نەوت لە نێوان نیعمەت و نیقمەتدا

‌رێبین عومەر ‎

نەوت بۆتە بەڵای سەری میللەتانی عێراق بەگشتی کوردیش لە نێویدا بۆیە خۆزگە نەمان بوایە؛ بێشک دەستمان بۆ سەرچاوەی تری خۆژێنی دەبرد وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارو داهێنان و کارسازی و …هتد.

بۆ عێراق نەوت کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دروستکردووەو تەمەڵیشی کردۆتە کلتوری خۆی؛ نەوت هەر لەم ووڵاتە؛ بەرەهایی بۆتە سەرچاوەی هەژاری نەگبەتی سەر سەری میللەت و نەبۆتە سەرچاوەی خێر وەک ئەوەی لە وڵاتانی کەنداو هەیە.

هەموو ئەوجەنگانەی لە رابردوو لەم ووڵاتەدا هەڵگیرسان بۆچی بوو؟ جگەلە نەوت، و کانزاکان، کە ووڵاتان بەردەوام چاویان لەسەریەتی و مەبەستیانە لوشی بدەن و دوکەڵەکەی بەسەر میللەتدا بکەن.

بوونی نەوت لەم ووڵاتە کۆمەڵێک گروپ و تاقمی چەتەی دروستکردووە..!
پێگەی ووڵاتەکەی لاوازکردووە، و پیلانگێڕیشی لەسەر ئەم گەلە زیادکردووە.
ئەگەر نەوت نەبوایە؛ ئەم هەموو سەرە ساختەیەی دۆلار دروست نەدەبوون؛ بۆیە نەوت بۆ عێراقییەکان بۆتە نیقمەت و سەرچاوەی هەژاریی و دواکەوتووی کۆچ و فیتنەی کۆمەڵایەتیش.

ئایندەش دەری دەخات دوای نەمانی نەوت و ووشک بوونی دەریاکەی ژێرخاک؛ کەدەوترێت تا ٥٠ ساڵی تر بڕدەکات؛ چۆن ئەم ووڵاتە دەچێتەوە سەر بەردی رەق و ساجی عەلی.

قسەکەش بەو مەبەستەیە کە رێگەی تری خۆژێنی بدۆزینەوە لە بەکاربەرەوە ببینە بەرهەمهێن و سەرچاوەکانی تر بژێنینەوە؛

بە رۆژمێری مێژووی عێراقدا بچینەوە دەردەکەوێت کە چەرخێکە نەوت نیقمەتی گەلان و فاکتەری هەڵتۆقیینی گەندەڵی و مشەخۆری و سیستمی سەپاوی فاشیزمە. ئەو هەموو جەنگە هەر لەسەر ئەو نیعمەتەبووە کە بۆتە نیقمەتی گەلان.


AM:11:56:29/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی