بەحزبیکردنی قەوارە؛ کورتترین ڕێگایە بۆ داڕمان!
ئارام سەعید
گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی هەر کیانێکی سیاسی دەبێتەوە، بریتییە لە «بەحزبیکردنی دەوڵەت یان قەوارە» واتە کاتێک حزب و دەسەڵاتدارانی ، خۆیان و خودی قەوارە نیشتمانییەکە دەکەن بە یەک شت.
قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان مافێکی مێژوویی و دەستکەوتی قوربانیدانی گەلێکە و موڵکی هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانەیە بەبێ جیاوازی. بەڵام دەسەڵات و حکومەت تەنها ئامراز و شێوازێکی کاتیی بەڕێوەبردنن کە لەلایەن چەند حزبێکەوە دەبرێن بەڕێوە.
کاتێک دەسەڵاتداران و میدیاکانیان دەیانەوێت خۆیان و قەوارەکە بکەن بە یەک شت، لە ڕاستیدا دەیانەوێت شکست، گەندەڵی، دوو ئیدارەیی و قۆرخکارییەکانی خۆیان لە پشت پیرۆزیی ناوی «قەوارە»وەبشارنەوە.
مێژووی هاوچەرخی جیهان وانەی ستراتیژیی زۆر ڕوونی تێدایە لەوانە،
ئەزموونی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات: دەسەڵاتدارانی حزبی شیوعی هەموو ڕەخنەیەکی ئابووری و داواکارییەکی ئازادییان بە«خیانەت لە نیشتمان و ڕووخاندنی دەوڵەت» ناودەبرد.
ئەوان دەوڵەت و حیزبیان تێکەڵ کردبوو، لە ئەنجامدا کاتێک حزب شکستی هێنا و شەرعییەتی لای خەڵک نەما، دەوڵەتەکەشی لەگەڵ خۆیدا لە ناوەوە هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی هیچ هێزێکی دەرەکی داگیری بکات.
لە بەرامبەردا، دیموکراسیە زیندووەکانی جیهان (وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، یان فەڕەنسا) بە بەهێزیی مانەوە، لای ئەوان «قەوارە» جێگیرە و «دەسەڵات» دەگۆڕێت.
هاووڵاتی دەتوانێت توندترین ڕەخنە لە حکومەت بگرێت، سزای حیزبی دەسەڵاتدار بدات و بیگۆڕێت، بێ ئەوەی بچووکترین زیان بە قەوارەی دەوڵەتەکە بگات؛ چونکە ئەم جیاکردنەوەیە دەبێتە هۆی نوێبوونەوە و بەهێزبوونی زیاتری قەوارەکە.
لەم ڕوانگە فیکرییەوە، دەردەکەوێت ئەوەی مەترسیی ستراتیژییە بۆ سەر قەوارەی هەرێم، ڕەخنەی هاووڵاتی و داواکاریی چاکسازی نییە؛ بەڵکو ئەو دەسەڵاتە دوو زۆنییەیە کە دامەزراوەکانی ئیفلیج کردووە و خەڵکی لە نیشتمانەکەی خۆی بێزار کردووە.
کاتێک دەسەڵات لە جیاتی چاکسازی، پەنا بۆ پیرۆزکردنی خۆی لە ژێر ناوی قەوارەدا دەبات، پرۆسەی «نامۆبوونی سیاسی» لای هاووڵاتی دروست دەکات؛ واتە هاووڵاتی هەست دەکات ئەم قەوارەیە هی ئەو نییە، بەڵکو هی گرووپێکی دیاریکراوە. مەترسیەکە ئەو ساتەیە کە هاووڵاتیان ئینتیمایان بۆ نیشتمان لاواز دەبێت.
ڕەخنەگرتن لە قۆرخکاری و بێدادی، نەک هەر دژایەتیکردنی قەوارەکە نییە، بەڵکو ڕێگای ڕاستەقینە و ستراتیژییە بۆ ڕزگارکردنی قەوارەکە لە داڕمان و هەڵوەشانەوەی ناوخۆیی.
قەوارە بە دروشم و بێدەنگکردنی ڕەخنەگران ناپارێزرێت، بەڵکو بە جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت، ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات، و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ هاووڵاتی دەمێنێتەوە.
لەکۆتاییدا گرنگترین هەنگاوی ستراتیژی، دانانی سنوورێکی ڕوون و تۆخە لە نێوان دوو چەمکی زۆر جیاوازدا: «قەوارەی دەستووریی هەرێم» و «شێوازی دەسەڵاتداری».
PM:01:55:21/11/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی