کاریگەریی ماتێڵدا؛ توندوتیژی و نادادوەرییەکی تر بەرامبەر بە ژنان
چیمەن محەمەد رەشید
توندوتیژی بەرامبەر
بە ژنان بە چەند جۆرێکە ئەوانیش: جەستەیی، دەروونی، سێکسی، و ئابوری، لە ئێستاشدا
توندوتیژی سەردەم کە جۆری دیجیتاڵییە توندوتیژییەکی توند و فراوان و هەمە شێوازە،
بەڵام لە ڕاستیدا توندوتیژی جۆری تریشی هەیە، بۆ نمونە: کاریگەریی ماتێڵدا.
کاریگەریی ماتێڵدا
چییە (The
Matilda Effect)؟
کاریگەریی ماتێڵدا
بەو ڕەفتارانە دەوترێت بە بەرنامە و پلانی ڕێکخراو داهێنانە زانستییەکان و بەشدارییەکانی
ژنان لەزانست و زانیاریدا پەراوێزدەخات و
هەوڵ دەدات لە نرخ و بەهایان کەمبکاتەوە. تەنیائەوەندە نا، زۆر جار بەرهەمی توانای هزری و زانستی خراوەتە پاڵ پیاوە
هاوکارەکانی و بە ناوی پیاوەکە بڵاوبۆتەوەو
پیاوان بەهۆیەوە خەڵات و ستایش کراون.
بێگومان ژنان بەدرێژایی
مێژوو توانای زانستی و داهێنانیان هەبووە، بەڵام بەهۆی سیستەمی نێرسالاری و نووسینەوەی
مێژوو لەلایەن مافخۆرانی ژنانەوە و زەوتکردنی مافی ژنان لە ناساندن و باسکردنی
توانا و بەرهەمەکانیان ستەمێکی گەورە لە ڕاستی
و لە ژنانیش کراوە. ئەم ستەم و پەراوێزخرانە هەر وا نەمایەوە، دەنگ هەڵبڕین و
باسکردنی ئەم دیاردەیە وایکرد بەشێکی زۆر لە ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن و بە گومانەوە
سەیری زۆر داهێنان بکرێت و وایکرد بەشێک لەو ژنانەی داهێنانی زۆر گەورەیان کردبوو
بە ناوهێنانیان بەشێک لە مافیان بۆ بگەڕێتەوە.
ناساندنی ئەم
کاریگەرییەش دەگرێتەوە بۆ:
ماتێڵدا جۆسلین
گەیج (Matilda Joslyn Gage).
ماتێڵدا لە سەدەی
نۆزدەدا ژیاوە، ژنە چالاکوان و بیرمەندێکی ئەمەریکیی کاریگەر بووە لە بوارەکانی
مافەکانی ژنان، ڕزگار کردنی کۆیلە، و چەندین بواری تردا، بێگومان بەهۆی بیروڕا بوێرییەکانیەوە ڕوبەڕووی پەراوێزخستن
و بایەخپێنەدان بۆتەوە.
ماتێڵدا لەساڵی
١٨٢٦ لە نیویۆرک لەدایک بووە لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار کە دژی کۆیلایەتی
کاریان کردووە. باوکی پزیشک بووە و ڕۆڵی هەبووە لە بوێری و تواناکانی هەروەها فێری
خوێندەواری و تەنانەت کاری پزیشکیی وەک توێکاری، و زمانی یۆنانی و بیرکاری و چەندین
بەهرەی تری کردووە.
ماتێڵدا لەساڵی
١٨٧٠ کتێبێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (ژن وەک داهێنەر) (woman as Inventor). لەم کتێبەدا باس لە
توانای داهێنان و بلیمەتیی ژن دەکات، بەڵام ستەمیلێکراوە بە ناونەهێنان و پەراوێزخستنی
ڕۆڵ و توانای. ماتێڵدا لە ڕێگەی ئەدەبی مناڵانیشەوە و هانی نوسەر لیمان فڕانک بوم،
کە زاوای بووە، داوە تا پەیامی بگەیەنێت و ڕۆڵی سەرکردەیی ژن و مافی یەکسانی پیشان
بدات هەروەک ئەم پەیامە لە چیرۆکی (جادووگەرە سەرسوڕهێنەرەکەی ئۆز) دا ڕەنگی دایەوە.
ماتێڵدا لە ١٨ ی مارتی ١٨٩٨ دا لە شیکاگۆ کۆچی دوایی کردوە.
لە ساڵی ١٩٩٣ دا
مارگرێت دەبلیو رۆسیتەر (١٩٤٤ _ ٢٠٢٥)، کە ژنە مێژوونووسێکی ئەمەریکییە، لە بواری
مێژووی زانستدا نوسیویەتی و مامۆستای زانکۆی کۆرنێل بووە، دەستەواژەی کاریگەریی ماتێڵدای بەکارهێنا، باسی ئەو پەراوێزخستنە
بەبەرنامەیەی کردوە بەرامبەر بە داهێنانەکانی ژنان کراون و چۆن بەرهەمەکانیان بەناوی پیاوانەوە بڵاو بوونەتەوە
و دەستکەوتە زانستی و رێزلێنانەکان بۆ پیاوان بووە. دەستەواژەکە ئاماژە بووە بە
ناوی ماتێڵدا جۆسلین گەیج کە پێشتر باسی ئەم دیاردەیەی کردبوو ، بۆ ناسینی ژنە
زاناکانیش کە بەهرە و بەرهەمیان براوە ئینسکلۆپیایەکی سێ بەرگی ی نوسیوە و بڵاو
کردۆتەوە بە ناوی ژنە زاناکان لە ئەمەریکا، تیایدا ناو و داهێنانی زانایانی ژنی لە
مێژووی هاوچەرخدا خستۆتەڕوو.
زۆرن ئەو ژنانەی
بە کاریگەریی ماتێڵدا ستەمیان لێکراوە. بێگومان هەموو ئەو ژنانەی داهێنانیان کردوە
لە مێژوودا بە تەواوی نازانرێت، بەڵام هەندێک
لەو ژنانەی داهێنانی گەورە و دیاریان ئەنجامداوە مافی خاوەندارێتیی داهێنانەکەیان
بۆ گەڕاوەتەوە و وەک بەڵگەی مێژوویی دیار و گرنگ بوونی دیاردەی ماتێڵدا پشتڕاستدەکاتەوە.
هەندێک لە ژنە
زاناکانی ڕوبەڕووی دیاردەی ماتێڵدا بونەتەوە، وەک:
* ڕۆزاڵیند
فرانکلین (Rosalind
Franklin):
بە بەکارهێنانی وێنەکانی تیشکی X،
بەشدارییەکی بنەڕەتی و گرنگی کرد لە دۆزینەوەی پێکهاتەی ترشی ناوەکی (DNA) لە ساڵی ١٩٥٣. بەڵام جەیمز واتسۆن و فرانسیس
کریک لە ساڵی ١٩٦٢ خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا پێزانینێکی شایستە
بە بەشدارییەکەی فرانکلین بدرێت.
*
لایز مایتنەر (Lise
Meitner):
لەگەڵ ئۆتۆ هان کاری کرد و بنەما تیۆرییەکانی دابەشبوونی ناوکی ئەتۆمی (Nuclear Fission)ی دانا؛ هەروەها ئەو بوو
کە زاراوەی «دابەشبوونی ناوکی»ی داڕشت. بەڵام خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ساڵی ١٩٤٤ تەنها
بە ئۆتۆ هان درا و ناوی مایتنەر لە خەڵاتەکەدا پشتگوێخرا.
*
جۆسلین بێل بێرنێل، لەدایک بووی ١٩٤٣، زانای فیزیای ناوەکییە، لەکاتی خوێندنی باڵادا
جۆرێک لە ئەستێرەی نیوترۆنی دۆزییەوە. سەرپەرشتیارەکەی زانای بەریتانی ئەنتۆنی هویش بوو، بەڵام خۆی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت
لەگەڵ مارتین رایلی بۆ ئەم دۆزینەوەیە و ناوی جۆسلین نەهات لەگەڵ ئەوەی ئەو یەکەم
کەس بوو دۆزییەوە.
بۆ نەهێشتنی دیاردەی
ماتێڵدا دەبێت چەندین ڕێکار ئەنجام بدرێت، وەک:
* گۆڕانکاریی
بنەڕەتی لە سیستەمی زانکۆیی، دامەزراوە ئەکادیمییەکان بکرێت.
*
چاکسازی لە سیستمی بڵاوکردنەوەدا بکرێت.
* پێداچوونەوە بە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی بابەتەکان.
*
پێداچوونەوە بە میتۆدی خوێندن بە جۆرێک باسی توانای ژنان و داهێنانەکانیان بکات.
*
میدیا و کایەکانی ڕۆشنبیری بایەخ بە داهێنانی ژنان بدەن.
*
ناوی داهێنەر و دۆزەرەوەی بابەتەکان هەموی تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی لایەنگیری نەبێت و
ناوەکان هەبن.
*
هاوسەنگی لەخەڵات و پاداشت، بە جۆرێک جیاکاریی ڕەگەزی نەبێت.
*
ڕوونی (شەفافیەت) هەبێت لە کرێ و پاداشت، *پێوەرەکان ئاشکرابن و بڵاو بکرێنەوە.
* لیژنەی خەڵاتەکان هەمەچەشن و هاوسەنگ بن، کەسانێکی
تێدا بێت بڕوای بە توانا و داهێنانی ژنان هەبێت.
لە میدیاکانەوە
ئاماژە بە توانا و داهێنانی ژنان بدرێت.
PM:08:39:24/11/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی