مەزڵوم عەبدی لە هەولێرە

‌زەردەشت ئەحمەد

لە ڕووداوێكی دیپڵۆماتی گرنگ، لەسەر بنەمای هاوڕەنگی كورد و هاوپەیوەندی نێوان پارچەكانی كوردستان، ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی، سەرۆكی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

دوێنێ شەو وەزیری دەروەی فەڕەنسا (ژان نوێل بارۆ) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوە دا كە لەگەڵ مەزلوم عەبدی كۆدەبێتەوە، ئەمە بۆپێگەی سیاسی هەولێر گرنگە بەڵام لەوە گرنگتر بۆ كورد ئەوەبوو كە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە، وەك ئاماژەیەك و ئومێد بەخشێك بۆ یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی سیاسی لەبەرامبەر گۆڕانكاریەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ئەم دیدارە فەرمیەی كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، بە وەرچەرخانێكی نوێ دەبێندرێت و داننانە بە هەبوونی یەكتری و لەهەمانكاتدا هاوتەریب بوونی سیاسەتی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانە، دەكرێت ئەمە نمونەیەكی زیندووبێت بۆ هەردوو پارچەكەی دیكەی كوردستان لە ئێران و توركیا.

هەرچەندە ئەوەی لە میدیا ئاشكرا دەكرێت بۆ خەڵك نوێیە بەڵام بۆ سەركردایەتی كورد كۆنە"پێشتر لە وتارو دیدارەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بە ئاشكرا دەركەوتبوو كە دیدو هەوڵی سەرۆك بۆ هەردوو پارچەی كوردستان بەرەو یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی لەچوارچێوەی سیاسەتێكی واقعیانە هەنگاو دەنێت " بەڵام ئەو دیدارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندە مەزڵوم عەبدی جیاوازترە، چونكە وەك دەزگایەكی هەرە باڵای فەرمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری دیفاكتۆی پارچەكی دیكەی كوردستان كۆدەبنەوە وباس لەئایندەی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە دەكەن.


ئەو سەردانە بۆ رای گشتی كورد تێڕوانینی هەردوو لای ڕوونكردەوە كە هاوڕەنگی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا هەوڵێكە بۆ پاراستنی دەسەڵات وخاك و خەڵكی پارچەیەكی دیكەی نیشتیمانی كورد لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشەو بێشەی ناجێگیر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەناوی هەموو گەڵی هەرێمی كوردستان بە رای گشتی كوردی گوت، پشتیوانی و پشتگیرییەكانی بۆ هاوخوێنەكانی خۆی بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند و ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی هاوپارچەكانی خۆی.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی سەربازی ڕۆژئاواش بەهۆی ئەو پشتگیرییە فراوانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە لێی دەكرێت لە كۆششی ئەوەدایە ناوماڵی كورد لەگەڵ حزبەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان رێكبخاتەوە و سیستەمێكی حوكمڕانی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە سوریا بۆ كورد جێگیر بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بنەمای داهاتووی سیاسی بچەسپێنن .

ئەوەی كە گرنگترە هەولێر، جیا لە پایتەخت بوونی" پێگەی سیاسی هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا تاكو ئێستاش بووەتە ناوچەیەکی دیپڵۆماتی گرنگ و ناوچەیەكی زیندوو بۆ چالاكییە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد، ئەوەی گرنگە كورد بەگشتی ئەو تێگەیشتنەی هەبێت كە هەولێر ناوەندی هەموو جۆرە چالاكیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیە بۆتە میترۆپۆلی رۆژهەلاتی ناوەراست ، پێویستە شانازی پێوە بكەین و لە تەنگانەدا بیپارێزین وەك ماڵی هەموو كوردێك.


PM:08:31:24/04/2025

ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی