ئایا سەرکەوتنی زەیدی مسۆگەرە؟

‌‌بابەکر درەیی

سەرکەوتنی هیچ کەسێکی سیاسی مسۆگەر نیە چونکە کاری سیاسی لە بۆشاییدا ڕوونادات و چەندین ڕێگری گەورەو بچوک هەن کە هۆکارن بۆ شکستی هەر پرۆژەیەکی سیاسی یان ئابووری. 

 لە ڕواڵەتدا پشتگیری ترامپ بۆ زەیدی وا دەردەخات ئەم پشتگیریە شانسی سەرکەوتنی زەیدی بەسەر میلیشیا شیعەکان و بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا مسۆگەر دەکات، لە کاتێکدا پێدەچێت، ئەو جەختکردنە توندەی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان و بێهیزکردنی کوردستان لە قازانجی خەیاڵە جوانەکانی زەیدی نەبێت.

بەدڵنیاییەوە میلیشیا شیعەکانی عیراق ڕیگرن لە سەروەری یاسا لە عیراقدا، هەروەک چۆن گەندەڵی و قاچاخی نەوت لە کوردستان بۆتە مایەی بەدبەختی و هەژاری و ستەمکاریەکی ئاشکرا دژ بە خەڵکی کوردستان.

بەڵام سیاسەت لە ناوچەکەی ئێمەدا تاخوا حەزکات بێڕەحم و تا چاو بڕکات ئاڵۆزو پڕناکۆکیە، بۆیە پێویستە گەر بە چەن وشەیەکیش بێت ڕەهەندێکی تری دیاردەی « بەگژاچونەوەی زەیدی دژ بە میلیشیا و گەندەڵی هەرێم» ببینین و نیشان بدەین.

زۆربەی ئەوانەی شیکردنەوە پێشکەش دەکەن ڕۆڵی ئێرانیان بیرچۆتەوە: ئایا ئیران لێدەگەڕێت میلیشیاکانی هەروا لەدەستی دەربهێنرێن؟ ئایا ئێران هەروا بە ئاسانی پشت دەکاتە سەرچاوەکانی داهاتی دۆلار لە هەرێمی کوردستانەوە؟ ئایا ئێران توانای مانۆری سیاسی و ئەمنی لە عیراق و کوردستاندا لەدەس داوە؟ 

چما لە٤٥ ساڵی ڕابوردودا ئێران سەرچاوەی دەسوەردان نەبوە لە عیراقدا جا بەشەڕ بوبێت یان بە سیاسەت و « ڕیکخستن» ی نوخبەی سیاسی شیعەو کورد؟ 

ئێران هێشتاش ئەو هێزەیە کە دەتوانێت تەختەی شانۆکە لە ژێر پێی زەیدی دەربهێنێت و کۆی گەمەی ئەمریکاو تۆم باڕاک لە ڕیشەوە هەڵتەکێنێت.. 
سەیرە گەر پێمان وابێت ٢٥ ساڵە ئیران گەندەڵی هەرێمی کوردستانی نەبینیوەو گوایە ئێستە ، تازە بە تازە ( وەک هەنێ شرۆڤەکار دەڵێن) لایەنگری ئەوەیە بەقاچاخبردنی نەوت ( ئەویش بۆخۆی!) نەمێنێت و بەڕێز زەیدی،کە هەڵبژێراوی فراکسێۆنە نزیکەکەیە لە ئیران ، ببێتە قارەمانی وشککردنی ئەم سەرچاوە گرنگەی نەوت و دۆلار بۆ ئێران. 

لێرەدا هەر ئەوەندە پێویستە بوترێت. هیوادارم ڕۆشنبیرو سیاسیەکانمان ئەم ڕەهەندە، واتە « هەبونی ئێران» و توانای مانۆڕی لە ئاستی قورسدا ببینن.

هیوادارم سەردانی بەڕێزان ی سەرکردایەتی پارتی بۆ سلێمانی بە ئامانجی یەکخستنی ماڵی کوردی و پاڕاستنی قەوارەی هەرێم بێت نەک بۆ ڕاکێشانی ئێران بۆ ناوبژیوانی و دورخستنەوەی زەیدی لە ڕاوەدونانی قاچاخچیەکانی نەوت و قوتی خەڵک.


PM:01:55:28/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی