ئەو درزەی دروستتان کردووە هەرئەمەی لێدەکەوێتەوە
بەختیار مستەفا
ماوەی چەندین ساڵە جەماوەری کوردستان تکای یەک ڕیزی و دڵسۆزیتان لێدەکات ، لەشەستەکانەوە بۆ ڕاپەڕین و هەتا ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و لەو کاتەشەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم گەلە ستەم لێکراوو ماف خوراوە سەرەڕای قوربانی و ماڵکاول بوون بێ حاڵیەی خۆیەوە لێتان دەپاڕێنەوە کە واز لەبەرژەوەندی حیزبایەتیان بێنن ...
واز لەهەندێک پۆست و عینادی لەگەڵ یەکتری بێنن ، پێتان دەڵێن ئەم گەلە جوامێرو خۆنەویستە شایەنی ئەم مامەڵەو کارو کردەوانەی ئێوە نیە ...
ئەگەر بێتوو لەشەستەکانەوە بۆ ڕوخاندنی رژێم بارودۆخمان خراپ بوبێت ، بەڵام لەدوای ڕوخانی رژێمەوە بەحساب دۆخی کورد لەهەمووان باشتر بوو ، نەک هێزە سیاسیەکان هەر خەڵکی ئاسایش قسەی زل و خەونی گەورەی دەبینی ، بەڵام دیسان بەداخەوە لەمەشیاندا کورتتان هێناو هەرزو خەڵکتان بێهیوا کردەوە ، هەروەک چۆن هەتا کۆتایی نەوەدەکان ئەو میللەتە داماوەتان چەندین جار بەگژ یەکدا کردو شەڕی نەکریسی ناوخۆتان توش کردن و بەدەستی یەک بەکوشتتان دان ، دیسانەوه بە ململانێ نادروست و نابەجێکانتان بێ هیواییتان بەخشیەوە .
لەکاتێکدا بەغداد یەک پۆلیسی هاتوچۆشی نەمابوو لەجیاتی ئەوەی پەندتان لەڕابردو وەرگرتبێت و کار بکەن بۆ بۆ زیندو کرنەوەی خەونی شەهیدان و ئەم گەلە کەهیچ شتێک نەماوە بۆ ئێوەی بکات ، دیسانەوە کەوتنەوە ملامنێی نادروست و قۆڵبادانی یەکترو پۆست پۆستێن و خۆ دەوڵەمەند کردن و ڕێگا خۆشکردن بۆ گەندەڵی و حساب نەکردن بۆ خەڵک و قوربانیەکانی و لوت بەرزی ، لەجیاتی کارکردن بۆ دروست کردنی دەوڵەت کەهەموویان لێی تۆقیبوون ، کارەکانتان پێچەوانە کردەوە ، بەغدادتان لەسەرپێی خۆی وەستاندەوە ، ئەوانیش لەسەرەتادا چوونکە لاوازو بێ حاڵ بوون بۆ هەندێک داواکاری کورد ملیان دا ، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەپارەو پولەوە هەبوو ، چوونکە دەیانزانی کاتێک کورد پارەو پۆست دەبینێت هەموو شتێکی لەبیر دەچێتەوه ، بەداخەوە لەو کاتەدا گەورەترین دەرفەتی مێژوویی گەلی کوردتان لەبار برد ...
دیسان ئەوانتان بەهێز کردەوه ، بەتایبەتیش دوای تێکشانی دا - عش و ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەرو بڕینی بەشە بودجەو قوتی خەڵک و سەرهەڵدانی قەیرانی کڕۆنا و ئێستاش لەم هەل و مەرجی شەڕەی ئێستادا ، بەداخەوە ئەوانتان لێکردینەوە بەکەڵەگا ، ئەو کات بینیمان چۆن حەسەن پلایس و دەرنەفیزو حەشدو مەشد بەمڕۆشەوە چۆن هەڕەشەو گوڕەشە دەکەن ، چۆن ئازاری جوتیاری کورد دەدەن ، بەردەوامن لەتەعریب و تەشەییع و ڕۆژانە چۆن درۆن و موشەک بارانمان دەکەن ... ئێوەش لەبەغدا ململانێتانە لەسەر پۆستەکانی سەرکۆمارو پارێزگارو تەنانەت وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی ، یەکێک نەزانێت ماددەی 140 تان جێ بەجێکردووەو هەرچی داوا کاری کورد هەیە بەدەستتان هێناوە ، لەهەرێمیش ئەوە دووساڵ زیاترە دیسان پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتتان دوا خستوەو پەکتان خستووە ، ئەم دەڵێت خەتای ئەوەو ئەو دەڵێت خەتای ئەمە ... وەک ئەوەی کاتێک بەیەکەوە حکومەتتان پێکهێناوەو بەیەکەوە بوون بەهەشتتان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردبێت و ئێستاش بۆ بە گرنگ نیشاندان خەریکی لەبەر یەک ترازان و دوبەش کردنین ، بێگومان تەنها هەر ئەو دوو حزبەتان بەرپرسار نین ، لەلایەک ئۆپزسیۆنێکی خراپ و لەلایەکی تر دەستی دەرەکی و بەتایبەتی ئەقلیمیش هەیە بۆ ئەوەی بەدەستی بەتاڵ لێی بێینەوە دەرەوەو جارێکی تر توشی شکستمان بکەنەوە ، بەجۆرێک کارتان کردووە خەبات و تێکۆشان خەریکە ناشیرین دەکرێت و خەڵک بێهیوا دەکەن ، واتان کردووە خەڵکانی دەرەوەی ئێوەش جورئەتی ئەوە نەکات داکۆکی لەهەرێم بکات ، هەندێک دەڵێن بۆ کێ ؟ بۆ مانەوەی ئەمانەو ئەم دەسڵاتە داکۆکی دەکەن ؟ .
بێگومان زۆرێک لەو خەڵکە لەماندو بونیان بەدەست ئێوەوەو نائومێد بونیان لەچاکسازی و چەسپاندنی دیموکراسیەت و عەدالەت و سەروەرێتی یاسا بێزار بوون نەک لە نانیشتمانی بوونیانەوە ، هەندێکی تریش بەغدادیان فێری مووچەو بودجە بڕین و فشار خستنە سەر هەرێم کرد بەو هیوایەی بەهەر جۆرێک بێت ڕزگاریان بێت ئەگەر بەپاڵپشتی نەیارانی کوردیش بێت ، ئەمەش کارەساتە گەورەکەیە کە خوڵقاندوتانە ...
ئێستاش دیسان لەم ڕابردوەدا چیتان پێکرا لەبەرانبەر یەکتری کردتان ، قۆڵی یەک بادەدەن ، یەکتری دەشکینن ، دەیان و سەدان پەیج و لاپەڕەی سێبەرتان بۆ ئەو کارانە تەرخان کردووە ، پۆز بەسەر یەکترو بەسەر میللەتی خۆتان لێدەدەن ، لەولالەشەوە دوژمن و ناحەزو وڵاتانی تر چی دەکەن سەیریان دەکەن ، هەندێک جار ناشڵێن غەدرمان لێدەکەن ، هەڕەشە دەکەن ، بودجە دەبڕن ، سوتەمەنی نانێرن ، چاو سوردەکەنەوە قسە ناکەن ، بۆ سەرقاڵ کردنی خەڵکیش ئەوەتا درۆن و مووشەکمان بەدیاری بۆ دەنێرن ، بەجۆرێک مەترسیتان دروست کردووە کە زیانمان بە پارچەکانی تریش گەیاندووە ، ئەگەر ئێمە چوار چێوەی بەحساب دەستوریمان هەیە ئەمە بارو دۆخمان بێت ، ئەوان بەبێ سەنەدێکی دەستوری دەبێت حاڵیان چۆن بێت ، ئەوانیشمان بێ پشت و پەناو بێ هیوا کردووە ...
کاتێکیش شتەکان دێتە سەر قسە کردن یەکسەر دەڵێن ئێمە لەعێراق و لەباشور دەستورمان هەیە که پشتیوانیمان لێدەکات ... بەم حاڵەی عێراق و پەرتەوازیەی ئێوەوە کام دەستور ؟ ئێوە چەند ساڵه بەیەکگرتویی چیتان کردوە بۆ چەسپاندنی ئەو دەستوورە ؟ .... دواتر کام دەستور باس دەکەن ؟
ئەو دەستورەی لە 2003 وە دەستی دەستیمان پێدەکەن بۆ ماددەی 140 و لەکۆتاییدا ئەوان وتیان ئەو خەونەمان لەگڕنان ؟ یان ئەو دەستورەی کە ڕێگا دەدات جوتیاری کورد لەسەر زەوی داگیر کراوی خۆی بەر شەق بدەن و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان دەسوتێنن ؟ یان ئەوەی بەجیاواز مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەکات ، یان ئەو دەستورەی نەوت و بەنزینت ناداتێ ، یان ئەوەی بۆ مووچە دەستی دەستیت پێدەکات ...
یان ئەو دەستورەی لەکەناڵی تەلەفیزۆنەوە پێت دەڵێت ئێمە براین و هاووڵاتی یەک وڵاتین و لەبەردەم یاسادا یەکسانین و لەملا ترەوەو لەیەک کاتدا درۆن و موشەکت ئاراستە دەکات بۆ ئەوەی ئەوانەی ترت لەبیر بچێتەوە ، ئەو دەستورو حکومەتەی کەهەتا ئەمڕۆ ئادە نیە کیمیا بارانی کوردستان و ئەنفال بەجینۆساید بناسێت و ئامادە نیە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بۆ ئەوەی کورد قەرەبوو نەکرێتەوە ؟
ئەو حکومەتە بەناو فیدراڵیەی هەر ڕۆژەی بە شێوەیەک غەردرمان لێدەکات ؟.
ئێوەش بۆ خۆتان هەر حیزبایەتی بکەن هەموو گەلەکەمان لەکوردستان و دەرەوە لەگەڵ دۆستەکانماندا بەهەموو چین و توێژەکانیەوە لەئەکادیمیەکەوە بۆ کرێکارێک و بێ کارێک کە دڵسۆزە لێتان دەپاڕێنەوەو دەڵێن مەترسی بەڕێگاوەیە تکایە یەکگرتویی بپارێزن خەمی خاک و میللەتی خۆتان بێت کەچی ئێوە لەسەر لوت بەرزی خۆتان بەرانبەر یەکتری و گەلەکەمان بەردەوامن و وەک ئەوەی نە باتان بینیبێت و نەبۆران ... ئەرێ پێمان ناڵین ئێوە بەیەکگرتوویی چیتان کردووە تا خەریکی لێکترازان بن !
کام ماددەی دەستوری سەرەکیتان لەبەغداد یەکلایی کردۆتەوە ؟ ئەو هەموو گەنجە لەم وڵاتە بێکارە و زۆری سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەخنکێت ، ئەوەی کاریشی هەیە مەمرەو مەژی دەڕوات بەڕێوە و ئەوەی وەری دەگرێت بەشی هەفتەیەکی ناکات ، بەرمیلێک نەوت بە 400 هەزار دینار ؟ نرخی بەنزین هەرگوێی خۆتان لێخەواند ، نرخی کاڵاکان دوو بەرانبەر بەرز بۆتەوە ، غازیشی هاتە سەر ،بەکەیفی خۆتان باج و خەراجی جۆراو جۆرتان خستۆتە سەرشانی هاووڵاتی ، هەرچی جومگەی گرنگە لەتەندروستی و خوێندن و کارەبا و ئاوو ڕێگاو بانە کردوتانەتە کەرتی تایبەت و ئەهلی ، خەریکن لەجیاتی ئەو بەهەشتەی خەونمان پێوە دەبینی جەهەنەمێک بۆ ئەم گەلە داماوە بەدەستانەوە دروست دەکەن ، ئێوە بەم کارە خراپانەو پەرتەوازیەی هەتانە بەرەو خراپتری دەبەن .
لەو ڕۆژەوەی باس لەجورف السخر دەکرێت دڵسۆزان هۆشداریان داو پێتان دەڵێن ئەمە زەنگی ئاگادار کردنەوەیە بۆ کورد و بۆ هەرێم ، کەهەموو ئەمانە دەست تێوەردان و چیلکەی دەرەکی و بەتایبەتیش هەرێمی و هاوسۆزە ناوخۆییەکانیشی تیادایە .
ئەمڕۆش کەعەلی زەیدی و حزبەکانی هەمئاهەنگی شیعە باسی هەرێم دەکەن ، نابێت بەلامانەوە غەریب و نامۆ بێت ، ئێستا نە هاوپەیمانان نەدراوسێکان و نە وڵاتانی ئیسلامی و هتد بەلایانەوە گرنگە کورد چی لێ بەسەر دێت ، هەموان دەڵێن لەگەڵ عێراقێکی مەرکەزی بەهێزین ، هەروەک چۆن بۆ سوریاو تورکیاو ئێرانیش وا دەڵێن و کردوشیانە ...
ئێ کاتێک ئێمە خۆمان بەتەنگ خۆمانەوە نەبین خەڵکی تر بۆچی ؟ .
بەکورت و موختەسەری ئەوەی ئەو درزەی لەشەستەکانەوە دروستتان کردوە و ڕۆژ بەڕۆژیش گەورەتری دەکەن هەر ئەمەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و بگرە لەوانەیە خراپتریش بەڕێگاوە بێت .
ئایا ئیتر ویژدانی خۆتان دەجوڵێنن ؟ و ئاوڕێک لەخەڵک و نیشتمانەکەتان دەدەنەوە ، دەپرسن چ کارەساتێکتان بەسەر هێناوە ؟ ئەمشەو هەنگاوێکمان بینی کە بریتی بوو لەبەیاننامەیەکی هاوبەش ، بەم هەموو نیگەرانیەوە هێشتا دڵخۆشی کردین ، بەڵام ئەمە هەر هیچ نیە لەچاو ئەو مەترسیەی بەڕێگاوەیە ، بۆیە ئەگەر ئێوە لەسەر ڕێگای خۆتان بەردەوام بن و درزەکە گەورەتر بکەن ئەوا هەرچی هەیە و نیە لەدەستی دەدەین و بەرپرسیارێتی مێژویی و ئەخلاقیش لەسەر شانی ئێوە دەبێت وەک دوهێزی سەرەکی دەسەڵات و حوکمڕانی لەهەرێم .
ئەگەریش بەپێچەوانەوە بگەڕێنەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی و نیشتیمان و هاووڵاتی پارێزی و واز هێنان لەحیزبایەتی و ڕێگری کردن لەگەندەڵی و سەروەر کردنی یاساو رێز گرتن لەیەکتری و لەهاوڵاتیانی نیشتمان بکەنە پێوەر ئەوا جارێکی تر هیوایەک بەکوردو بەخۆشتان دەبەخشنەوە ...
دەی لەو کەلی شەیتانە دابەزن و داوای لێبوردنێک لەو خەڵکەی خۆتان و لەیەکتری بکەن ... دەست بخەنە ناو دەستی یەک زۆر باشترە لەسەرشۆڕ کردن و دەست ماچ کردنی دوژمنانی گەلەکەمان ...
لەکۆتاییدا یەک پرسیار دەکەم ئا لەم بابەتەی هاتۆتە پێشەوە یەک دانە دۆستی عێراقی و ئەقلیمی و دەرەکیمان بۆ بدۆزنەوە داکۆکیمان لێبکەن ، باشترین دۆست بێدەنگی هەڵدەبژێرێت ..... کەواتە دەبێت سەدان پرسیار دروست بکەین ، هەمووان لەکەمیندان بۆ لەبار بردنی ئەوەی بەدیمان هێناوەو هەر ئێوەش بەرپرسی یەکەمن لەئەجامەکەی .
AM:10:38:25/11/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی