بزووتنەوەی "هەروەها منیش"
د. نازەنین عوسمان
لە ساڵی 2006 هاشتاگی (#MeToo) ، کە بەکوردی واتە "هەروەها منیش"، یاخود "منیش"، لەلایەن چالاکوانی ئەمەریکی (تارانا بورک) راگەیەنرا، بۆ پشتیوانی لەو کچانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی پشتگوێخراو و لە شوێنی کارکردندا.
ئامانجی ئەو بزووتنەوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و هاندانی قوربانیانی لاقەکراو، توندوتیژیی سێکسی و هەراسانکردن بوو، کە چیتر بێدەنگ نەبن و بێترس و بەئاشکرا باسی لێوە بکەن و داوای مافەکانیان بکەن، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم رێگەیەش نەک هەر ئاسانکارییە بۆ قوربانییەکان، بەڵکوو ئاسانکارییشە بۆ دادگاکان تا ئاسانتر بگەن بە بەڵگەکان.
بزووتنەوەکە لە پاش 2017 پەرەی سەند و ئەو هاشتاگە لە زۆر وڵاتدا بوو بە ترێند، بە پلەی یەکەم ژنان کەوتنە دەربڕین و باسکردنی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەی کراوەتە سەریان. ئەم بزووتنەوەیە لە سێکتەرەکانی سینەما و رۆژنامەوانیدا زۆر بەخێرایی گەشەی کرد تا ئەوەی گەیشتە خەڵکی ئاسایی و باسیان لێوە دەکرد. سۆشیالمیدیا رۆڵی کاریگەری هەبوو بۆ بڵاوبوونەوەی و شەرمشکان لەوەی باسی دەستدرێژیی سێکسی بکەن.
بزووتنەوەی "هەروەها منیش" لە هەندێک وڵاتدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، بۆ نموونە لە هیندستان و یابان. هاوکات بە بڕوای هەندێک لایەن، بە سوودوەرگرتن لە بانگەوازی "هەروەها منیش"، هەندێک کەس بە شێوەیەکی نادروست و ناڕاست بۆ تۆڵەسەندنەوە و پارەکێشانەوە لە کەسانێک کە پەیوەندییان بە دەستدرێژییەوە نەبووە، بەکار دەهێنرێت. ئەو کردەوانەش بزووتنەوەکەی تووشی کێشە کردووە.
زۆر قورسە لە وڵاتی دواکەوتووی نێرسالار و خێڵەکیی وەک کوردستاندا ئەو جۆرە بزووتنەوانە بڵاو بێتەوە و ئەو کەسانەی توندوتیژیی سێکسییان بەرانبەر کراوە، بەئاشکرا باسی لێوە بکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، مەگەر لەژێر ناوی شاراوە و خوازراودا، چونکە لەجیاتی ئەوەی پاڵپشتییان بکرێت، هێندەی تر ناوزڕاندن و بێڕەوشتییان دوادەخەن و نەک هەر خۆیان و خێزانەکەیان، بەڵکوو کەسوکار و حەوت پشتیشیان دەبنە جێگەی تانە و باسوخواس.
لە کۆمەڵگەی وەک کوردستاندا، زۆر جار خەتاکە زیاتر دەخرێتە سەر کچکە وەک لە دەستدرێژیکەر و پاکانە بۆ ئەو دەستدرێژیکردنە دەهێنەوە، هەتا ئەگەر قبوڵیشیان نەبێت. زۆربەی کات دەستدرێژکەر لە شوێنی بەهێزدایە؛ پشتبەستووە بە هێزی جەستە و پێگەکەی.
بەپێی یاسای عیراقی، دەستدرێژیی سێکسی بریتییە لە هەر هەڵسوکەوتێک بەرانبەر بە کەسێکی تر، جا چ ژن چ پیاو بێت، ناڕەوا و نائاسایی بێت و پەیوەست بێت بە سێکسەوە؛ زارەکی بێت (وەک کۆمێنت، گاڵتەی سێکسی و فشار بۆ پەیوەندیی سێکسی)، یان پەیوەندیی جەستەیی، یاخود هەر رەفتارێکی تر (وەک نزیکبوونەوە) کە ئامانجێکی سێکسی هەبێت، ئەگەر کارەکە کاریگەری لەسەر کەرامەتی کەسەکە هەبوو و ناڕەزایی دەرخست، چ بەئاشکرا دەریبڕی یان لە ناوەڕۆکدا دژ بوو.
ترس لە ناوزڕان و لە شەرمەزاریی قوربانییەکان و خێزانەکانیان، دەبێتە هۆی بێدەنگییان و شاردنەوەی. هەروەها بەسزانەگەیاندنی تۆمەتباران لە رێگەی یاساوە، یان لە رێگەی رێککەوتنی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی، دەرەنجامی شاردنەوەی ئەم تاوانەن.
کچە 10 ساڵییەکەی هەولێر کە لە ساڵی 2020 دەستدرێژیی کرایە سەر لەلایەن شەش کەسی خزم و ناسیاوی، کاتێک باوکی شکاتی کرد و لە هەموو میدیاکانی کوردستاندا نیشان درا، هەندێک لە دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی پاساویان بۆ ئەو جۆرە دەستدرێژییە دڕندانەیە نەدەهێنایەوە و دژی ئەو تاوانە بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا دژ بەو ئاشکراکردنە بوون لە میدیاکاندا.
لە کەیسی (فەیرۆز ئازاد)دا کاتێک لەلایەن دوو کەس لە نهۆمی پێنجەمەوە خرایە خوارەوە، ئەوەندەی لۆمەی فەیرۆز و دایکی کرا و باسی بەدڕەوشتییان کرا، بە چارەگی ئەوە باسی خەتاباریی تاوانبارەکان نەکرا.
هەرچەندە لە ساڵی 2011 یاسای ژمارە 8ی (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان) لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا و لە یاساکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە تا سێ ساڵ دوای دەستدرێژیکردنەکە دەکرێت سکاڵا تۆمار بکرێت. لەگەڵ ئەوەش، قوربانییەکان ترسیان لە دەربڕین و باسکردنی هەر هەیە و بەشاراوەیی دەیهێڵنەوە.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆی کوردستان، هەرچەندە رۆڵی گرنگی بینیوە بۆ یارمەتیدانی هەندێک لەو کەسانەی توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێت و داڵدەیان دەدەن. بەڵام بوونی ئەو دەزگایە و دەیان رێکخراوی تری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، نەیانتوانیوە رێژەی توندوتیژی زۆر کەم بکەنەوە. بەهێزبوونی بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان و پەیوەندیی خێڵەکیی نێو کورد و چارەسەری کێشەکان لە رێگەی مەحسوبیەت و خزمخزمێنە و پارەوە، چارەسەری توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بە لاڕێدا دەبات.
هەندێ جار دەستدرێژی لە شوێنی کار زۆر بەدیدەکرێت. لە کەرتی حکومیدا زۆر کەمترە لە چاو کەرتی تایبەت. هەندێک لەو کەسانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، لە ترسی لەدەستدانی کارەکەیان و ناهۆشیارییان دەربارەی مافەکانیان و ترس لە ناوزڕانیان، بێدەنگیی لێ دەکەن، جا چ لە کارەکەیاندا بمێننەوە، چ کارەکەیان بەجێ بهێڵن، سکاڵا ناکەن و ناچنە دادگاکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵی 2015-2021، لە هەرێمی کوردستاندا 956 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان تۆمار کراون (زێدپرێس).
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا یەک لەسەر دەی لاقەکردن لە جیهاندا ئاشکرا دەکرێت و دەگەیەنرێتە لێکۆڵینەوە، هەر بۆیە ژمارەی قوربانیی، کاریگەرییەکانی، هۆکارە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکان راست و دروست دەرناچن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردنی سێکسی، گرنگە قوربانیەکە سکاڵا بکات و رێگاکانی سکاڵا هەرچەندە زۆر جار ئاسان نییە و پێویستی بە ئازایەتیی هەیە، بەڵام تاکە رێگایە رێگری بکات لە بەردەوامبوونی دەستدرێژیکەر دا، سکاڵا تەنیا پارێزگاری لە خودی قوربانییەکە ناکات، بەڵکوو لە قوربانیانی داهوتووشدا.
د. نازەنین عوسمان حەسەن
PM:03:47:24/04/2025
ئهم بابهته 1852
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی