کۆنگرەی پێنج ...
کۆتایی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ
شوان داودی
شوان داودی
باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1964 لە مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی جیابونەوە جەلال تاڵەبانی ئەو کات گەنج ترین و هەڵسوڕاوترین ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو ..لەبەر هەڵسوڕاو بوونی چالاکی بەردەوامی و بزێوی خۆیەوە لە هەموو ئەندامانی تری باڵی مەکتەبی سیاسی زیاتر دەرکەوت و زیاتر ناسرا ..هەر بۆیە لەناو خەڵکدا باڵی مەکتەبی سیاسی بە (جەلالی) ناسرا و لەبەرامبەردا باڵەکەی تر بە (مەلایی) .
باڵی مەکتەبی سیاسی ئەوکات خوێنەوارە چەپ و لیبراڵەکانی ناو بزوتنەوەکە بوون ناڕازی بوون لە ئەدای بارزانی کە بڕوای بە حزب و کاری حزبایەتی و دسپلین نەبوو .
دوای چەندین ساڵ ململانێی خوێناوی نێوان هەردوو باڵی مەلایی و جەلالی و دوای ڕاگەیاندنی بەیانی 11ی ئازاری 1970 و ڕێکەوتی بارزانی و بەعس ئەو باڵە گەڕانەوە ناوپارتی و تا ئاشبەتاڵ یان نسکۆی 1975 بەردەوام بوون .
دوای چەند مانگێک لە تووانەوەی شۆڕش ، کاتێ گەلی کورد لەو پەڕی بێ ئومێدیدا بوو جەلال تاڵەبانی لەگەڵ کۆمەڵی بیرمەند و خوێنەوار و چالاکوانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردا یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دامەزراند و بەرەیەکی فراوانی لە تێکۆشەران و ئاڕاستە فکریە جیاوازەکانی نێو بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستاندا لە دەوری یەکێتی نیشتمانی کورستاندا کۆ کردەوەو لە سەر کۆمەڵێ بنەمای پتەوی وەک ڕەخنە و لە ڕەخنە لە خۆگرتن و ئازادی دەربڕین و چەمکەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و کۆی ئازادیەکانی تر بە میتۆدێکی جیاواز لە شۆرشی ئەیلوول و دوای ساڵێک لە دامەزراندنی یەکێتی شۆرشی نوێی بەرپا کرد .
لە ئەنجامی ئەو شۆڕشەدا قوربانی زۆر درا ، هەزاران شەهیدی سەنگەر دەیان هەزار شەهید و بێ سەروشوێنکراوی ئەنفالکراو کیمیا باران و ڕوخانی هەزاران گوند و بە سوتماک کردنی خاکی کوردستان..
لە بەرامبەر ئەوەشدا دەسکەوتی زۆری بۆ گەلەکەمان بە دەستهێنا لەوانە ڕاپەرین و قەوارەی هەرێم و فیداڵیەت و و بەدەستهێنانی 5 خولی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و چەندین دەسکەوتی گرنگی تر کە ئێرە جێی باسکردنیان نیە .
ئەم حزبە لە دامەزارندیەوە تا ئێستا هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و جیابونەوەی زۆری لێ کەوتۆتەوە بە جیابونەوەی نەوشیروان موستەفا و بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە هەموو ئەمانە نەیاتوانیوە پێگەکەی لاواز بکەن چونکە ئەو بنەمایانەی جەلال تاڵەبانی داینابوو بۆی کرابوونە پرنسیپ و لەسەری بینا دەکرا و تا تاڵەبانی لە ژیاندا بوو یەکێتی کەسی لێ زیاد نەبوو ، هەموو تێکۆشەرێک جێگای گونجاوی خۆی هەبوو لەو حیزبەدا و جێگای هەموو کەسێکی تێدا دەبۆوە .
دوای کۆچی جەلال تاڵەبانی بۆشاییەکی گەورە لە بەرێوەبردنی یەکێتیدا دروست بوو، چونکە نە کەسی ئامادە کردبوو بۆ شوێنگرەوەی خۆی نە بڕوای بە بنەماڵەکردن و تەوریس کردنی حزبەکە بووە بۆ بنەماڵەکەی تا کوڕەکانی ئامادە بکات بۆ دوای خۆی بۆ ئەوەی حزبەکە بە کەمترین زیان بپەڕێننەوە کەناری ئارام و سەقامگیری .
بۆ ماوەی دوو ساڵە لەڕێی ڕێکاری ناحزبی و بە زەبری هێز کوڕەکانی مام جەلال دەستیان بەسەر حزبەکەدا گرتووە و لە حزبێکی مەدەنی سۆسیال دیموکراتەوە کردویانە بە سەربازگە ، جگە لە ئاڕاستەی خۆیان هیچ مینیەرێکیان نەهێشتۆتەوە و لە سەر لایک و کۆمێنت لێپرسینەوە لەگەڵ کادردا دەکەن و هەزاران تێکۆشەری ئەو مێژووە دێڕینەی یەکێتیان لە سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە و ڕاگەیاندگار و کادر و ڕێکخستن و کەسایەتی و پیاو ماقوڵیان پەراوێز خستووە و ناردۆتەوە ماڵەوە ، ئەوەی ڕەخنەی لێیان هەبێت هێڵێکی ڕاست و چەپیان بەسەردا هێناوە ، سەرباری هەموو ئەمانە یەکێتی لە هێزێکی هاوسەنگی ناوچەکە کە ژیرانە دەیتوانی هاوکێشەکان بخوێنێتەوە و تێیدا هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت و زۆنەکەی لە مەترسی بپارێزێت ئێستا هیچ تێکۆشەرێک هیچ بازرگانێک هیچ کەسێک لە ماڵی خوێدا پارێزراو نیە تورکیا بە درۆن ئاسمانی لێ تەنیوین و ئێرانیش هێزی هێناوەتە سەر سەرمان و لێرەش چەک باڵا دەستە .
لە کاتێکدا لەبەردەم دوو پرۆسەی هەڵبژاردنداین لە چەند مانگی ئایندە ، لەپڕێکدا بافڵ تاڵەبانی بێ ئامادەکاری پێش وەختە لە 27ی ئاب لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەب سیاسیەکەی لە کەرکوکەوە کاتی کۆنگرەی پێنجی حزبەکەی ڕاگەیاند کە ماوەی مانگێکی بۆ دانابوو کەبریار وایە سبەی 27ی ئەیلول ئەو کۆنگرە لە ناکاوە لەسلێمانی گرێ بدرێت .
لەم ماوەیە نەمویست هیچ بڵێم و زیاتر وەک چاودێرێکی دۆخەکە مامەوە ..بۆ ئەوەی بتوانم لێی تێبگەم تا خوێندنەوەیەکی بۆ بکەم .
چەند دەستەواژەیەک لە نوسین و دیدارە تەلەفیزیۆنیەکانی بەرپرسانی یەکێتیدا سەرنجیان ڕاکێشام وبوونە بنەما بۆ ئەم خوێندنەوەیە ..
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە دیدارێکی کەناڵی کوردساتدا دەڵێت :
1-ئێستا یەکێتی حزبێکی دامەزراوە یەک ئاڕاستە و یەک سیاسەتی هەیە کۆنگرەش ئەمە دەچەسپێنێ .
پێمان دەڵێت لێرە بەدواوە یەکێتی جگە لە مینیەری سەرۆک هیچ مینەرێکی تری نابێت ، ئەمەش پێچەوانەی یەکێ لە بنەما پتەوەکانە کە یەکێتی لەسەر دامەزراوە کە حزبێکی فرە مینیەریە .
2- ئەم کۆنگرەیە بۆ یەکێتیە پێش ئەوەی بۆ یەکێتیەکان بێت .
لێرە پێمان دەڵێ ئەم یەکێتیە نوێیە جیاوازە لە یەکێتیەکەی جاران کە یەکێتی کۆمەڵانی خەڵک و تێکۆشەران و بنەماڵەی شەهیدان بوو.
لە ستران دەپرسم گەر یەکێتیەکان نەبن یەکێتی چیە ؟ یەکێتی بە تێکۆشەر و فەرماندە و پێشمەرگە و شەهید و بنەماڵەکانیان و برینداران و زیندانیانی سیاسی و کادرو ڕێکخستن و جەماوەرەکەیەوە یەکێتیە ..یەکێتی بێ یەکێتیەکان واتە هیچ .
3-لە کۆنگرەی پێنج دەسەڵاتی تەفویز و شەرعیەتی دیموکراسی بە سەرۆک باڤڵ و سیاسەتەکانی دەدرێت .
لێرەدا هیچ واتایەک بۆ پرسی دیموکراتی ناهێڵێتەوە دەیکاتە منداڵبازاڕی ، چونکە ئەگەر دیمکراتی بێت تەفویزی بۆ چیە بۆخۆی شەرعیە ، ئەگەر تەفویزیش بێت باس کردنی دیمکراتی عەیبەیەکی گەورەیە.
سەرنجم بۆ وتارێکی دەنگی سەمەد زەنگەنە ئێستا نزیک لە دەباشان ئەو نوسەرەی کە کێ لە سەرەوە بێت ئەو نزیکێتی،
لە پۆلەتیک پرێس و دواتر هەر لەبەر تەسویق کردنی ئەو وتارە ژمارە (1)ی گۆڤاری پۆلەتیک مەگەزین خرایە بازاڕەوە کە تایتڵی وتارەکەی زەنگەنە وەک زەنگێک بۆ جەلالیەکان (کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ، بافلێزمێکی نوێ ) کراوەتە مانشێتی گۆڤارەکە .
زەنگەنە لێرە ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت قۆناغی جەلالیزم کۆتایی هات و لێرە بەدواوە یەکێتی واتە ئەم یەکێتیە نوێیە ، یەکێتی بافڵە و هیچ پەیوەندیەکی بە یەکێتیە کۆنەکەو جەلالیزمەوە نەماوە ئەوەی سەرۆک بافیلی و ڕێبازی بافیڵزمی قەبوڵە سەرچاومان و ئەوەی دەستبەرداری جەلالیزم نابێت لەم یەکێتیە نوێیە جێی نابێتەوە و ئازادە لەوەی خەمی خۆی بخوات .
بۆیە کاردانەوەکانی کۆنگرەی پێنجەم جیاواز دەبێت و مەترسیەکانی زیاتر دەبن و برینی قوڵ دەخاتە جەستەی ئەو هێزە کە سارێژ کردنی ئاسان نابێت چونکە نە مام جەلال ماوە و نە پرنسیپ و ڕێبازەکەی لە کۆنگرەی پێنجدا دەمێنێ ، یەکێتی کە پێشتر بەرگەی هەموو گورز و جیابونەوەکانی دەگرت چونکە لە دەرەوەی ماڵی مام جەلال ئاڕاستەی دەکرا ئەمجارەیان ترسانکە ، چونکە ئەو پرنسیپ و پێگە پتەوانەی جەلالیزم لە ناو خودی ماڵەکەی خۆیەوە هەڵتەکێنراوە و سڕاوەتەوە .
ئەنجام ستران عەبدوڵڵا بەکۆمەڵێ پێچ و پەنا و لە نێو ڕستە و وشەکاندا بە نەرمی و ناراستەوخۆ و سەمەد زەنگەنەش ڕاشکاوانە پێمان دەڵێن کۆنگرەی پێنج کۆتایی قۆناغی جەلالیزم و دەستپێکی قۆناغی بافیلزمە.
PM:06:15:26/09/2023
ئهم بابهته 1556
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی