شکستە کەڵەکەبوەکانی حکومەتی هەرێم!
ئارام سەعید
بۆ ئەوانەی باسی دەستور دەکەن لەنەدانی موچە لە بەغداوە دەبێت ئەوەش بزانن لەدەرەوەی دەستووری فەرمی، دەستوورێکی نەنووسراو هەیە کە دەڵێت کاری سەرەکی حکومەت ئەوەیە بەرپرسیارێتی هەڵگرێ و کێشەکان چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، نەک دەستەو وەستان بوەستێت.
ئەگەر حکومەتێک وەڵامی دروستی نەبێت بۆ کێشەکانی هاوڵاتیان ئەوکات مافی ئەوەشی نابێت گوتاری نەتەوایەتی و خەبات و کوردایەتی بەخەڵک بفرۆشیتەوە... ئایا هیچ بەرپرسێکی ئێمە بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ؟ ئایا کەسێک بوێری ئەوەی هەیە بڵێت "ناتوانم بەردەوام بم" و دەستلەکاربکێشیتەوە وماڵئاوایی لە ڕۆڵەکەی بکات؟ ئایا بوار هەیە بۆ داوای لێبوردن و دانپێدانان بەوەی کە حکومەت بەکۆمەڵ نەینتوانی بەسەر ئەم تەحەددایانە زاڵ بێت؟
حکومەتێک بەچەندین گوتاری جیاوازەوە لە گفتوگۆدایە لەگەل بەغدا، پێکهێنەرانی حکومەت راوبۆچونیان جیاوازە، کەئەمەش توشی سەرلێشیوانی کردوە،بەڵگەیەکی گەورەیە لە بێتوانایی حکومەت لە پێشکەشکردنی یەک گوتار ویەکخستنی هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت.
سەڕەرای ئەمانەش کۆی مانگرتن وبایکۆتەکان بەشی زۆری کاریگەری لەسەر موچەخۆران و چینی خوارەوەیە کە مناڵەکانیان بێبەشن لەخوێندن و تەندروستی کە تەواو سنوردارکراوە و حکومەت بەبێباکی خۆی پەیامێکمان پێ دەڵێت کە ئەویش بۆ چارەسەر بچنە نەخۆشخانەی تایبەت و ئەگەر دەتانەوێت مناڵەکانتان دوانەکەون لەخوێندن بیانخەنە خوێندنی ئەهلی!
نەگبەتی کورد لەوەدایە سیاسیەکان باس لە دەستور دەکەن بۆ پاراستنی خۆیان و بیریان چۆتەوە لۆژیکی هێز یاساودەستور نازانێت و ئەوکاتەی هەرهێزێکی سیاسی بیەویت یاسا پێشێل بکات ئەوا دەیکەن و باشترین نمونە زیندانیانی بادینانە کە هیچ یاساییەکی ناوخۆو دەرەوە پەسەندی ناکات ئەگەر بەئینسافەوە سەیری بکات دادگایکردنیان نایاساییە...
ئەو پرسەی کە لەبەردەستدایە تەنیا پەیوەندی بە مووچەوە نییە؛ بەڵکوشەڕێکە لەگەڵ گەندەڵیی کەکاردەکاتە سەر ڕۆحی ناوچەکە و ئەو ناکۆکییە درێژخایەنەی هەستی بێ ئومێدی لە نێو خەڵکی کوردستاندا دروست کردووە باوەڕیان بە گوتاری نیشتمانی نەمێنێت کە ڕۆژێک وەک چرایەکی هیوا سەیر دەکرا، لە کاتێکدا حکومەت لەگەڵ قەیرانی مووچەدا دەجەنگێت، خەریکە دەڕوخێت..
قەیرانی مووچە تەنیا پرسێکی ئابووری نییە بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە و پەیوەندی بەداهاتووی کوردستانەوە هەیە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانێک کە زۆر لە دەرەوەی کایەی دارایی دەنگدانەوەی هەبێت. دەرئەنجامەکانی تالەناوچون و هەڵوەشاندنەوەی هەرێم دەروات.
لەبەرامبەر ئەو قەیرانە بەردەوامەی مووچە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی مایەی سەرنجە بەرپرسان و سەرکردەکانی حکومەت، چارەسەری داهێنەرانە نادۆزنەوەو بیری لێناکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی مووچەخۆران و مامۆستایان. لە کاتێکدا گومان لە توانا داراییەکانی حکومەت هەیە و لەنەبونی شەفافیەتدا ، بەڵام چەندین ڕێگای داهێنەرانە هەیە کە دەتوانرێت لێیان بکۆڵرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە زۆرەکانی فەرمانبەران:
لەوانە دابینکردنی سوتەمەنی وەک نەوت و بەنزین بۆ مووچەخۆران بەبێ بەرامبەر، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکانیان. ئەم پشتگیرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ڕۆژانە.حکومەت دەتوانێت بیر لە پاڵپشتیکردنی خزمەتگوزارییەکان بکاتەوە، وەک کارەبا و ئاو، بۆ مووچەخۆران، کرێ بۆ کرێنشینان، دەستڕاگەیشتن بەم خزمەتگوزارییانە بەبێ کرێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دارایی و بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیانی گشتییان. ئەو کارمەندە مووچەخۆرانەی کە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەبنەوە یان ئەوانەی منداڵی نەخۆشیان هەیە بتوانن سوودمەند بن لە پشتیوانی چاوەدێری تەندروستی بە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی کوالیتی باش و یارمەتی دارایی بۆ خەرجییەکانی چاودێری تەندروستی. یان لێخۆشبون لەژمارەیەکی زۆری باج و قیستەکان....
کارمەندانی حکومەت خۆبەخش یان کرێکاری خێرخوازی نین؛ ئەوان خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێشکەش دەکەن و شایەنی قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەن بۆ بەشدارییەکانیان. لە کاتی سەختی داراییدا، گەڕان بەدوای ئەم چارەسەرە داهێنەرانەدا دەتوانێت پابەندبوون بە چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی مووچەخۆران نیشان بدات.
لەکۆتاییدا حکومەت بەرپرسیارێتی هەڵناگرێ و دان بەشکستدا نانێت، گوتارێکی یەکگرتوی نیە، بیر لەچارەسەری داهێنەرانە ناکاتەوە، لەجیاتی ئەمانە دەیەوێت بەهاوڵاتی بڵیت بەغدا سیاسەتی قۆڵبادان دەگرێتە بەر و پەنا دەباتە بەر دەستور و بەگوتاری نەتەوایەتی و کوردایەتی میدیاکانی جۆش دەدات وخۆیان لەکۆشکەکانیانەوە گوتاری کوردایەتیمان پێ دەڵێنەوە و حسابی خێرخواز وخۆبەخش بۆ کارمەندەکانی دەکات،ئەمەش نیشانەی گەورەی شکستە لەکاتێکدا لەئەنجامی ئابوری سەربەخۆ نوقمی قەرزبوە و لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت!
PM:09:23:04/10/2023
ئهم بابهته 692
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی