ئیسلامیزم تاکخواکەی کردوە بە خوای شەڕ

‌په‌یكار عوسمان

- ئیسلامیزم تاکخواکەی کردوە بە خوای شەڕ، کە ئەمە لەوەی سەردەمی فرەخوایی خراپترە
- پێشتر لەپاڵ خوای شەڕدا خواگەلی تریش هەبوون و دەروونی ئینسانیش ئۆپشنی تری هەبوو.. 
- ئێستا هەر یەک خوا هەیە، کە خوای شەڕەکانی ئیخوان و سەلەفی و ویلایەتی فەقیهەو ئاین و ئیمانیش یەکسانکراوە بەم خوای شەڕە.

ئایدۆلۆژیای شەڕ
(٧)
خودا بە دوعا نایەت، خودا لێرەیە لە ڕێگەی عەدالەتەوە. عەدالەتیش ئەوەیە چی بانگ بکەی ئەوە دێت. بانگ کردن بە دەم نا، بانگ کردن بە کار و بە دنیابینی. 

حەق ئەوەیە چی بچێنی ئەوە ئەدووریتەوە. دوعا ئەوەیە: کار و دنیابینییەکەت، چی بانگ کردبێ، ئەوە دێ و ئامادە ئەبێت. زایۆنیزم و ئیسلامیزمیش، خۆیان لەسەر شەڕ بیناکردوەو شەڕیان بانگ کردوە، بۆیە شەڕ لێرەیە. 

ئیتر نە هێزو تەکنەلۆژیا ئارامی بۆ ئیسرائیلییەکان هێناوە، نە نوێژ و دوعا ئارامی بۆ فەلەستینییەکان هێناوە، چونکە ئەسڵەن ئەوان ئارامییان بانگ نەکردوە. کارو دنیابینی ئەوان، شەیتانی شەڕی بانگ کردوە، شەیتانیش لە یاساکە دەرناچێ، بانگی بکەیت دێت. 

ژیان ژیان بانگ ئەکاو فەساد فەساد بانگ ئەکا.. ئایەتەکەش ئەڵی: لەسەر وشکانی و دەریا فەساد دەرکەوت بە کاری دەستی ئینسانەکان.. بێگومان ئێستا لە غەزە فەسادێک دەرکەوتووەو شارێک کاولبووەو هەزاران کەس کوژراوە.. لێرەشدا بەشە فەسادەکەی ئیسرائیل دیارەو زۆریش گەورەیە. ئەی زەحمەت نەبێ بەشە فەسادەکەی تر هی کێیە؟ دەی خۆ ئەگەر ئیسلامیزم مێشکی هاک نەکردبی، بەشە فەسادەکەی حەماسیش دیارەو جگە لە فەسادیش هیچ وەسف و ناوێکی تر هەڵناگرێ. ئەو ئایەتەش باسی نیوەی فەساد ناکا، باسی هەمووی ئەکا!

بۆئەوەی بە یەقینێکی زیاترەوە بتخاتە سەر سەکۆی شەڕەکانی، مارکسیزم هەر بەوە نەوەستا کە فەلسەفەیەک بێت، وتی من زانستیشم. ئیسلامیزم هەر بەوە ناوەستێ کە سیاسەت بێت، ئەڵێ من ئاینیشم.. ئەوەش نەخۆشی تۆتالیتاریزمە، کە هەر بە ئەلف تێرنابێ و ئەڵێ من بائیشم، بۆئەوەی لەوێوە جیم و دال و کۆی پیتەکان داگیربکا.  

ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون هاوکارێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە سەکۆی شەڕ. هەر ژوورەوەیەک کە وابزانی دەرەوەی ئەوێ ماڵی شەیتانە، یاخود وابزانی ئەوێ کۆتایی دنیایەو دەرەوەیەک هەر بوونی نیە، ئیتر ئەوە سەکۆی شەڕەو ئەبێ لێ ی دابەزیت. ئەوەش یەکجار نیە، بەڵکو دوای دابەزین، هەر کە چویتەوە وهمەکەی یەکەم، یەعنی ئەشکەوتی دووەم دروستبووەو ئەبێ دیسان دابەزیتەوە.

پێشکەوتنی ڕاستەقینە خاوە، چونکە لەگەڵ هەنگاوەکاندا  ئەشکەوتەکانیش دروست ئەبن. لە جوڵەدا وێستگەی وەستان هەیەو مرۆڤیش تەمبەڵەو وێستگەکانی لێ ئەبێت بە یۆتۆپیای ئەخیرو بە کۆتایی مێژوو. پێشکەوتنی یەکجاری و سەرکەوتنی بێ دابەزین و چارەسەری پێرفێکت.. ئەمانە وەهمن، واقع شتێکی ترەو مێژووش هەزار خەیاڵی وای بە ڕێ کردوە!  

هۆشیاری، بریتییە لە پرۆسەی ناسینی ئەشکەوتەکان، هی ئەو نا هی خۆت، چونکە قسەکردن لەسەر ئەشکەوتی ئەو، بەبێ ناسینی ئەشکەوتی خۆت، ئەوە هاتنە دەرەوە نیە، ئەوە سیفەتی ئەشکەوتنشینەکانە!

قورەیش لات و عوزای نەئەپەرست، بەڵکو کردبووی بە وەسیت.. موحەمەد هات ئەو نێوەندگیرییە نەهێڵێ، بۆئەوەی ڕاستەوخۆ خۆت بەر حەقیقەت بکەویت.. بەڵام ئێستا لات و عوزاکە گۆڕاوە بە سەلەفی و ئیخوان. ئێستا موسوڵمان گەڕاوەتەوە بۆ جاهیلیەت و لەڕێگەی ئەم دوو قەبیلەیەوە لە دنیادایە.

ئێستا خواو پێغەمبەرو قورئان.. بە بارووتە گیراون لای ئەم  لات و عوزایەو تۆ لەم دوو بتەوە لە ژیان و ئاین و سیاسەت.. ئەڕوانیت. هەڵبەتە سەلەفیەت خەتەرە، بەڵام زبر و یەکڕووەو ئەمەش وایکردوە، کە هێزی کێشکردنی کەمبێ و هێزی دوورخستنەوەی زیاتربێ. ئیخوان خەتەرترە، چونکە ئەنواع ماسک ئەگۆڕێ، بۆئەوەی ئەوە بشارێتەوە کە سەلەفییەکە دەری ئەخا. 

یزمەکان زۆرن بەڵام ئایدۆلۆژیای شەڕ یەکێکە. هەر ئەو سەکۆیەیە کە لەسەری وەستاویت و شەحنی ڕق و شەڕەنگێزی لێ وەرئەگریت. گروپ و کاری دەستەجەمعییش یەکێکە لە گرنگترین داهێنانەکانی مرۆڤ، بەڵام کاتێ کە شتەکە وەسیلەیەو مرۆڤ سوارە. وەلێ لەوێدا کە کەرو سوارەکە عەکس ئەبێتەوەو مرۆڤ ئەبیتە بارگیری یزم و ئایدۆلۆژیاو گروپەکان، ئیتر تۆ ئەبێ بە خۆت بڵێ هۆش، هۆش بە هەردو ماناکە!

پێش سەت ساڵ، حەسەن بەنا، لە نیەت خراپییدا نا، لە نەزانی و دڵسافییداو لە لاساییکردنەوەی ئەحزابی مۆدێرنی مارکسی و فاشییدا، کەرو سوارەکەی عەکسکردوەو مێگەلێکی دروستکرد، کە ئێستا مەلایین بەشەرەو هەمووی وەکو یەک بیرئەکەنەوە، یان ڕاستتر بیرناکەنەوەو قەناتی جەزیرە لەبری هەموویان بیرئەکاتەوە. 

ڕۆحی شتێک، لە چیێتی و چۆنێتییەکەیدایە، ئیسلام ئا ئەمەی مردوەو بەس چەندێتییەکەی ماوە. تابووتی ئەم لاکەش بزماری زۆری پێوەیە. سەرەتا لە حروبی ڕیدەوە (لا اکراه فی الدین) فەشەلی هێنا. معاویەش بزماری دووەمی لە تابووتەکەداو تاغووت و فیرعەون دروستبوو.. لە مێژووی نوێشدا، بزمارەکەی ئیمام بەننا، موسوڵمانی گەڕاندەوە بۆ قەبیلەو ڕەگەڵکەوتنی مێگەلی.
ئەو قەبەلیەتەش ناونرا ئومەمیەت، لەکاتێکا ئەوە قەبیلەیە بەڵام بە ڕێگای مۆدێرن و مارکسیانە. ئومەت لەناو خۆتدایەو تۆ لە ڕێگەی هۆشیاریی ناقەبەلییەوە، ئەچیتە ناو  ئینتەرناسیۆنال، نەک ئەوەی بە گۆڕینی مۆدێلی قەبیلەو گەورەکردنی بازنەی دەمارگیری، شتەکەت لێببێ بە ئۆمەت و ناقەبیلە. 

بە دیاریکراوی، ئومەت پەیوەندی بە جۆری ئینتیماوە هەیە نەک بە جۆری قەبیلەوە. یەعنی ئەگەر ئینتیماکەت ویژدانی و عەقڵانی بێت و تەنیا بۆ ڕاستی بێت، ئیتر تۆ ئومەتیت وەکو ئیبراهیم. ئەگەریش ئنتیماکەت مێگەلی و دەمارگیرانە بێت، ئیتر تۆ قەبیلەیت، وەکو ئیخوانی ئێستاو شیوعی پێشتر!

وەلاء و بەراء ئەوەنیە کە دنیا بکەیت بە دوو قەبیلەی نەگۆڕو تا مردن کەری ئەم بارە بیت.. بەڵکو حەق سرک و جوڵاوە، پەیوەندی تۆ و حەقیش وەکو پەیوەندی "خۆر و گوڵەبەڕۆژە" وایەو ئەبێ لەگەڵیدا بجوڵێیت. ئیتر ئەوکاتەشی کە حەق لای تۆ نیە، تۆ وەلائت هەر بۆ خۆری حەق بێت، نەک بۆ سێبەری جەماعەت. واتە وەلاء و بەراء، ڕێک ئەوەیە، کە لە پێناو ڕاستییدا، خۆت لە قەبەلیەت تەبەری بکەیت، نەک وەلاء بۆ قەبیلەیەک و بەراء لە قەبیلەیەکی تر! 

مێژوو وا پێشکەوتووە، کە مرۆڤایەتی بازنەیەکی شکاندوەو بازنەیەکی تری دروستکردووە.. لەهەردو باردا مرۆڤ هەر لەناو بازنەدایەو ئەمەش حاڵەتە ئاساییەکەیەو تۆش ئاساییە کە سەر بە بازنەیەک بیت.. بەڵام ئاسایی نیە بازنەکە کوێرت بکاو ئیتر هەڵەشی هەر بە ڕاست و شکستیشی هەر بە سەرکەوتن ببینیت. 

کانت هۆشیاری ئەبەستێتەوە بە جورئەتەوە، ئەوەش تێستێکی ئاسانە بۆئەوەی بزانیت بازنەکە تۆی کوشتووە یان هێشتا ماویت. سەیرێکی خۆت بکەو بزانە پاساو بۆ هەڵەو شکست و فەسادی جەماعەتەکەت ئەهێنیتەوە، یان جورئەتت هەیە وەکو خۆی بیبینی؟
ئەگەر جورئەتەکەت هەبوو، ئیتر تۆ لە ململانێکانی حەرەکەتی مێژوودا، ئەکەویتە ئەو بەشەوە، کە وزەی جوڵەو دروستبوونی بازنەی نوێیە. ئەگەریش جەماعەتی پاساوبووی، ئەوە لەو بەشەی، کە دەسئەگرن بە بتی باوان و مێگەلەوەو عەزێتی پێغەمبەرو داناو زاناکان ئەدەن و نایەڵن مێژوو بجوڵێ و بازنەی نوێ دروستببێ! 

چەمکی "نامۆبوون" لە فەلسەفەدا، مەبەست لێ ی شتێکە، کە مرۆڤ خۆی دروستی ئەکات، کەچی دواتر ئەبێتە کۆیلەی. مەسەلەن مرۆڤ خۆی کاڵاو پارە دروست ئەکاو دواتر ئەبێتە کۆیلەی.. خۆی دەوڵەت و نەریت دروستئەکاو دواتر ئەبێتە کۆیلەی.. 

ناچینە ئەو جەدەلەی کە خوا مرۆڤی دروستکردوە یان مرۆڤ خوای دروستکردوە.. کاکە خوا چاومانەو دینەکەی تۆش ڕاستە. بەڵام نامۆبوون ڕوویداوە. دەی خۆ سونەو شیعە خوا دروستی نەکردوە، مرۆڤ خۆی دروستی کردوەو دواتر بۆتە کۆیلەی. دەی خۆ ئیخوان و سەلەفی خوا دروستی نەکردوە، مرۆڤ خۆی دروستی کردوەو دواتر بۆتە کۆیلەی. حیزب و یزمە نادینییەکانیش هەر وا..

بۆ ئەوەی بێیتەوە ناو دنیا، ئەبێ نامۆبوونی خۆت بدۆزیتەوەو بزانی بەچی نامۆبوویت و چی کەوتۆتە نێوان تۆ و دنیاکەوە. مارکس نامۆبوونی ناو دنیای سەرمایەداری باش دۆزییەوە، بەڵام دواتر مارکسیەت، نامۆبوونێکی تری خولقاندو مێگەلێک تەنیا لەم ئایدۆلۆژیایەوە سەیری دنیای ئەکردو نەیئەتوانی لە گۆشەی ترەوە ببینێ.   

غەرب بە داهێنانی علمانیەت گەورەترین چاکەیان لەگەڵ مەسیحدا کردو ئێستا ئەو بەس جوانی و ئاشتی لێ ماوەتەوەو پشکی لە دنیای شەڕدا نەماوەو چۆتە دنیای ئەدەبیات. ئێمەش چاکەیەک کە لەگەڵ موحەمەددا بیکەین، ئەوەیە کە وابکەین ئەویش هەر ئەونەی بمێنێتەوەو سەهمەکانی لە بازاڕی شەڕدا بکشێنینەوە.

نامۆبوون کراسەو هۆشیاری ڕووتبوونەوەیە، بەڵام ڕووتبوونەوەی پەتیی بوونی نیەو هۆشیاری ئەمڕۆ هەر ئەبێتەوە بە کراسی سبەینێ و کە کۆنیشبوو ئەبێ دیسان بیگۆڕین. هۆشیاریی ئەوەیە کە کراسەکان، لەکاتی تازەییشدا، هەر وەکو کراس بناسین، نەک ئەوەی دانەیەکیانت لێ ببێ بە پێست و بیخەیتە دەرەوەی پرۆسەی داکەندنەوە.

نامۆبوون زۆرەو تەنیا کراسێک نیە، بەڵام بۆیە زۆر لەسەر کراسی ئیسلامیزم وەستام، چونکە کراسی ئاینی کاریگەرترینەو گرێ ی نامۆبوونەکانی تریش، لە نامۆبوونی ئاینییەوە ئەکرێتەوە. نامۆبوونەکەی ئێستای موسوڵمانیش، لە هەردو بتی سەلەفی و ئیخواندا شکڵی گرتووەو گرنگە موسوڵمان فۆڕمی تری ئاینی بدۆزێتەوەو کراسی جوانتر لەبەربکات.

ئەمەی هەیە پێستێکی خوایی نیە موسوڵمان بەوەوە دروستبووبێ، بەڵکو کراسێکە خومەینی و سەید قوتب و ڕەبیعی مەدخەلی و ئەحمەو و مەحمو.. لەناو مێژووداو لەمێژوویەکی نزیکیشدا دووریویانە.. ڕاستە کەرەستەکانیان لە ئاینەوە هێناوە، بەڵام هەر ئاین، کەرەستەو قۆپچەو قۆماشی ئەوەی هەیە، کە کراسێکی جوانتری لێ دروست بکرێ و هیدایەتیش ئەوەیە مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی کراسی نوێ ی هەبێ و بە بۆگەنی کراسێکی چڵکن، لووتی خۆی و ئەوانیتریش قان نەدا.  

ئەمەی هەیە کراسی شەڕەو پڕە لە ڕقبوونەوە لەوی جیاواز، ئیتر ئەگەر جیاوازەکە هەر موسوڵمانیشبێ بەڵام لە  گروپەکەی تۆ نەبێت. (یەعنی بۆ ناوەوەی خۆشی هەر کراسی شەڕەو خێری نیە، چجای بۆ غەیرەو بۆ دنیا) ئەمە ئەبێ بگۆڕدڕی بە کراسێک، کە جیاوازەکان وەکو ئینسانی یەکسان ببینێ و تۆوی پێکەوەژیان لە دەروونتا بچێنێ، نەک تۆوی ڕق و ئەوبێزیی.

ئەگەرچی ئێستا "خوای شەڕ" ناوی نەماوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هەر هەیەو سەکۆکانی شەڕ، هەموویان سەر بە خوای شەڕن. ئەوەی کە تۆ ئەجندایەک بەرژەوەندیەک ئایدۆلۆژیایەک خوایەکت هەیەو بەناوی ئەوەوە شەڕئەکەیت و وڵات  کاولئەکەیت و لافاوی خوێن هەڵئەستێنی، ئا ئەوە پەرستنی خوای شەڕە. ئا ئەوە ئەو زوحاکەیە کە بە خوێن تێر ئەبێت.

لەسەردەمی تاکخواییدا، ئیسلامیزم تاکخواکەی کردوە بە خوای شەڕ، کە ئەمە لەوەی سەردەمی فرەخوایی خراپترە، چونکە پێشتر لەپاڵ خوای شەڕدا خواگەلی تریش هەبوون و دەروونی ئینسانیش ئۆپشنی تری هەبوو.. بەس ئێستا هەر یەک خوا هەیە، کە خوای شەڕەکانی ئیخوان و سەلەفی و ویلایەتی فەقیهەو ئاین و ئیمانیش یەکسانکراوە بەم خوای شەڕە.

ماویەتی


AM:11:02:03/12/2023

ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی