با هەموومان دوعا بکەین!
محهمهد ههورامی
لەم نیشتیمانەی ئێمەدا کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆز و خەمخۆر هەن کە سی ساڵە لە پشتی میکرۆفۆن و لەبەردەم شاشەکانەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەماسەتەوە هاوار بۆ گیانفیدایی بۆ کوردستان دەکەن.
ڕاستییەکەی، لەوە زیاتر دڵم بەرگەی ئەم هەموو چاوەڕوانییەی ئەوان ناگرێت ، ئاخر تاوانی ئەم هەموو پاڵەوانە خۆنەویستە چیە کە بەو هەموو حەز و خولیایەی کە هەیانە بۆ شەهادەت، هێشتا بە زۆر و بە ناچاری لەم دنیا پووچ و فانیەدا ماونەتەوە؟
بەڕاستی جێی بەزەییە مرۆڤ هەموو ڕۆژێک خەون بە شەهادەتەوە ببینێت، کەچی قەدەری ڕەش ناچاری بکات لە ڤێلای چەند هەزار مەتریدا بژی و بە ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بسووڕێتەوە و خەمی کۆمپانیا و پڕۆژە و موساتەحە بخوات! بەجدی ئەمە ئازارێکی دەروونیی گەورەیە و ناکرێت ئێمە بێدەنگ بین لە ئاستیدا.
هەر بۆیە، ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هەموومانە دەست بەرز بکەینەوە و لە قووڵایی دڵمانەوە، دوعایان بۆ بکەین خوای گەورە ئەم ئاواتە دێرینەیان بهێنێتە دی و بەزوترین کات پلەی بەرزی شەهادەتیان پێ ببەخشیت!
تەماشا بکەن ئەم دوعایە چەند پڕخێر و دووسەرە قازانجە. لە لایەکەوە، ئەم بەڕێزانە بە ئاواتی خۆیان دەگەن و لەم دنیا پڕ لە کێشەیە ڕزگاریان دەبێت لایەکی تریشەوە، ئەم خاکە ماندووە و ئەم خەڵکە بێنازە، لە کۆڵیان دەبنەوە.
بە هەر حاڵ، دوعا بە خۆڕاییە و هیواش دواهەمین شتە کە دەمرێت. با هەموومان پێکەوە، بە دڵێکی ساف و نییەتێکی پاکەوە بڵێین: خوایە بە نسیبیان بکەیت، با ئەوانیش بە ئاوات بگەن و خەڵک و خاکی کوردستانیش کەمێک بحەسێنەوە. ئامین!
AM:10:25:25/11/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی