باخچەی پاشا لەوبەر ئاوە

‌بڕوا به‌رزنجی‌

+لە سلیمانی، وەک شارێکی قسەکەر، دەنگە دەنگ و ژاوەژاوێکی زۆردێت، وەک خوڕەی لافاوی دوای تۆفانێک، کەسانێک بە دەنگی بەرز دژی زەویییەکە قسەدەکەن کە بۆ لافاو دایدەدڕێت، زۆر توڕەن لە زەوی و لە باران و لە ئاسمان، بەڵام هیچ خۆیان لە تۆفانەکەو هۆکارە مرۆییەکان نادەن.
و ئەمە توڕەبونە لە تارێکی و بێهودەیی، ڕوییان لە هیچ کوێیەک نییەو وەک "دەنگ" نابیسترێن، زیاتر وەک "ژاوەژاو" دێنە گوێ. دەزانم زۆرێکیان لە خەم و خۆشەویستی و کاردانەوەیەکی سۆزدارانەیە بەرامبەر مەترسی لەسەر خەونی یەک سەدەی مرۆڤی کورد کە هەرێمی کوردستانە، بەڵام ڕووی هاوارەکە لە چۆڵییە!.

+ ئەگەر بڕیارە بەو دەنگە بەرزە هاواربکەن، تکایە بە کەمێک ئازایانەو ڕاستگۆیانە ڕوومان لە شوێنێک بێت نەک لە بۆشایی. بڕیاری سیاسی لە کوردستان نە لای پەڕلەمان و نە حکومەت و نە لە سەرۆکایەتی هەرێمە، نەلای حزبە سیاسییەکان، ئەوەی ڕودەدات ئەنجامی بڕیاری کاک مەسعود و کاک مەسرورەو دواتر کاردانەوەی کاک بافڵ. بۆیە ئەگەر بڕیاربێت کوردستان دوو ئیدارەیی بێت پرس بەکەسناکرێت و دەبێت[بێجگە لە فاکتەری گرنگی دەرەکی]، ئەگەر بڕیاریشە حکومەتێکی یەکگرتوو دروست بێت دیسان بڕیاری ئەو سێ کەسەی دەوێت. بۆیە ئەگەر فشارێک هەبێت و ئەنجامی هەبێت ئەوا دەبێت ڕوویی لەو سێ کەسەبێت.

+ کاک مەسعود، بەفەرمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەو تەنها کەسە لە نەوەی یەکەمی دنیای سیاسی ئێمە کەماوەو زیاتر لەنیو سەدەیە لەنێو دنیایی سیاسەتی ئێمە ناوێکی گەورەیە،هەروەک پایتەختی سیاسی کوردستان و گرنگترین پۆستەکان و دەسەڵاتەکانی حوکومڕانی لایە، بۆیە بە باش یان خراپ هەموو بارودۆخێکی کوردستان پشکی زۆری بەر ئەودەکەوێت، دواتر کاک بافڵ وەک سەرۆکی دوهەمین پارتی گەورەو مێژوویی و خاوەن حکومڕانی نیوەی خاکی کوردستان، بەڵام هیچ لەو بەیاننامەو کۆبونەوەو قسەکردنانە ناوی هیچ کەسێک لەم بەڕێزانەیان نەهێناو ڕوو لەوان نەبووە، نەک هەر ئەوە پێشتر کاک مەسعود بە بەیاننامەیەک داوا دەکات پارتی و یەکێتی ڕێکەون و خۆی لەهەموو بەرپرسیارێتییەک لاداوە، بەڵام کەس داوای نەکرد و نەیپرسی جەنابی کاک مەسعود تۆ لە دۆخێکی وادا دەورو قسەو هەوڵت نەبێت، ئەی بۆکەی دەوری مەرجەع دەبینیت!؟ ، هەروەک قسەکردنەکان ڕوویی لە خەڵکی کوردستانیش نییە، چونکە ئەم دەنگە تەنها لەبەردەم باخی گشتی سلێمانییەو نە لە پایتەختی کوردستان نە لە هیچ و شارو شارۆچکەیەکیتر دەنگی کەس نابیستین، وەک ئەوەی خەڵکی سلیمانی یان "سلیمانی" وەک کارئەکتەرێکی سیاسی بڕیاریدابێت کوردستان دوو ئیدارەیی یان دابەشبوو بێت، لەکاتێکدا بە باش یان خراپ پرسی هیچ بەخەڵکی ئەم شارە نەکراوەو سلێمانیش وەک شارەکانیتر لە میدیاکانەوە چاوەڕێن "سەرۆکەکانی" خۆمان و تۆم باراک و هاکان فیدان و کابرای ئێرانی چی بڕیارێک لە چارەنوسمان دەدەن. کەچی دۆخێک دروستدەکەن کە سلێمانی کارئەکتەرێکی سیاسی تاوانبارە، لەکاتێکدا یەک دەزگای گرنگی حکومڕانی لەم شارەدا نییەو مەرکەزییەتێکی تەواوی بەرامبەر جێبەجێکراوە.
بۆیە ئێمە لەم بەر ئاوەوە ژاوەژاو دروستدەکەین و بەڵام" باخچەی پاشا لەوبەر ئاوە".

+ لەدوایی دانیشتنەکەی ٤ی ئەم مانگەوە، دۆخی سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستان و هەر مرۆڤێکی کورد ناجێگیر و پڕ ترسە لەئایندەی خەونی نەتەوەیەک، ئەم دۆخە بەرهەمی پێکدادانی دوو خواستی سیاسییە، خواستێک دەیەوێت بەتەنها خۆی کوردستان بەڕێوەببات" کاک مەسعود و کاک مەسرور"، خواستێکیتر داوای شەریکایەتی دەکات" کاک بافڵ"، خواستی یەکەم ئامادەیە پشک ببەخشێت نەک هاوبەشی، خواستی دوهەم ئەگەر بە پشکیش ڕازیبێت ئەو پشکەی دەوێت کە بەپێی واقعی سیاسی بە مافی خۆیدەزانێت.

+ناگەڕێمەوە بۆ مێژوو، چونکە کات و شوێنی خۆی دەوێت، بەڵام زۆرینەمان دەزانین، پێش دروستبونی دەوڵەت_نەتەوە لەم ناوچەیەیی ئێمە، باشترین دۆخی سیاسی کورد ئەوە بووە کە میرنشینەکوردەکان یەکیان قبوڵکردووە یان توانای ڕوخانی یەکیان نەبووە، لەکوێدا میرنشینێکیان بەهێزتر بوبێت ئیترمیرنشینە لاوازەکان نەماوەو دواتر لەلایەن عوسمانییەکان یان سەفەوییەکان میرنشینەکەیتریش نەماوە. چونکە هێزی کورد بەدرێژایی مێژوویی چەندین سەدە ئەوەنە گەورەنەبووە بەرامبەربێت بە هیچ دوژمنێک، هێزی کورد تەنها بەهێزە بۆ ململانێی ناوخۆیی. کەواتە ئەمە دۆخی سیاسیی کوردەو دەیان نمونە هەیە لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ، کورد وەک نەتەوە نەهاتۆتە ناو مێژوو، ئیمە زیاتر کۆمەڵە تۆپەڵە کوردێکین و ناتوانین ئاوا بەم جۆرە دوبارانە ئەم تۆپەڵانە بکەین بەیەک بوونی یەکگرتوو.

+ لەبارەی ئەوەی لەم رۆژانەدا ڕویداو ڕودەدات، بەشێکی زۆری درێژکراوەی ئەو مێژووەیەو بۆ خەڵکی خوێنەوار هیچ شۆکێکی تیانییە. بابەتەکە هیچ ستراتیژ و بەرنامەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەپشت نییە، خەمەکە خەمی دام و دەزگا یاساییەکان نییە، چونکە ئەوە زیاتر لە سی و پینج ساڵە، لەکوێدا دەزگا ویستبێتی بە ئەرکی خۆی هەڵستێت دەرگای لیداخراوە، تۆ بە نمونە بەس پەڕلەمانی کوردستان وەک گەورەترین دەزگای یاسا دانان و چاودێری سەیربکە، تا ئەمڕۆ ئەم دەزگایە لە هیچ تاقیکردنەوەیەک دەرنەچووە، لەکوێدا بیانەوێت دەرگای دەکەنەوەو لەکوێدا بیەوێت وەک پەڕلەمانێکی ڕاستەقینەبێت دەرگای دادەخرێت.بۆیە شەڕ نییە لەپێناو دیموکراسییەت و دام و دەزگا، بەلکو بەکارهێنانی دەزگایە وەک ڕوپۆشێکی یاسایی و مۆدێرن، یان یاری بەردەستی چەند کەسێک کە بەهیچ جۆرێک لە زەڕەیەک دەسەڵاتی خۆیان خۆشنابن.

+ لە دوایی ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکاو هاوپەیمانان پارەیەکی زۆر و وزەیەکی زۆریان سەرفکرد لە بە دیموکراسیەتکردن و سیستەمی پەڕلەمانی لە عێراق و کوردستانیش، بەڵام ئەم سیستەمە شکستی خوارد و ژیانی سیاسی حزبایەتی و سیستەمی دیموکراسی پەڕلەمانی لە عیراق شکستی هێناو بەداخەوە پێش عیراق کوردستان شکستی ‌هێنا لە دیموکراسیەت و سیستەمی پەڕلەمانی، بۆیە ئێستا لە تەواوی عێراق زیاتر سیستەمی خێزانی سیاسی کاردەکات.


+ تەفسیراتی دام و دەزگایی و دیموکراسیەت و کەمینەوزۆرینە زۆر کورت دەهێنێت و هەمیشە دەیان بەڵگەو نمونەی پێچەوانەیمان هەیە، بۆیە با ڕاستگۆ بین و ئازابین لە بینینی واقیعە ناخۆش و بە ئازارەکە، لەم دۆخەیا یەک چارەسەر هەیە، ڕیکەوتنی ماڵی بارزانی و مالی مام جەلال لە بەڕیوەبردندا، ئەو تموحەی کاک مەسرور کە بێ شەریک حاکمی کوردستان بێت واقیعی نییە و ئەگەر بەردەوام بێت، لەوەی کوردستان بەبێ شەریکی ببەن بەڕێوە دەبێتە ئەوەی هەرکەس پارێزگار بێت لە شاری خۆی و لەچوارچێوەی عێراقی یەکگرتودا.!
بۆیە تەنها گەرەنتی مانەوەی هەرێمێکی یەکگرتوو بەڕێوەبردنی هاوبەشە، دۆخی ناوخۆیی و جیۆپۆلەتیکی کوردستان ئەمە دەسەپێنێت، دیارە ئەمە دیموکراسی نییەو منیش باسی دیموکراسی ناکەم، چونکە دور و نزیک ململانێکە پەیوەندی بە دیموکراسییەوە نییە، بەڵام پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە یەکگرتوویی و مانەوەی هەرێمی کوردسانەوە هەیە.

+ دوو هەرێمی بە ئەگەری زۆرەوە کۆتایی ئەزمونی حوکومڕانی کورد دەبێت، بەڵام لامەرکەزیی کارێکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ حکومڕانی کوردستان، چونکە حکومڕانی کوردستان بەرەو مەرکەزییەتێکی تەواودەڕوات و ئەمەیش یەکەم شت دژی مانەوەی یەکگرتووانەی کوردستانە و دژی گوتاری "ناسیۆنالیستانەی" کاک مەسعود و پارتییە،چونکە ئەم گوتارە بێ سازشکردن و چارەسەری کیشەکانی ناوخۆ، بەس وەک پڕوپاگەندەیەک دەمێنیتەوە. هەروەک نایەکسانی جوگرافی و پەککەوتنی پڕۆژەکان لەناوچەیەک و خێرابونی لەناوچەیەکیتری لێکەوتۆتەوە. من کە لەبواری کولتووردا کاردەکەم دەتوانم بەڕونی و گەورەیی کاریگەریی خراپی ئەو مەرکەزییەتە ببینم و پیشانی بەم چۆن سلێمانی وەک شارێکی کولتووری کوشتەی مەرکەزییەتە، کەواتە ىریاری دروست کە خزمەت بە یەکێتی هەرێمی کوردستان و یەکسانی ئیداری دەکات لامەرکەزییەتە.


PM:05:06:22/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی