لەبەردەم خراپترین بژاردەداین کێ بەرپرسە؟ گەل یان سیاسییەکان

‌رێبین عومەر ‎

کوردەواری دەڵێت: ئاش لەخەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک، وابزانم ئێمەی کورد لە خەیاڵێکی ترداین و لەسەر چەپکەگوڵی دەستکەوتەنان خەوتووین.
لەسەر دیاردەی موئامەرەی هەرێمی؛ گوێم لە ئەحمەد مەلا تەڵای پێشکەشکاری رەخنەگری دیاری میدیای عێراقی دەگرت، کە وەڵامی میوانەکەی دەدایەوەو دەیگووت: ئەوەی بەسەر کوردی سوریا هات ئەگەر بەسەر هەرێم بێت، ئەوا بێشک چەک هەڵدەگرم و دەبمە پێشمەرگە، کورد لە بەردەم موئامەرەیەکی تردایە؛ فەرزکردنێک خەریکە دەردەکەوێت، تۆم باراک لە کەنار ئاوەکانی تورکیاوە، زوو زوو دەر ئەکەوێت؛ ئەو پیاوە کۆی سیستمەکەی بەستۆتەوە بە خێڵەوەو رێز بۆ تێکۆشانی گەلی کورد دانانێت؛ بازرگانێکی چاوچنۆکەو وەک مس بێڵ و سۆن فەرزکراوە. 
ئەوەی گەلی کورد بە سەدەیەک خەبات دەستی کەوتووە دەیەوێت هەڵی وەشێنێتەوەو بیکاتە دیاری سەفەقەی نوێی ئابوری، لەبەرامبەر ئەو موئامەرە گەورەیەدا کورد خۆی کەوتۆتە گیانی یەک و دەیەوێت بە موئامەرە پرۆسەی سیاسی بەڕێوەببات؛ وەک ئەوەی رویداو تەنگەژەکانی قوڵکردەوە، لەباتی ئەوەی ئێستا یەکبوون دروستبێت، خەریکی کۆڕو کۆنفرانس و لوتکەو پانێڵین، ئەمانەش گرنگن؛ بەڵام هەست بەوەدەکرێت کە سیاسییەکان لە باری بانگەشەدان و ناتوانن لە مایک و ژیانی شەخسی و باسکردنی بابەتی جۆراو جۆر دورکەونەوە، ئێستا ئەو وەختەیە چۆن (مام جەلال) بەرەحمەتبێت لەبەر چێ بوونی ئاشتی بە تەنها خۆی کرد بە ماڵی بارزانیداو ئاوی بەئاگری شەڕی براکانکرد، گەورەی نواند وەک چۆن پیرەمێردی حەکیم دەڵێن: سوراحی سەرفرودێنێت بۆ پیاڵە، بەو عەقڵییەتە حەق وایە تەنگەژەکان چارەبکرێت، ترسی گەورە هەیەو رەنجی ئەم گەلە تاوانە بکرێتە سوتەمەنی پلەو پۆست و غروری سیاسی و سیاسەتی پەرەسەندنی ناجۆر، گەورە ئەو کەسەیە گەلەکەی بپارێزێت و کار بۆ نەتەوەسازی بکات دوور لە غروری سیاسی، گەورە ئەوکەسەیە رەنجەکە نەکاتەوە بەخوری.


PM:03:59:24/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی