خیانەتی ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەڵات!
ئارام سەعید
خیانەتی ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەڵات!
کامیان هاوپەیمانی بکەن حزبەکانی دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن؟
ساڵانێکی زۆرە ئۆپۆزیسیۆن لەهەرێمی کوردستاندا بانگەشەی روبەروبونەوەی دەسەلات دەکات، بەلام ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و نەبونی متمانە لەنێوان هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا و شکستی دروستکردنی هاوپەیمانیەک بۆ ئۆپۆزیسیۆن هەستێک لای دەنگدەران دەخولقێنیت کە ئەوانیش خیانەت لەدەنگدەرانیان دەکەن. لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عیراق شکستی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوی ئۆپۆزیسیۆن نەک تەنها کاریگەریان کەم دەکاتەوە بەڵکو هیوا و ئومیدی هەموو ئەوانەش لاوازدەکات کە خەونی گۆڕانکاریەکی راستەقینەیان هەیە.
لەلایەکی ترەوە یەکیتی لەچەند بۆنەیەکدا مژدەی هاوپەیمانی و دروستکردنی یەک لیستی بۆ پارتی و یەکێتی باس دەکات، کەئەمەش دەبێتە هاوپەیمانیەک بۆ هەلبژاردنی پارلەمانی عێراق هەرچەندە بەگفتوگۆکانی نێوانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت دیارە کە ناکرێت.
هاوپەیمانی کامیان باشە دەسەلات بەتەنها یان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات یەک لیستی نیشتمانیان هەبێت؟
لەم نوسینەدا ئەنجامەکانی ئەو شکستەی ئۆپۆزیسیۆن و کاریگەریەکانی لەسەر حوکمڕانی و ئایندەی دیموکراسی باس دەکەین لەگەڵ ئەگەری هاوپەیمانی هێزەکانی دەسەلات و کاریگەریەکانی لەسەر ئەنجام و ئامادەیی کورد لەبەغداد و لەکۆتاییدا گەر هەموان یەک لیستی نیشتمانی پێکبهێنن چی روو دەدات!
رۆڵی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن:
لەسیستمی سیاسی دیموکراسیدا ئۆپۆزیسیۆن رۆڵیکی گرنگی هەیە بەتایبەتی لە چاودیریکردنی دەسەڵات و پێشکەشکردنی بەدیل بۆ سیاسەتەکانی حکومەت. لەهەریمی کوردستان حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڵینی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵیی و ئایندەیەکی گەشاوە دەدەن بە خەڵک و بەم هۆیەوە سەرنجی زۆری دەنگدەرانیان بەلای خۆیاندا راکیشاوە. هەربۆیە شکستیان لەدروستکردنی هاوپەیمانیەک لەنێوان خۆیاندا متمانەی دەنگدەرانیان کەم دەکاتەوە و خەڵک بێ هیوا دەکات.
دابەشبون، زۆربەی شکستەکان بەهۆی پێشبرکی و ناکۆکی شەخسیەوەیە، یان بونیی بەرژەوەندی جیاواز، یان ئایدۆلۆژیای جیاواز، لەجیاتی دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش ئەولەویەت بە ئەجندا شەخسیەکانیان ئەدەن، نەک ستراتیژی هاوکاری نێوانیان، کەدەبێتە بەدەستهێنانی کورسی زیاتر بۆ هەلبژاردنی پارلەمانی داهاتوو، ئەم شکستە دەبێتە سەرهەلدانی بێ ئومیدی رای گشتی، هاولاتیان هەست دەکەن دەنگەکانیان لەلایەن ئەو سەرکردانەوە بەکاردەهێنریت کەمەبەستیان دەسەڵاتی شەخسیی خۆیانە نەک داواکاری خەڵک. کەئەمەش کاردەکاتە سەر کەمیی دەنگدەران و زیادبونی بایکۆت.
بێگومان لەهەلبژاردنی کوردستاندا نەیانتوانی هاوپەیمان بن بۆیە بۆ پارلەمانی عیراقیش ناتوانن. دەرئەنجام دروستنەکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لاوازتریان دەکات بەرامبەر دەسەڵات، بەبی ستراتیژێکی کاریگەر ناتوانن هێزیان دەربکەوێت و کوتلەیەکی گەورە پێک بهێنن بۆ گۆرانکاری. جگەلەوەی دەبێتە بەهیزکردنی دەسەلاتی سیاسی ئیستای کوردستان و ئەوانیش ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و چەپۆکیان بەسەر دەسەڵاتدا بەهیزتر دەبێت و دەنگدانی لایەنگرانیان دەفەوتێت.
کاریگەریە دوور مەوداکان:
لەدوور مەوداشدا ئەم هێزانە لەئەنجامی ئەو خیانەتەی لە دەنگدەرانی دەکەن ریسک بە وجودی خۆیان دەکەن و پەراویز دەخرێن و بەهاکانی دیموکراسی تەواو لاواز دەبێت ومتمانەیان کەمتر دەبێتەوە. توانایان بۆ بەرگری لەمافی هاوڵاتیان و دخوازیەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە.
رێگا دروستەکە ئەوەیە رۆشناییەک بەرەو گۆرانکاری دروست بکرێت و ئۆپۆزیسیۆن لەمەترسیەکانی دۆخەکە تیبگات بەم هەنگاوانە:
• ئەولەویەت بدریت بە دروستکردنی هاوپەیمانی لەجیاتی ململانێکانیان
• گویگرتن لە دەنگدەرانیان و چارەسەری تیگەیشتن لە مەترسیەکانیان کە ئومیدیان بۆ دروست دەکات
• پێکهێنانی سەکۆیەکی هاوبەش بۆ راگەیاندنی تیروانینی هاوبەشیان بۆ پێکهێنانی بەدیلی دەسەڵات.
دەکرێت شکستی ئەم هاوپەیمانیە ناوبنێین خیانەتی ئۆپۆزیسیۆن کە کاریگەری قووڵی لە دۆخی سیاسی کوردستان کردوەو گۆرانکاری گەورەی لەباربردوە. ئەگەر ئەو حزبانە ئەمجارەش شکست بهێنن لە یەکخستنی دەنگدەرانیان و خەونەکانیان ئەوا ئایندەیەکی تاریک چاوەروانی ئەوان و خەونی گۆڕین دەکات و ئومێدی خەلک بەوان بەرەو نادیار دەروات.
ئەم شیکردنەوانە بۆلایەنەکانی یەکیتی و پارتیش هەروایە لەکاتیکدا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یەکدەنگ بن لەمامەلە لەگەل بەغداد بەهیزتر دەبن بەلام ناکۆکی و ململانێی نیوانیان ریگە بەوە نادات و هەمیشە تیروانینی جیاواز و هەلویستی جیاوازیان بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغداد هەیە.
ئەگەری سێهەم دروستکردنی لیستیکی نیشتمانیە بۆ کوردستان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کە دەبیتە هۆی بەهێزبونیان لە گفتوگۆکانی پارلەمان و حکومەتی عیراق، دەتوانن باشتر بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی کوردستان و مافەکانی بکەن. رەنگە ئەو ئەو یەکبونە ببێتە هۆی دروستکردنی هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ لیستە عیراقیەکانی تر و بەهیزبونی پێگەی کوردستان و گوێگرتنی زیاتر لە داواکاریەکان.
ئەم لیستە نیشتمانیە ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەهێز دروست دەکات کە ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی حزبی تێدەپەرینێت، بەمەش کورد لەعیراقدا رێزو شکۆی زیاتری دەبێت لەلای هاوپەیمانەکانی و بەشەکانی تری عیراقدا. سەرەرای ئەمانەش رێژەی دەنگدان و حەماسی دەنگدەران زیاتر دەکات چونکە دەنگدەر ئەوکات هەست دەکەن دەنگیان بەفیرۆ ناروات.
بەگشتی ئەگەرەکانی دروستکردنی هەر هاوپەیمانیەک لەوانەی باسمان کرد کاردەکاتە سەر پرۆسەی سیاسی ناوچەکەو هەر ئەگەرێکیان کاریگەری جیاوازی هەیە، ئەگەری یەکەم هاوۆپەیمانی هەموو ئۆپۆزیسیۆن بەهیزیان دەکات و دەتوانن کاریگەری گەورە لە باشترکردنی حوکمڕانی بکەن، ئەگەری دووهەم کە هاوپەیمانی هێزەکانی دەسەلاتە لەبەغدا بەهێزیان دەکات و لە کوردستان دەسەلاتیان زیاتر دەچەسپێنن و ئۆپۆزیسیۆن لاواز دەبێت، ئەگەری سێهەم کە پێکهێنانی لیستێکی نیشتمانیە، کوردستان رۆڵی لە نەخشی سیاسەتی عێراقدا بەهێز دەبێت.
لەکۆتاییدا ئەگەر سیاسەتمەدارانی هەرێم دەیانەوێت لە عیراقدا بەرەنگاری تەحەدیەکان ببنەوە گۆرانکاری بنەرەتی بکەن پێویستیان بەهاوپەیمانی و پیکەوەییە وهێنانەدی ئەو خەونەی کوردستان کوردستان کە یەک زۆنەو دابەشبونی سیاسی تیدا نیە، بانگەوازیکی راستگۆیانەیە بۆ سەرکردەکان، دەنا بەهەمان شێوەی ئێستا بەلاوازی لە بەغدا دەردەکەونەوەو رۆژ بەرۆژ لاوازتر دەبن، هەرچەندە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئیرادەی سیاسی هیزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن سەربەخۆی تەواو نیە و دەستوەردانی هەریمی ونیودەولەتی هەیە، بەڵام ئەو لیستە نیشتمانییە بەرەیەکی بەهێز بەرووی دراوسێ و لایەنە نیودەولەتیەکانیش دروست دەکات و ئیرادەی بەهێزتر دەکات.
PM:07:19:28/04/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی