بەرگری لە مافە دەستوورییەکان و دانوستاندنى بههانهبڕين
ئاریان فەرەج
هەر وەک لێى چاوەڕوان دەکرا، بۆ مامەڵە لەگەڵ قەیرانە تازەکەی هەولێر و بەغدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەوڵە چڕەکانی خستە گەڕ؛ هەر زوو پارتی و یەکێتی بە گیانی بەرپرسیاریی نیشتمانی، لەسەر یەک مێز کۆ بوونەوە، ناکۆکیی ناوخۆییان هەڵپەسارد و هەڵوێستیان یەک خست بۆ ڕێگرتن لە هەر تەجاوزێک بۆ سەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتییەوە.
هاوشێوەی قەیرانەکانی ڕابردوو، لەبەرامبەر ئەم تەنگژەیەشدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک هەمیشە باوەڕی وایە ڕێگەچارەی دروست ههر عەقڵانییەت و نەفەسی ئیحتیوای قەیران و دانوستاندنی هاوسەنگ و پشوودرێژییە نەک کاردانەوە و بەریەککەوتنی نابەرابەر و گرژاندنی دۆخەکە.
خاڵی جەوهەری بۆ چارەی ئەم قەیرانە، جیاکردنەوەی «بەرگری لە مافە دەستوورییەکان»ـە لە «داپۆشینی کەموکوڕییەکان».
یەکهەڵوێستیی کوردستانی هەرگیز بۆ داکۆکیکردن نییە لە ناشهفافيهت و هەر کارێکی نایاسایی و نادەستووری کە ببێتە پاساو بەدەست ئەوانەوە کە بۆ بیانوو دەگەڕێن بۆ لێدانى مافە دەستوورییەکانی هەرێم، بەپێچەوانەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوهەڵوێستییە بڕینی هەموو ئەو بەهانانەیە کە دژ بە کوردستان دەقۆزرێنەوە.
لەم سۆنگەیەوە، ئهولهويهتى شاندی هەرێم بۆ كۆبونهوهكهى بەغدا پاراستنی قهواره و شکۆ و هەیبەت و مافە دەستوورییەکانی کوردستانە، ئهولهويهت ڕەتکردنەوەی هەر جووڵەیەکی سەربازی بەرەو هەرێم و سنوورەکانی و ڕهتكردنهوهى ههر بيانوويهکە بۆ ئهم تهجاوزه، دهنا سهبارهت بابهتگهلى ديكهى تايبهت به دهروازه و سنور و گومرگ و سیستەمی ئەسیکۆدا و چى و چى، پێوەری ستراتیژیی کوردستان وەک هەمیشە ڕوونە: پێداگیری لەسەر. ئیستحقاقی دەستوری نە کەمتر و نە زیاتر، پابەندبوونی دەستوریی و نەرمینواندن لەبەرامبەر دەستەبەرکردنی شایستە داراییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە کۆی داهاتی فیدراڵی بەبێ غەدر و ستەم.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی،لە کاتێکدا بەوپەڕی توندی وەڵامی بەلاغە عەسکەرییەکەی بەڕێز زەیدی دایەوە و بە ڕاشکاوی ڕايگهياند كهس بۆى نييه بە ناونیشانی «قائیدی قوات» کوردستان بدوێنێت، له ههمان كاتدا باوەڕی وایە شاندی هەرێم دەبێت بۆ دانوستاندنی بونیادنەرانە بچێتە بەغدا، نەک بۆ ڕەتکردنەوەی سەرتاپای داواکارییەکانی حکوومەتی زەیدی. لۆژیکی دانوستاندنی کوردستانی دهبێ لەسەر دوو بنەما بێت: پێداگریی بێسازش لەسەر هێڵى سوورى مافه دەستوورییەکان، هاوشانی پابەندبوون بە هەموو ئەو ئەرکە ڕەوا و دەستوورییانەی دەکەونە سەر شانی هەرێم. بۆیە شاندی کوردستان بۆ بەغدا دەبێت شاندی «لێکگەیشتن، دان و ستاندنی هاوسەنگ و بەهانەبڕین» بێت.
کۆبونەوەکەی سلێمانی و هاوهەڵوێستى کوردانە و دهستوبردى هەردوو حزب بۆ بەرگری لە قەوارەی هەرێم سەلماندی درزەکانی ململانێی پارتی و یەکێتی لە ماڵی کوردستاندا، چەند ناقۆڵا بن، ههر بۆ ئەوە ناشێن خەڵکێک گرەویان لەسەر بکات و تهماعيان تێ بكات و دزەیان لێوە بکات. كۆبونهوهكه به ههموو لايهكى گووت: ئێمە لە کوردستان بەسەر «دڵسۆز و نادڵسۆز»، «کوردستانچی و عێراقچی» و «داكۆكيكار و خۆبەدەستەوەدەر»دا دابەش نەبووین؛ بەڵکوو هەمووان کوردستانپەروەر و داکۆکیکاری مافە دەستوورییەکانی کوردستانین، ئەو کوردستانەی لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی بێ ئەندازە ناکۆکین.
PM:11:40:29/11/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی