بەکارهێنانی مووچە وەک کارتێکی سیاسی دڕندەییە!
دەشتی جەمال
مووچە وقوتی خەڵكی کوردستان چەکی سیاسی نییە تا بتوانرێت بە ئاسانی لەکایەی سیاسی بەغداو هەرێمدا یاری پێبکرێت، موچەی مامۆستایان، پەرستاران،خانەنشینان، فەرمانبەرانی حکومی، کرێکارانی ڕشتە جۆراجۆرەکان .. دەبێ هەمیشە گەرەنتی بکرێت، دانوستانیان لەسەر نەبێت و لە دەستوەردانی سیاسی بپارێزرێت. بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیاندا لەململانی سیاسی نێوانیان، دریژە بەم کردەوە دڕندانەیەو سووکایەتیکردنە دەدەن.
کرێکاران و فەرمانبەران لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بناغەو بڕبڕەپشتی جوڵەو چەرخاندنی هەر کۆمەڵگایەکن. ئەوان کە رۆژانە دەچنە سەرکارەکانیان و کاروباری کۆمەڵگا بەڕیوەدەبەن، لەبەرئەوە نیە کە فەرمانێکیان پێکراوەو دەبێ جێبەجێ بکەن، بەڵکو ئەوان بەناچاری بۆئەوەی خۆراک و پۆشاک و سەرپەنایەك بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دەستەبەر بکەن، دەبێ هێزی کاریان بفرۆشن، دەبێ رەنج بدەن و زەحمەت بکێشن تا بەردەوامی بە ژیان بدەن، کەسەرەنجام ئەو زەحمەتەی ئەوان دەبێتە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان بە کۆمەڵگا. ئەوان مامۆستایەکن کە مناڵەکانمان پەروەردە دەکەن، پەرستارن لە نەخۆشخانەکان ژیانمان رزگاردەکەن ، یان پاککەرەوەی شوێنە گشتیەکانن، کارگێڕانی دڵنیابوون لە گەیشتنی خزمەتگوزارییەکانن بۆ خەڵك!
برینی موچەی خانەنشینێك کە بەدریژایی ژیانی خزمەتی بە کۆمەڵگە گەیاندەوە، لەبری رێزگرتن لە ماندووبوون و خزمەتیان بە کۆمەڵگا، بەڵام مووچەکانیان ببڕدرێت کە تاکە سەرچاوەی ژیانیانە، تاوانێکە بەرامبەر بەوان دەکرێ. بەداخەوە هەر ئەو حکومەتەی کە بڕیارە ئیدارەی کۆمەڵگە بکات، ئامادە نیە کە مووچەی ئەوان و مووچەخۆرانی دیکە بدات! مافەکانیان پێشل دەکات! خۆیان و خێزانەکان برسی دەکات! وادەکات منداڵان واز لە خوێندن بهێنن جونکە دایکوباوکیان ناتوانن خەرجی خوێندنیان دابین بکەن. قەرزەکانیان لەسەر کەڵەکە دەبێت، تەندروستی دەروونیان تێکدەچێت!
حکومەتی هەرێم و ناوەند بەهۆی ناکۆکیەکانیانەوە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهات، خەڵکی کوردستان و موچەخۆران دەکەنە قوربانی لەونێوەدا، نانیان دەبڕن.. سەرچاوەی ژیانیان زەوت دەکەن. بەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی بەڕێوەی دەبەن، سزای یەکتر نادەن، بەڵکو سزای خەڵك دەدەن و ژیانی وقوتی خەڵك بە بارمتە دەگرن! لەکاتێکدا پارە و موچەی پەرلەمانتارو وەزیرو دەستو پیوەندەکانیان، هێزە ملیلیشاکانیان ودەزگاکانی راگەیاندنیان بۆ تەنها رۆژیکیش دوا ناکەوێت! پارەی گەندەڵی بەقاچاغبردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵەسنوریەکان ، وەرگرتنی رسومات وداهاتی ناوخۆیان بۆ یەك چرکەش ناوەستێ .
ژیانی فەرمانبەران و کرێکاران ئامرازێکی ململانێ و دانوستان نیە، هیچ بیانوویەك نییە بۆ بە بارمتەگرتنی لەلایەن هیچ کام لە بەغدا و هەرێمەوە. مووچە دیاری سیاسیەکان نییە تا بیدەن، حەقدەست و بەرهەمی رەنج و کاری ئەوانە! دەبێت بەپێی یاسا پارێزراوبێت و گەرەنتی بکرێت وە لەکاتی خۆیدا بدرێت. ئەم هەنگاوەی حکومەتەکەی سودانی و مەسرور بارزانی لە دزینی بژێوی ژیان و حەقدەستی فەرمانبەران بۆ خەڵکێك کە خزمەتی دەکەن و کۆمەڵگەیان ڕاگرتوە،دەبێت ناوی چی لێ بنرێت جگە لە شکست و داڕمانی دەسەلات و حکومەتێکی بێ پەیوەند و دژ بەژیان و گوزەرانی کۆمەڵگاوە.
دانی کرێ وهەقدەست گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نێوان حکومەت لەلایەك و کرێکارانی کەرتی حکومی و فەرمانبەرانە و هەرجۆرە پێشێلێکردنێکی لەژێرپێنانی یاسایە. زۆر بەسادەیی و بەکورتی کاتێك کەسێك کارێك و خزمەتێك پێشکەش دەکات، لەبەرامبەریشدا دەبێ کرێیەکی دادپەروەرانە و لەکاتی خۆیدا پێتبدرێت. کاتێك دەسەلات و حکومەتێك ئەو گرێبەستە دەشکێنێت، ئەوا شەرعیەتی مانەوەی لەدەستدەدات وە دەرگا بەڕووی نائارامی و ناڕەزایەتی و داڕماندا دەکاتەوە. کاتێك دەسەلات و حکومەتێك خەڵك برسی بکات و موچەیان نەداتێ، ئەوە ئەو دەسەڵاتە شکستخواردوەو ئیتر ناتوانێ ئیدارەی کۆمەڵگا بکات و دەبێ بڕوات .
هەربۆیە پێویستە بەخەباتی جەماوەری و ریزی یەکگرتوانەی کریکاران و فەرمانبەران و هێنانەمەیدانی فراوانی ناڕەزایەتیەکان و ڕاکێشانی پشتیوانی کریکاران و فەرمانبەرانی عێراق، مووچەو قووتی خەڵک و مووچەخۆرانی کوردستان لە یاری گڵاوی دەستشکاندنەوەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم دەربهێنرێ. بژیوی خەڵکی کوردستان نەکرێتە کارتی فشاری سیاسی لەنێوان ئەو دوو حکومەتە دژە خەڵکی و دژە کرێکاریەدا. دەبێ دەستبەجێ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان خەرج بکرێ و هیچ رێگریەك بۆ خەرجکردنی مووچە دروست نەکرێ. ئەگەر حکومەتی هەرێم سەرپێچی دەکات لە ناردنی داهاتی ناخۆی هەرێم بۆ بەغدا، ئەوا لەجیاتی سزادانی مووچەخۆران کە لەلایەن خودی حکومەتی هەرێمەوە ستەمیان لێدەکرێ، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لەرێگای یاساوە سزابدرێن و ناچاربکرێن بە ڕادەستکردنی داهاتەکان.
PM:05:28:11/06/2025
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی