ئێران ناکۆکیی و بێباکیی ئەمریکییەکان لە هەرێم دەقۆزێتەوە

‌رەنج عەلادین

ئێران ناکۆکیی و بێباکیی ئەمریکییەکان لە هەرێم دەقۆزێتەوە
لەکاتێکدا واشنتن دەستەوەستانە، خەریکە ناوچەکە دەکەوێتە باوەشی ئێرانەوە
وێستگەنیوز- ڕەنج عەلادین
ئەم شرۆڤەیە، ڕەنج عەلادین نووسیویەتی و گۆڤاری (فۆڕن پۆڵسی) ئەمریکیی بڵاوی کردۆتەوە، وێستگە نیوز کردوویەتی بە کوردی

دەقی ده‌قی وتارەکە:
لە نامەیەکی تایبەتدا کە سەرەتای ئەم مانگە بۆ کۆشکی سپیی ناردووە، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداری داوە لەوەی هەرێمی کوردستان و لەگەڵیشیدا سیستمی فیدراڵیی عێراق لە دوای ٢٠٠٣- ڕووبەڕووی داڕمانێکی حەتمی دەبێتەوە، ئەگەر ئەمریکا بە زوویی دەستوەردان نەکات. 

مەسرور بارزانی هۆشدارییشی داوە لەوەی ئاستەنگە سیاسیی و ئابوورییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان تا دێت هەڵدەکشێن هاوکات بە هاتنەسەر دەسەڵاتی حووکمەتێکی شەڕانگێزتر لە بەغداد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی فرە ڕەهەندی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وڵاتانی خۆرئاوادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریادا؛ یەکلاکەرەوەن. 

لە ڕووی مێژووییەوە هەرێمەکە ناوچەیەکی قەڵغانئاسا بووە لە بەرانبەر ئاژاوە و گێژاوی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا، پەناگەیەکی ئارامی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەری ناوخۆیی دابین کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆتە ناوچەیەک کە گروپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیشی تێدا هەڵكشاوە، ئەو گرووپانەی کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشی زۆر بۆ سەر هێزەکانی وڵاتانی خۆرئاوا.

سەرباری ئەوە، هاوکات بە سەرقاڵیی واشنتن بە توندتربوونی ڕکابەرییەکانی لەگەڵ چین و خەریکبوونی بە شەڕی ئۆکرانیاوە، بایەخێکی کەم بە کوردستان دەدات. بە سەرنجدانە ئەوەی ئەمریکا تەرکیزی لەسەر شوێنێکی دیکەیە، نەیارەکانی حکومەتی هەرێم و لەنێویاندا ئەو گرووپە میلیشیاییانەی لە لایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست پۆلێن کراون، دەستیان داوەتە جووڵە لە دژی هەرێمەکە. ڕاستییەکەی هەرەسهێنانی هەرێمی کوردستان سەردەکێشێت بۆ پشێویی و ئاژاوە و کاریگەرییەکانی زۆر لە عێراق ئەولاتر دەڕوات. 

لەم چەند ساڵەی دواییدا، حکومەتی هەرێم بەرگەی ڕستێک قەیرانی گرتووە. کەمێک دوای دەستبەکاربوونی مەسروور بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩، کابینەکەی ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا بووەوە، هاوکات بە هەڵکشانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دوابەدوای ئەوانە قەیرانێکی ئابووریشی بەسەریدا هات و داهاتی نەوتی هەرێمەکە زەبرێکی گەورەی بەر کەوت کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٠ نرخی نەوت داکشانێکی پێوانەیی تۆمار کرد.

هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکیی نێوان هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەرەو لاوازیی چوو، ناکۆکیی ئەو دوو هێزە توانای دانوستانی کوردی لە بەغدا لاواز کرد کاتێک دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠٢١ پرۆسێسی پێکهێنانی حکوومەت لە بەغداد بەڕێوە دەچوو. ئێران و هاوپەیمانەکانیشی (بەتایبەتی حەشدی شەعبی؛ کە ڕێکخراوێکی میلیشیایی چەترئاسایە و ٢٠٠ هەزار جەنگاوەری هەیە) ناکۆکیی نێوان کوردەکانیان قۆستەوە و لە ڕێی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانەوە توانیان هەژموونی خۆیان بەسەر دەوڵەتی عێراقییدا فراوانتر بکەن.

گرووپەکانی سەر بە ئێران دەستیان گرتووە بەسەر دەسەڵاتی دادوەری عێراقییدا، ئەوەش بووە هۆکاری زەمینە خۆشکردن بۆ بڕیارێک کە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دەرچوو کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە نایاساییە. ئەم بڕیارە کارایی دانا لەسەر بڕیارێکی دادگایەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کە دوای ساڵێک گەیشتە هەمان ئەنجام، ئیتر لەو کاتەوە هەناردەکردنی نەوتی کورد وەستا و ئابووریی هەرێمەکەی پەک خست و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانییش هەبوو، ئەمە سەرکەوتنێکیش بوو بۆ حەشدی شەعبیی و نیازەکانی لە نەهێشتنی سەربەخۆیی ئابووری کوردستان.

جەنگی براکان دەیان ساڵە خاڵی لاوازی کوردەکان بووە 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، گرووپەکانی سەر بە ئێران، لە کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت؛ خۆپیشاندەرانی کوردیان بەر فیشەک دا و ژمارەیەکیان کوشت، ئەو شارەی پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٧دا هێزە کوردییەکان لێی کشابوونەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بە یارمەتیی سوپای عێراق دەستیان بەسەردا گرتەوە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسروور بارزانییدا، بڕیار بوو پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ بارەگایەکی خۆی لەو شارە، بەڵام حەشدی شەعبی لە مانگی ئابدا دەستی دایە هەوڵێک بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێککەوتنە لە میانەی داخستنی ڕێگایەکی خێراوە کە کەرکووک بە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە. 

ئەو کارە بووە هۆی پەکخستنی ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسانەی بەو ڕێگەیەدا دێن و دەچن، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، ئیدی دوای ئەو کوشت و بڕە، دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا کە هاوپەیمانی حەشدی شەعبییە بڕیاری گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ بارەگا کۆنەکەی هەڵپەسارد.

ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستانی زۆر لاواز کردووە. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە ناکۆکیی براکان ساڵانێکی درێژە خاڵی لاوازی کوردەکانە. ئەو دوو هێزە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨ دەستیان دایە شەڕێکی ناوخۆیی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکە و لە کۆتاییدا بە نێوەندگیریی ئەمریکا دوایی هات، ڕێککەوتننامەی ئاشتی واشنتنی ساڵی ١٩٩٨ ڕێگەی بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەنێوان دوو هێزەکەدا خۆش کرد کە بووە بنەمای سەردەمی زێڕینی کوردستان دوای لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، کە هەژموونێکی گەورەی کوردەکانی بەسەر دەوڵەتی عێراقییدا لێ کەوتەوە و قەڵەمڕەوی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەشیانی فراوانتر کرد و چەرخە ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی بێهاوتا بەگەڕخست.

 هەنووکە ناکۆکیی نێوان هێزە کوردییەکان ناکۆکییە لەنێوان نەوەیەکی نوێی سەرکردەی ئەو هێزانەدا و لە هەمان کاتیشدا بەرجەستەبووی ئاراستەی هەردوو حێزبەکەیە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە. بەشێکی زۆر لە هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان قەرزداری جڵەوە ڕێکخراوەییە درێژمەوداکەیەتی کە لە بواری حوکمڕانیی و هەڵبژاردنیشدا سەرکەوتنی پێ بەخشیوە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە دەست بگرێت بەسەر پۆستی سەرۆکوەزیراندا. بەڵام لە لاکەی دیکەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا بەسەر چەند باڵێکدا دابەش بووە، ساڵی ٢٠٢١ بافڵ تاڵەبانی کۆدێتایەکی بەسەر لاهووری ئامۆزایدا کرد و لە پۆستی هاوسەرۆکیی حیزبەکەی و فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر و دەزگای زانیاریی دووری خستەوە.

ئەم هەڵبەز و دابەزە توندانە توانای یەکێتییان لاواز کردووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکی جددی بۆ پارتی. لەبری ئەوەی کار بکات بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی پارتی، ئەو هێزە دەستی داوەتە ڕێکارەکانی تێکدان و ئیشکردن لەگەڵ گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران بۆ ئەوەی پارتی ڕکابەری لە ڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە لاواز بکات. یەکێتی پەیوەندییەکی بەهێز و ڕێکخراوی هەیە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی هاوپەیمانی ئێرانن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون، ئەو گرووپانەی کە ناوبەناو لەڕێی مووشەک و درۆنیشەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

ئەمەش پرسیاری جددی دەورووژێنێت سەبارەت بە واشنتن و پەیوەندیی بەم هێزەوە، هەروەها پرسیار لەسەر خودی یەکێتییش درووست دەکات. پشتبەستن بە ئێران و بەغداد ڕەنگە یاریدەی یەکێتیی بدات کە لەسەر ئاستی هەرێم خۆی بگرێتەوە، بەڵام لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بدات کورتبینییەکی مەترسیدارە چونکە پشت بە نیەتی باشی حەشدی شەعبی دەبەستێت بەڵام لە دوورمەودادا دەبێتە هەڕەشەیەکی وجوودی چونکە لە بنەمادا ڕیسک دەکات بە قومارکردن بە حوکمی خۆجێیی کوردستانەوە.


PM:04:25:02/10/2023

ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی