20 ساڵ چاوەڕوانی دەستوور؛ ئێستا کاتی گۆڕینی سەقفی داواکاریەکانی کوردستانە
فەرەیدون رەزا
دوای زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، ئێستا ڕاپۆرتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی ئاماژە بە زنجیرەیەک لە پێشێلکاریە دەستووریەکانی حکومەتەکانی عێراق بەرامبەر هەرێم دەکات. ئەم ڕاپۆرتە، کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەکی ڕوون لەوە دەخاتەڕوو کە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، کە بە ئامانجی دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراتیک پەسەند کرا، لە زۆرێک لە خاڵە بنەڕەتیەکانیدا جێبەجێ نەکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی، کە ئەبوو لە ساڵی ٢٠١٠دا تەواو بکرێت، هێشتا جێبەجێ نەکراوە؛ ڕێژەی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە فیدراڵیەکاندا کەمتر لە یەک لە سەدە؛ پشکی بودجەی هەرێم لە باشترین دۆخدا بە کردار گەیشتووەتە نزیکەی پێنج لە سەد، لە کاتێکدا ڕێژەی پێشووی ١٧ لە سەد بووە؛ و مووچەی هەشت ساڵیش لە نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥ بە تەواوەتی نەنێردراوە. هەروەها، نزیکەی بیست ساڵ بەسەر دواوادەی دەستووری ماددەی ١٤٠دا تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ بکرێت. ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە پەکخستنی ١٤ یاسای فیدراڵیی گرنگ دەکات.
ئەم ئامارانە تەنها ژمارەیەکی ئیداری و دارایی نین؛ بەڵکو نیشانەی قووڵی کێشەیەکی سیاسی و دەستوورین. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دروست دەبێت: ئەگەر حکومەتی هەرێم بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە دەستووریان جێبەجێ نەکردووە، بۆچی ئەم ڕاستیە لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕوون لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا نەخراوەتەڕوو؟ بۆچی خەڵک بەردەوام لە هیوای ئەوەدا هێڵراونەتەوە کە بەغدا لە ڕێگەی دانوسانەوە مافە دەستووریەکانیان جێبەجێ دەکات؟
لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا، زۆرێک لە حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەردەوام ئاگاداریان داوە کە بەغدا دەستوور پێشێل دەکات و مافەکانی هەرێم پشتگوێ دەخات. بەڵام بۆچی سەرکردایەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵوێستێکی یەکگرتوو و جدیی نیشتمانیان نەگرتەبەر؟ بۆچی هیچ فشارێکی سیاسی کاریگەر، تەنانەت وەستاندن یان کشانەوەی کاتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، نەبووە ئامرازێک بۆ ناچارکردنی بەغدا بە جێبەجێکردنی دەستوور؟
کێشەکە تەنها بەغدا نیە؛ بەرپرسیارێتی هەولێریش هەیە
بێگومان، بەرپرسیارێتی سەرەکی پێشێلکردنی دەستوور دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتە فیدراڵیانەی پابەند نەبوون بە دەقی دەستوور. بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی سەرکردایەتی کوردستان لە بەرپرسیارێتی سیاسی خۆی، خۆی بدزێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ماددەی ١٤٠ لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەبوو جێبەجێ بکرێت، بۆچی نەبووە مەرجێکی سەرەکی و نەگۆڕ بۆ هەر دانوسانێک لەگەڵ بەغدا؟ بۆچی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە نەخرایە سەرەوەی هەموو پەیوەندیە سیاسی و حکومیەکان؟
هەروەها، ماددەی ٤ی دەستوور زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی عێراق ناساندووە. بەڵام لە کردەوەدا، زمانی کوردی لە زۆرێک لە دامەزراوە فیدراڵیەکان، دانیشتنەکانی پەرلەمان، دادگاکان، کۆنفرانسە فەرمیەکان و بەڵگەنامە حکومیەکاندا بە شێوەیەکی پێویست بەکارنەهاتووە. بۆچی نوێنەرانی کورد داوای بەکارهێنانی زمانی کوردیان لە دامەزراوەکانی بەغدا نەکردووە؟ بۆچی زمانی کوردی لەسەر دراوی عێراقی و لە یاسا و نیشانە نیشتمانیەکاندا بە شێوەیەکی یەکسان ڕەنگی نەداوەتەوە؟ بۆچی نامە و پەیوەندیە فەرمیەکانی هەرێم زۆرجار بە عەرەبی نێردراون، لە کاتێکدا کوردی بە پێی دەستوور زمانی فەرمیە؟
هەمان پرسیار سەبارەت بە نوێنەرایەتی کورد لە وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق، دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکان و ئەنجومەنە دەستووریەکانیش هەیە. بۆچی داواکاریەکی جدی بۆ بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لەم دامەزراوانە نەکراوە؟ بۆچی ئەنجومەنی فیدراڵی و دامەزراوەکانی دیکەی زامنکەری هاوسەنگیی فیدراڵی پەکخراو ماونەتەوە، بەبێ ئەوەی ئەمە ببێتە هۆی هەڵوێستێکی سیاسی یەکگرتوو؟
دارایی، نەوت و گاز؛ مافی دەستووری نابێت ببێتە ئامرازی فشار
لە بواری دارایی و بودجەشدا، کێشەکە لە سنووری ناکۆکیەکی ژمێریاری تێپەڕیوە. بڕینی بودجە، دواخستنی مووچە، مەرجدارکردنی ناردنی پشکی هەرێم و جیاکاری لە دابەشکردنی داهاتەکان، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی کوردستانی خستووەتە ژێر کاریگەری فشارێکی بەردەوام. هەروەها، نەبوونی یاسایەکی فیدراڵیی تەواو بۆ نەوت و گاز، لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، بۆشایەکی یاسایی و سیاسی قووڵی دروست کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ بنەمای هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتیەکان و دابەشکردنی داهاتەکان دیاری کردوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین یاسای گرنگی پەیوەندیدار بە ئاڵا و نیشانە نیشتمانیەکان، ئەنجومەنی فیدراڵی، دادگای باڵای فیدراڵی، نەوت و گاز، دەزگا ئەمنیەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان هێشتا دەرنەچوون. ئەم بۆشایە یاسایە لەگەڵ مەرکەزیەت و دەستوەردانی دەسەڵاتەکاندا، بنەمای فیدراڵیزمی لاواز کردووە.
پرسیارێکی تر لێرەدا ئەمەیە: ئایا سەرکردایەتی کوردستان بۆ پاراستنی دەسەڵات و نفووزی حیزبی، لە هەندێک قۆناغدا لەسەر بنەمای سازش و بەردەوامبوون لە حکومڕانی مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە؟ ئەگەر وایە، ئەو سازشانە تا چەند بە قازانجی گەل بوون و تا چەند بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی قەیرانەکان؟
بەرپرسیارێتی مێژوویی بەرامبەر قوربانیەکان
نابێت لەبیر بکەین کە ئەم گەلە بە نرخێکی زۆر گەورە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە. قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بۆمبارانکردنی بالیسان و گۆپتەپە، ئەنفالکراوانی گەرمیان، بادینان، بارزان، دەشتی کۆیە و ناوچەکانی دیکە، ئەوانەی بە زیندوویی زیندەبەچال کراون، ئەوانەی لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایددا خێزان و ماڵیان لەدەست داوە، ئافرەت و منداڵانی فرۆشراو و زیندانی کراو، و پێشمەرگە بریندار و کەمئەندامەکان، هەموویان بەشێکن لە مێژووی خەبات و قوربانی ئەم گەلە.
ئەم گەلە لە ڕۆژانی برسێتی و تینوێتی، هەژاری و ئاوارەییدا پشتگیریی سەرکردەکانی کردووە و بە خوێن و گیانی منداڵەکانی پاراستنی کوردستانی کردووە. ئایا ئەو گەلە ئێستا مافی ئەوەی نیە بپرسێت: بۆچی دوای بیست ساڵ هێشتا مافە دەستووریەکانی لە بەغدا بەدەست نەهاتوون؟ بەرپرسیارێتیی ئەم شکستانە لە ئەستۆی کێیە؟ کێ وەڵامی ئەو خەڵکە دەداتەوە کە هەموو شتێکیان لە پێناوی ئەم قەوارەیەدا بەخشیوە؟
پێویستی بە تیمێکی نوێ و ستراتیژیەکی نیشتمانی
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە شێوازی دانوسان و نوێنەرایەتی کوردستان لە بەغدا بە تەواوی هەڵبسەنگێندرێتەوە. پێویستە تیمێکی نوێی دانوسان پێکبهێنرێت، لە کەسانی سەربەخۆ، پسپۆڕانی یاسا و دەستوور، شارەزایانی ئابووری و دارایی و سیاسەتمەدارانی لێهاتوو، کە لەسەر بنەمای شایستەیی و توانای بەرگریکردن لە مافەکانی گەل هەڵبژێردرێن، نەک تەنها بە پێی وابەستەیی حیزبی.
توانای زمانی عەرەبی گرنگە، بەڵام نابێت ببێتە پێوەری سەرەکیی هەڵبژاردنی ئەندامانی تیم. شارەزایی یاسایی، توانای سیاسی، لێهاتوویی لە دانوسان و پابەندبوون بە بەرژەوەندیی نیشتمانی گرنگترن؛ بۆ پەیوەندیی زمانیش دەتوانرێت لە وەرگێڕی پسپۆڕ سوود وەربگیرێت.
ئەم تیمە دەبێت لەسەر بنەمای پلاتفۆرمێکی نیشتمانیی ڕوون کار بکات؛ پلاتفۆرمێک کە داواکارییەکان، مەرجەکان، کاتبەندیی جێبەجێکردن، شێوازی چاودێری و بەرپرسیارێتی لایەنەکان دیاری بکات. دانوسان نابێت ببێتە کۆبوونەوەی وێنەگرتن و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی بێ ئەنجام. پێویستە خەڵک ئاگاداری ئەوە بن کە چی داوا دەکرێت، چۆن جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو، هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت.
لە فیدراڵیزمەوە بۆ کۆنفیدراڵیزم؛ ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی داهاتوو
ئەگەر دوای ئەم هەموو ساڵە دانوسان و سازشە، بەغدا هەر لەسەر بنەمای مەرکەزیەت و پشتگوێخستنی مافە دەستووریەکانی کوردستان بەردەوام بوو، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە سەقفی داواکاریە سیاسیەکانمان بگۆڕین؟ بۆچی هەمیشە دەبێت فیدراڵیزم دوا سنووری داواکاریی کورد بێت، لە کاتێکدا ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی کردەیی لەلایەن بەغداوە پەکخراوە؟
پێشنیاری ئەوە دەکەم کە سەقفی دانوسانی کوردستان لە فیدراڵیزمەوە بەرەو کۆنفیدراڵیزم بەرز بکرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، کوردستان و بەغدا دەتوانن وەک دوو لایەنی هاوبەش و هاوسێ مامەڵە بکەن؛ هەر یەکەیان دەسەڵات و بەرپرسیارێتیە دیاریکراوەکانی خۆی هەبێت و تەنها لەو بابەتانەدا هاوکاری بکەن کە بە ڕێککەوتن دیاری دەکرێن. ئەمە پێشنیارێکی سیاسیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیە دەستووری و دەسەڵاتانەی کە بەردەوام بوونەتە هۆی قەیران لەنێوان هەولێر و بەغدا.
بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی سیاسی کوردستان نابێت لە ژووری داخراوی حیزبەکان یان لەلایەن کەسانێکی دیاریکراوەوە بدرێت. ئەگەر بەغدا ڕازی نەبوو مافە دەستووریەکانی کوردستان جێبەجێ بکات، پێویستە خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی ئازاد، گشتی و شەفافەوە دەنگی خۆیان بدەن. لەو ڕیفراندۆمەدا دەبێت هەڵبژاردەکان بە ڕوونی بخرێنە بەردەم خەڵک؛ بەردەوامبوون لە فیدراڵیزم، گواستنەوە بۆ کۆنفیدراڵیزم یان هەر چارەسەرێکی دیکە کە گەل بە گونجاوی بزانێت. ئەم پرۆسەیەش دەبێت لە ژێر چاودێرییەکی سەربەخۆ و باوەڕپێکراودا ئەنجام بدرێت.
لە کۆتاییدا، ئەم داواکاریە بانگەشە بۆ بڕیاری پەلەیی یان بڕیاردان لە جیاتی گەل نیە؛ بەڵکو داواکاریە بۆ گەڕاندنەوەی مافی بڕیاردان بۆ خەڵکی کوردستان. بیست ساڵ چاوەڕوانی و پێشێلکاریی دەستووری دەبێت وانەیەکمان پێ بدات: هیچ مافێک بەبێ ستراتیژی، یەکگرتوویی، فشار و بەرپرسیارێتی بەدەست نایەت. سەرکردایەتی کوردستان پێویستە پێش هەر دانوسانێکی نوێ، پلاتفۆرم و مەرجەکانی خەڵک ڕوون بکاتەوە و پابەند بێت بەوەی کە ئەمجارە بڕیارەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گەل بن، نەک تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانیان لە بەغدا.
گەلێک کە بە خوێن و قوربانی کوردستانی پاراستووە، مافی ئەوەی هەیە داهاتووی سیاسی خۆی دیاری بکات و لە دەسەڵاتدارانی بپرسێتەوە، پێمان ناڵێن بۆ تازە راستیەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەن کە لەرووی سیاسی و یاساییەوە حالتان ئاوا وێران بوو کەچی هەرجارەوە بە پێکەنینەوە لە بەغدا دەگەرانەوەو دەتانگوت هەموو شتێکمان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە و زامنی پاراستنی مافەکانتانین. بۆ لەسەرەتا ئاوا راستگۆ نەبوون کە ئێستا لە راپۆرتەکەی خۆتان ئاماژەتان بۆ ئەوهەموو پێشێلکاریە دەستووری و سیاسیەکردوە. بۆ لە ٢٠ ساڵی رابردوو ئاوا خۆتان و گەلی کوردستان بەزەلیلی نیشانداوە. خۆتان باش دەتانزانی کە گەلی کورد بەهەموو ئەونەهامەتیەی بەسەرتان داهێناوە لە بەرامبەر بەغدا لەگەڵتانن.
PM:04:35:29/11/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی