە حەزو ویستەکانی خۆیان و ئەوەی بەرێوەبەرەکەیان پێی خۆشە ئەکەن بەپێش بینی و شیکاری نالۆجیکی بۆ ئەهۆننەوە.
ئەوەی لەبازاری راگەیاندنی کوردی و بەتایبەتی سۆشیەڵ میدیادا ئەیبینین سیاسەت نیە بەڵکو بازار گەرم کردنە بۆ بازرگانەکانی سیاسەت، بۆیە سیاسەت وەکو زۆر شتی تر ناشرین کراوەو بووە بە چەکێک کە رەش و سپی ئەبڕێت. ئەم فەوزایە ئەگەر چی زۆر گرنگیش نەبێت و رێرەوی سیاسەت لە واقعدا نەگۆرێت بەڵام کاریگەری لەسەر دەرونی تاک و کۆمەڵگا هەیە و دەبێتە مایە بڵاوبوونەوەی بێمتمانەیی و نەهێشتنی هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی و هاندان بۆ توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی کەلتوری جنێوفرۆشتن و گەرم کردنی بازاری درۆ، هەربۆیە زۆرجار درۆزن و زمان لوسەکان سودیان لەم بازارە لێڵە وەرگرتووەو لەسەر بنەمای فێڵ و زمان درێژی گەیشتوون بە پۆستە باڵاکان بەعەقڵێکی بەتاڵەوە و توانیویانە گیرفانی خۆیان و دەوروبەرەکانیان پڕ بکەن و دام و دەزگاکانیش وێران بکەن.
بۆیە پێشینانی کورد جوانیان ووتووە نان بۆ نانەواو گۆشتیش بۆ قەساب ، هیوادارم بیر لەوە بکرێتەوە کە دەرفەت بەکەسانی پیشەیی و خاوەن توانا بدرێت کە لەبواری سیاسیدا رۆڵی خۆیان ببینن تاکو سیاسەت بتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت لە بونیادنان و پێشخستنی کۆمەڵگاکەمان.
PM:01:09:13/06/2025
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی