هێرۆ خان پێی وتم مامۆستا وا نییە ،بەڵام لەبەر خاتری تۆ وایە !
بارزان شێخ عوسمان
دیاری ئێمە بۆ دادە هێرۆمان ، لە ساڵڕۆژی لە دایکبونیدا ، وێڕای پیرۆزبایی و هیوامان بۆ لەش ساغیی و تەمەن درێژیی ، بیرهێنانەوەی بەخششەکانی ئەم مرۆڤە مەزنەیە بۆ گەلەکەی .
بە داخەوە ئێستا بە هۆی نەخۆش کەوتنیەوە ئەو دەرفەت و بوارە ناڕەخسێت کە بەردەوام بێت لەسەر داهێنانە نوێ یەکانی بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەکەی .
هەر کەسێك لە هەر بوارێکدا کاری لەگەڵ هێرۆخاندا کردبێت یا لە نزیکەوە ناسیبێتی ، گەورەیی ، خاکیی بون ،لێبوردەیی و دەیان خەسڵەتی پڕ بەهای تری لا بەرجەستە بوە و هەرگیز ، بەهێزیی و بەهەڵوێستیی دادەی لەبیر ناچێت .
ئەو وشەو رستانە هەر ئێمەو مانان نایڵێین و ناینوسین کە لە خزمەتیدا بوین (هەرچەندە دەزانم ئەو دەستەواژەی لە خزمەتدامەت زۆر پێ ناخۆشە)، هەمو پێشمەرگە ،سیاسەتمەدار ،روناکبیر ، هونەرمەند ،چالاکوان بە ژن و پیاوەوە ،مناڵان و جەوانان لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان لەوپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی راست ، سەرباری جیاوازییە فیکرییەکانیشیان ، هەمان روانین بۆ هێرۆ خان دەردەبڕن .
بە درێژایی ساڵانی خەباتی چەکدار سەرباری خۆ جیا نەکردنەوەی لە ژیانی رۆژانەی پێشمەرگە ،بۆ ساتێکیش لە چالاکیی و داستانەکان دانەبڕا و. بە کامێراکەی دەستی و ئەوەکەی تری سەرشانی لە سەنگەرەکانی پێشەوە چاوەکانی لەسەر ئاڕاستەی گوللە ئاڕبیجی و فیشەکی پێشمەرگەدا نەدەتروکاند بە ئامانجی تۆمارکردنی سەروەرییەکانی ئەو چالاکیی و داستانانە . هێرۆخان مێژوە نوێ یەکەی شۆڕشی نوێی کردە مێژوەیەك تا ئێستاش لە تۆمار و ئەرشیفی خەباتدا بە زیندویی ماوەتەوە . لە سەردەمی خەباتی شاخدا پشتیوانێکی قەڵا ئاسا بو ، بۆ هەر بیرۆکەیەك کە خزمەت بە پێشمەرگە و خەڵکی دێهاتە ئازادکراوەکان بکات ، هەر لە کردنەوەی قوتابخانەکانی شۆڕش تا کاری هونەریی جیاجیا ، ئەوە مامە خەمەییەکەی بۆ هەر لێقەوماوێك یا غەدر لێکراوێك لەوێ بوەستێت .ئاخر هێرۆ خان لە ئاست ناهەقییدا حەدیی بو لەلای جیاواز نەبو ئەو ناهەقییە رژێمی دیکتاتۆریی بەرامبەر گەل دەیکات یا مرۆڤێك بەرامبەر مرۆڤێك . بێ جیاوازی رەنگ و نەتەوە و فیکر .
بەخششەکانی دادە هێرۆ و بیرۆکە خزمەتگوزاریی ،روناکبیریی ، ئاوەدانیی ،هونەریی ، کلتوریی ،رێکخراوەیی ،میدیایی ،تا دەگاتە کلتوریی و چاودێرێی مناڵان و پاراستنی ئاسەوار و مێژویی ،هێندە زۆرن کە ناتوانم لەم وتارەدا مافی خۆیان بدەمێ .
نەخۆشخانەی هیوا ، رزگارکردنی هەزاران مناڵ لە نەخۆشییە جیاجیاکان تا دەگاتە پاراستنی ئەمنە سورەکە ، رێگرتن لە تێکدانی سەرای سلێمانی ، نوێکردنەوە ی چەندین خانوی کۆنی گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی دڵۆپێكن لە دەریای بەخششەکانی ئەم مرۆڤە مەزنە .دیارە هەمو ئەو ئەرکانە بە پشتیوانیی سەرۆك مامجەلال و ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و روناکبیرانیش بوە .
هەر چەندە لە چەند کاتێکی جیادا بە خزمەتی گەیشبوم لە دۆڵی جافەتیی ،سەفرە ، سەقز ،زەڵێی بناری مامەندە و قاسمەرەش ، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٩٦ ەوە بە تایبەتیی کە کرامە بەڕێوەبەری دەنگی گەلی کوردستان (ئێزگەکە)
زیاتر بە دیداری شاد دەبوم ، ساڵی ٢٠٠٣ش کە لەسەر داوای خۆی و رەزامەندیی سەرۆك مامجەلال ئەرکی لێپرسراوی هەواڵم خرایە ئەستۆ لە کوردسات ، سەرباری ئەوەی کاك ئاوات نجم الدین ی بەڕێوەبەر لێپرسراوی راستەوخۆم بو ،بەڵام بەردەوامیش پەیوەندیی و گفتوگۆم دەبو لەگەڵ هێرۆ خاندا .لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەی کوردسات و ساڵانی دواتریش کە لە سەرۆکایەتیی کۆمار لە خزمەت سەرۆك مامجەلالدا بوم ، بۆ ساتێکیش هەستم بە بچوکترین خاڵ نەکردوە کە گوفتار پێچەوانەی کردار بێت . هێرۆ خان هەر ئەو کەسایەتییە راست و عادیلە بوە کە لامان ناسرابو ،هەر کەسە خاکیی و پێشمەرگەکەی جاران بو ،هیچ دەسەڵاتێك ئەو دابو نەریتە رەسەنەی پێ نەگۆڕیبو ،ئاخر ئەو هەر لەسەرەتاوە هێرۆ خان و دادەی هەموان بو ،ئیتر چی گۆڕاوە تا ناسنامەکەی بگۆڕێت .
هێرۆ خان لەگەڵ ئەوەی حەدیی بو ،بەڵام لە ئاست مەسەلە مرۆڤایەتییەکاندا ، دەیتوانی گەورەییەکەی بە لێبوردەیی بەرجەستە بکات .
چەند جارێك هەندێك لە ئازیزانمان لەبەر هەر هۆیەك بوبێت لە هەنگاوێکدا لە رێنماییەکان دەردەچون ، کاتێك دەهاتە سەر لێپرسینەوە ، هەم بۆ ئەوەی لێپێچینەوەکەیان لێ قورس نەکرێت ،هەم بۆ ئەوەی بەخشندەیی و گەورەیی دادەیان پێ بسەلمێنم ،عەرزم دەکرد (هێرۆ خان من ئاگادارم و پرسم پێ کراوە ) دوای تیا رامانێك دەیفەرمو " مامۆستا ئەوەندەی من دەرونی مرۆڤەکان بخوێنمەوە زۆر دڵنیام کە تۆ نەدور نە نزیك ئاگادار نیت و وانیە ، بەڵام با لە بەرخاتری تۆ وا بێت ……….هتد ".
دەبێت ئەوە چ بەخشندەیی و گیانێکی لێبوردەیی بوبێت کە لەم سەرکردە و مرۆڤە مەزنەدا رەگی داکوتابێت ،بە دڵنیاییەوە هەر لە ئاست مندا بەو جۆرە نەبوە ،ئەو کە لە کەسێك بگەشتایە بە چاك یا خراپ مامەڵەی وەك خۆی لەگەڵدا دەکرد .
دوبارە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی لە دایکبونت لێ دەکەم هێرۆ خان،.
AM:11:27:12/06/2025
ئهم بابهته 576
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی