پێتوایە خەڵک لە ئێران هەڵبسێت و ڕژێم بڕووخێ؟

‌توانا عوسمان

پێتوایە خەڵک لە ئێران هەڵبسێت و ڕژێم بڕووخێ؟

هاوڕێیەک لەچات ئەم پرسیارەی لێکردم، ئەمەش وەڵامی منە:

پێموانیە ئەم لێدانە نەوعیە لەبەشێک لەپڕۆژە ئەتۆمیەکەی ئێران و ڕەمزە سەربازی و زانسیەکانی، دەرگا لەسەر جموجۆڵی سەرشەقام و گۆڕانگاری جەماوەری بکاتەوە، نەخێر.

ئەسڵەن خۆرئاواش پشێوی ناو ئێرانی ناوێت، ئەوان ئەیانەوێ سیستەمی سیاسی ئێران لەسەرەوە خۆی گۆڕانکاری تێبکەوێت، ئێران بمێنێتەوە بەس دەستبەرداری عەقیدەی سیاسی خۆی بێت.

خۆرئاوا حکومەتی ئێستای ئێران بە بەدیلی دامەزراوەی ڕەهبەری دەزانێت، ئەیەوێت ئەرتەشی ئێرانی حوکمی سوپا بکات نەک سوپای پاسداران، ئەیەوێت سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت ببێت بەبەدیلی نوسینگەی بەهێزی ڕەهبەر، وەزارەتی بەرگری ئێرانی باڵادەست بێت نەک فەیلەقی قودس، وەزارەتی ئابوری و پلاندادان پارە پەیدابکات نەک دامەزراوەی خاتەمی ئەنبیاء، پەیوەندیەکانی ئێران بەدەست ئەفەندیەکانی وەزارەتی دەرەوە بێت نەک ڕاوێژکارە کۆزەرڤاتیڤەکانی نوسینگەی خامەنەئی.

لەبەرژەوەندی خۆرئاوا و خلیجی عەرەبیدا نیە ئێران تێکڕا تێکبچێت، بەڵام هەموویان حەز دەکەن ڕیزی پێشەوەی دامەزراوەی ڕەهبەری و دەوڵەتی قوڵی مەزهەبی لەئێران لاواز ببێت لەبەردەم دامەزراوە فەرمیەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیدا.

واتە بەدیلی دامەزراوەی ڕەهبەری ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیەتی، ئەمەش بەڕای خۆرئاوا کاتێک دێتەدی کە ڕەمزە توندڕەکانی ئێران لەناوبەرن و وا پیشانی ناوخۆی ئێران بدەن کەعەقیدە سیاسیەکەیان سەبەبکاری پاشکەوتنی ئێرانە، لەهەمان کاتدا دەستی هاریکاریی و گفتوگۆ بۆ ئیسڵاحیی و دەوڵەتمەدارەکانیان درێژبکەن و وا پیشانی ناوخۆی ئێرانی بدەن کەئەوان بەدیلن.


AM:11:39:13/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی