حزب و بەرەی جیاواز
دڵشاد ئەنوەر
لە ئێستادا دوو جۆر جوڵە لە نێو حزبە کوردییەکاندا دەبینرێت، جوڵەیەی پارتی و یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ جوڵەی لاهور شخ جەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ یەک بەرەیی یان یەکهەڵوێستی.
وڵاتانی ڕۆژاوا تێگەشتنی قوڵیان بۆ ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی هەیەو هەمیشە هاندەریانن بۆ ڕێککەوتن، جوان لەوەش تێگەشتوون تا ناکۆکییە شەخسییەکانیان ئاسایی نەکرێتەوە، ڕێککەوتنی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەستەمە.
بۆیە سەرەتا کاتێک بافڵ تاڵەبانی سەردانی هەولێری کردو دوو قۆڵی لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبوویەوە، سەردانەکە بە هاندانی لایەنێکی نێو دەوڵەتی بو، تا سەرەتا پەیوەندی کەسییان باش بێت، دواتر زەمینەی ڕێککەوتن بڕەخسێنرێت.
ئێستا نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی وەک ئەوەی ویسترا باشە، ئەمەش وایکرد گفتووگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامییان بێت. یەکێتی و پارتی بۆ ڕێککەوتن خاڵی جیاوازیان هەیە، بەڵام جگە لە ڕێککەوتنیش هیچ دەرفەتێکی تر لە پێشیان نییە.
هاوکات لەگەڵ جوڵەو دیداری نێوان یەکێتی و پارتی، لاهور شێخ جەنگیش جوڵەی دەستپێکردووە، سەرۆکی کۆمەڵ و ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی بینی، جوڵەکەشی بۆ یەکخستنی هەڵوێست و یەک بەرەییە.
ڕەنگە لاهور شێخ جەنگی دواتر هەوڵی بینینی بەرپرسانی نەوەی نوێ و هەڵوێستیش بدات، بەڵام ڕوون نییە جوڵەکانی تا چ ئاستێک بەردەوامیان دەبێت و ئەگەری سەرگرتنی زۆرە یان کەم.
ڕەنگە هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی هەنگاوێکی باش بێت، بەو پێیەی ئێستا پەرتەوازەو بێ کاریگەرن، بەڵام کۆبوونەوەی هەموویان لە ژێر چەترێکدا، هیچ نەبێت هەڵوێست و کاریگەرییان بەهێزتر دەکات.
PM:04:54:29/04/2025
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی