داره‌کەی دەستی هەرێم هەردوو سەریی (قەرزە)...!

‌بەهێز حوسێن.


بەهێز حوسێن
سیاسەتی شکستخواردووی ئابووری سەربەخۆ، ئەم هەرێمە دەوڵەمەندەی بە دەردێکی وا بردووە کە مەگەر خۆشمان بفرۆشین تا لە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلاریدا قوتار ببین .

قەرزەکانی سەر هەرێم 32 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە ، بەڵام  کەس نازانێت بۆچی قەرزی کردووە و ئەم بڕە زۆرەی لە چیدا خەرج کردووە !؟.

خۆ نزیکەی 10 ساڵە مووچە بە شێوەی ئاسایی دابەشنەکراوە و پارە لە خەڵک بڕدراوە و نەوت فرۆشراوە و باج و خەراج زیادکراوە و هێشتاش حکومەتی هەرێم قەرزدارە .

سەرباری ئەمانە سەرەتای ئەم هەفتەیە تورکیا فشاری بۆسەر بازرگانانی نەوت لە هەولێر هێناوە تا حکومەتی هەرێم بڕی ئەو پارەیە بداتەوە کە بەغدا بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە تورکیای داوا دەکات و پشتبەستووە بە دادبینیەکەی دادگای پاریس .

 بڕیاردراوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە بۆڕی لە تورکیاوە دەستپێبکاتەوە ، ئێستا گرفتێکی تریش هاتۆتە پێش ، ئەویش قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێم .

مایڵز کاگینز وتەبێژی كۆمپانیا نەوتیەكان لە هەرێم ڕایگەیاندووە کە حكومەتی هەرێم بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزداری کۆمپانیاکانە، تا نەیداتەوە هەناردەی نەوت دەستپێ ناكەینەوە.

بەمەدا بۆمان دردەکەوێت کە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەرێم ئەبێت نزیکەی 1٫560 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە .
حکومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت هەر قەرزداردەبێت و نەوتیش نەفرۆشێت هەر قەرزداردەبێت ، گیری خواردووە و دارێکی بە دەستەوەیە هەردوو سەریی ( قەرزە) و نازانێت دەست بە کام سەریانەوە بگرێت .


PM:03:14:04/10/2023

ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی