«گەلان هەموو برای یەکن»

‌ئارام سەعید

لە نێوان گوتاری فووتێکراوی کوردایەتی و پێکەوەژیان رەنگە ئەم دێرەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە دەڵێت" گەلان هەموو برای یەکن" باشترین هەڵبژاردە بێت بۆ ستراتیژی گوتاری راستەقینەی کورد چونکە ئەو تێروانینە پێی وایە کێشەی کورد لەگەڵ دەسەڵاتە ستەمکارەکانە نەک نەتەوەکانی تر.

هەرچەندە لە بەغداش گوتارێکی شۆڤێنی و فووتێکراوی عەرەبی هەیە کە دژایەتیکردنی کورد بۆ داپۆشینی گەندەڵی و شکستەکانی خۆی بەکاردەهێنێت؛ بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو شۆڤێنییەتە بە گوتارێکی شۆڤێنی و فووتێکراوی حیزبی لە هەرێم، تەنها ململانێی دوو حکومەت دەگوازێتەوە بۆ نێوان دوو نەتەوە و قەیرانەکانی پێ چارەسەر ناکرێت و مەبەستی سەرەکیش شاردنەوەی گەندەڵیەکانە.

قاچاخچێتی، نەبوونی شەفافیەت و کێشەی مووچە وای کردووە نەک هەر پاساو بدرێتە دەست بەغدا بۆ باسکردنی سەروەری یاسا بەڵکو خەڵکی برسی و نائومێدیش عەلی زەیدی بە فریادڕەس بزانن! ئەمریکاش بێدەنگی شکاند و پشتگیری راستەوخۆی راگەیاند بۆ فەرمانەکانی زەیدی و هیچ زەمانەتێکی دەرەکی نییە کە بەغدا لە وەرگرتنەوەی نەوت و دەروازەکاندا بوەستێت و هەمان سیناریۆی سووریا بەسەر قەوارەی هەرێمدا نەهێنێت.

واشنتۆن تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سەقامگیری مامەڵە دەکات، نەک سۆزداری و ئەوەی دەنگی ئەمریکای بەرزکردەوە دابەشبوونی کوردستانە بەسەر دوو زۆندا و دروست نەکردنی هیچ دامەزراوەیەکی نیشتمانی ، قاچاخچێتی و نائومێدکردنی خەڵکی کوردستانە.

دەسەڵاتێک لە ناوخۆدا لێکترازاو بێت و خەڵکەکەی بێڕێزی بەرامبەر بکرێت، ناتوانێت قەیرانەکان تێپەڕێنێت و بەرگەی گۆڕانکارییەکان بگرێت؛ هەرچەندە تروسکاییەک ماوە گەر بێباک نەبن، بەڵام ئەستەمە ئەم عەقڵییەتە بەرژەوەندیی تەسکی خۆی بخاتە لاوە. تاکە زەمانەت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سووریا و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی عەقڵانی و دەستوورییە لە ئاستی دەرەوە، و شەفافیەت، چاکسازی و گەڕاندنەوەی شکۆ و بژێوی بۆ هاووڵاتی لە ناوخۆدا. چونکە قەوارە تەنها کاتێک بەهێزە کە خاوەنەکەی واتە هاووڵاتی هەست بکات تێیدا خاوەن ماف و ژیانێکی شایستەیە


PM:09:12:28/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی