کەپارتی نەبوی یەکیەتیت، کە یەکیەتیش نەبوویت حەتمەت پارتیت؟! ئایا لەراستیا ئێمە چین؟

‌سۆران نەقشبەندی

کورد وانەی لەمێژوو وەرنەگرتوە و لەدیڕ زەمانەوە ریشی گەلیان تەسلیمی دوو پارتی سیاسی کردوە کە دیسان دوای چەندین نمونەی هەڵدێری سیاسی و دۆڕانی نەتەوەیی، وا گرۆڵەی نەتەوەکە کەتۆتەوە لێژیی، ئەوسا دوژمن هەڕەشەبوو لەسەرمان، ئەم ئێستە خۆمان گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشەین لەیەکتری و لەخۆمان.

راستەوخۆ دەچمە ناو باسەکەمەوە و بە کورتی و پوختی دەمەوێ بڵێم، رۆژگارێک تێکەوتوین کە لەچاوی یەکدیدا، یەکیەتی بوون تاوانێکی گەورەیە، لەو خراپتر پارتی بوونە، لەهەردوکیان وەیلان تر ئۆپۆزیسیۆن بونە، لێوار و کۆتا تاوانی کوشندە ئەوەیە کە هیچیان نەبیت و تەنها بتەوێ کورد بیت.

جا وەرن با وردودرشتی ئەم تاوانباربونانەتان بۆ شیبکەمەوە:

لەدوای راپەڕین کە وەک ئەوەبوو کورد میزەڵانی (٣١) ی بۆ دەرچوبێ لەباشوری کوردستان، دوای ئەو بەگژ قولەی قافچونانەی رژێمی بەعس کە هەر دوو ساڵ دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و بارزان، پەلاماری کوەیتی داو دژی هەموو جیهان وەستایەوە، ئیتر بابەتەکە گەشتە مریشکە ڕەشەو هێزەکانی رژێمی بەعس بەشرۆڵەیی و پەرتەوازەیی رێگای بۆ هێزی پێشمەرگە خۆشکردو بوە خەونێک کە لەراستیدا هێزە کوردیەکان خۆشیان چاوەڕێی نەبوون، کە بەو ئاسانیە هەلومەرج برەخسێ و پێشمەرگە ببێتە دەسەڵاتی رەهاو یەکی باشوری کوردستان، بەجۆرێک هەرەسی هێنا کە تەنانەت کەرکویش لەدەست بەعس سەنراو و پێشمەرگە بوە خودانی هەموو کوردستان لەباشور.

با ئیستە بێ ئەوەی زۆر قسەی دوبارە بکەیەنەوە و شریتەکە خێراترکەین و سەرنجتان بەرم بۆ هەڵە نەگریسەکانی کورد لەم پارچەیەی کوردستان، کە بەدرێژایی مێژووی حوکمڕانیەکەی ئەنجامی داون و دەیدەن. ئاشکرایە کە هەرگیز کورد لەهیچ پارچەیەک و لەهیچ کاتێکی مێژوودا لەپەیمانی سەرپێڵ و زەهاوەوە کە لەسەدەی هەڤدەهەمدا رویدا و تا دەگاتە لۆزان و سیڤەر کە لەسەد ساڵی رابردودا بوون، هیچ کاتێک کورد نەگەشتبوە رادەیەک کە نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمی دان بە بونی ئەم گەلەدا بنێت و پارێزبەندی بۆ دابنێت، بۆ یەکەم جاریش بوە خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆی، یەکەمین هەڵە کە ئەنجامیدا ئەوە بوو کە بیری لەدەستورێک نەکردەوە کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک (هاوڵاتی و دەسەڵات) پارێزاوبکات و رێکخات، بیری لەفراوانکردنی جوگرافیا و قەڵەمڕەوی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نەهەنگێکی گەورە سەرکردە سیاسیەکان قەپیانکرد بە موڵك و ماڵی ئەم هەرێمەدا و وەک برسیەک بە دەسەڵات و پاوانی دەسەڵات تەنها بیریان لەدەستکەوت لەرێی فرۆشتنەوە دەکردەوە.

ئەم هەڵەی بێدەستوریە درێژەی کێشا و هەرزوو لەسەر موڵک و ماڵی داگیرکراوی گەل، گەشتینە هەڵەی کوشندەو خوێناوی دوەم کە ئەویش براکوژی بوو، جەنگ لەسەر زیاترکردنی هێزی خۆیان پارتە سیاسیەکان (یەکیەتی و پارتی) بەپارە و سامانی خەڵک بەخەڵک خۆی کەوتنە وێزەی یەکدی و بەقەبری مردوی یەکدیدا هاتنەخوارەوە و بەمەش نەوەستان هەزاران رۆڵە و گەنجی ئەم کوردستانەیان کردە قوربانی خواست و بەرژەوەندیەکانی خۆیان.

سەرتان نەیەشێنم، هەر ئەم خوێنە درێژبۆوە بەرەگ و ریشەی مێژووی ئێستە و ئایندەی ئەم کوردستانەدا چوە خوارەوە و یەکیەتی لە پارتی کوشت، پارتی یەکیەتی کوشت، گەشتە رادەیەک ئەم خوێنە ئەوانی تریشی گرتەوە و ئیتر ئیسلامی بوایە دەکوژرا، کۆمۆنیست بوایە دەکوژرا، گرنگ نەبوو کێیە و چیە، تەنانەت ئەگەر لەناوخۆی باشوری کوردستانیش نەبوایە، کورد براکانی خۆی لەباکور و لەرۆژهەڵاتیش بوایە دەیکوشتن، هەموویان یەکیان دەکوشت، خوێن بوە ناسنامەی بەردەوامی ئەم دەسەڵاتە، بەڕادەیەک کە ئیتر هیچ مانایەک بۆ ناکۆک و نەیار نەمایەوە، و هەر ململانێیەک بە جەنگ نەبوایە بە هیچ شتێکی تر یەکلا نەدەبوەوە.

هێندەی نەبرد رژێمی سەدام جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستداو و عێراق کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و کوردیش بوە سەردەستەیان و وەک شاگردێکی گوێڕایەڵ کۆشکەکانی وڵاتی پاککردەوە و وەک هێلکەی پاککراو خستیە دەستی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە سوور دەیزانی رۆژێک دێت هەر وەک رژێمی پێشوو دەبابەکان و لولەی تۆپەکانیان روودەکەنەوە پێشمەگەکان و بەزنجیری تانکەکانیان پانیان دەکەنەوە. بەڵام بەداخەوە تازە لەدەست دەرچووبون، بۆنی نەوت و غاز وڕی کردبوون، چاویان بڕیبوە نەک تەنها سەروەت و سامانی زەبەلاحی ئێستەی هەرێمەکە بەڵکو شەوانە بەدزی چاوی گەلەوە بیرە نەوتیان دەدۆزیەوە و خاکەکەیان کون کون دەکرد و بەدوای هەزاران هێندەی سەرمایەی ئێستایاندا دەگەڕان.

کورت و پوخت، رۆژگار هات و رۆژگار رۆشت، هێندە هەڵەی گەورەترکرا، کەسەربەخۆیی کوردستان و بەرەو دەوڵەت رۆشتن بووە هەڵبژاردەیەک و زڕە کوردگەلێک پەیدا بوون مەرەکەبیان لە دەنگی نەخێردا خەرجکرد و بەسەربەخۆیی کوردستانیان وت نەخێر. نایەکسانی و نابەرامبەری چینایەتی هێندە زیادی کرد، سەدان هەزار کەسی کورد نان نەبوو بیخوا، قەڵەمێکی نەبوو بیداتە دەست مناڵەکانی تا بچێتە قوتابخانە، نەیدەتوانی بچێتە نەخۆشخانە، گرنگترین دەستکەوت بوە نانێکی ئێوارە، کارێکی نەبوو ژیانە لاتەیەکی پێ بەرێتە رێوە، کەلاوەی دەست نەدەکەوت مناڵەکانی تێدا بخەوێنێت، هەزاران گەورە پیاو بەکرێچیەتی مردن، مامۆستاکان بێ پارە خزمەتیان کردن و دواجار شەقیان تێهەڵدان، هیچ شێک لەشوێنی خۆی نەما، لەولاشەوە ئەوانەی کە هیچ پێوەرێکی تێربون و سنورێکی پارەداربونیان نەبوو، بونە خاوەنی هەزاران قوتابخانە، سەدان نەخۆشخانەی تایبەت، باڵەخانەی بەرزبەرز، کۆمپانیای زەبەلاح، حکومەت بوە ئامێرێکی پارەدارکردنی حزبەکان و هیچ شتێک لەدەستی کەرتی گشتیدا نەماو هەموویان کردە کەرتی تایبەت (کە هەر خۆیان بوون) لەهەموو شتێکدا ناکۆک، لەدابەشکاریان براو کۆک بوون.

گەشتینە ئەمرۆ، وا رۆژگارێک هاتۆتە پێش، یەکیەتی بیت وەی، پارتی بیت هەر وەی، چەپ بیت، راست بیت هەرچیەک بیت هەر وەی. بەجۆرێک بێدەنگیش بیت هەزاران وەی، بێلایەن بیت لای یەکیەتی تۆ پارتیت، کە پارتی نەبووی بەدڵنیایەوە پارتی پێت دەڵێ تۆ یەکیەتیت، بانگبدەی بۆ یەکیەتی گەل و خاک کێشەیت، پێت دەڵێن سەرمەچەمێنە بۆ عێراق و برسیبە، خۆیان بەچەماوەیی لەوێوە رۆژ بەرۆژ سەرمایەکەیان زیاتر دەکەن، دەبنە راستکەرەوەی سیستمی تێکچوی دەوڵەتی عێراق و لێرەش تێکدەری ناوخۆ و هەرێمەکەن، بەتۆ دەڵێن بخوێنە، خۆیان بێ خوێندن خاوەنی هەزاران خوێندنگەن، بەتۆ دەڵێن ئازادبە، مەترسە و بنوسە، لەکاتی رەخنەیەکیش کە دەیگریت لەدرگای ماڵەکەت دەدەن و سڵناکەنەوە لەباوەشی دایکتا بیت هەر دەتکوژن، سواری ئۆتۆمبێڵێکت دەکەن و خەڵتانی خوێنت دەکەن. لەراستیدا ئەمە ئەو کاتەیە کە نەخۆیان دەزانن چیدەکەن نەدەشزانن چی لەتۆ داوابکەن، لەم کەس بەکەس و هەڕەمەکیەدا وا گەشتینە رۆژێک کە هیچ نرخێک بۆ خواستی نەتەوەو گەلەکە نەماوە و بەسیاسەتی هەڵە سەرشۆڕی موچەیەکیان کردین کە نەدەبوو ببین. ئاسان نیە کوردبوون، قورسترین بەشی ئەوەیە کە نابێ هیچ رەنگێک بی جگە لەرەنگەکانی ئەوان، تا زەردو سەوز وەستابێت پیرۆزەییەک نابێ هەبێ، هیچ رەنگێک ناتوانێ هەبێ بەبێ چونەوە سەر رەنگی ئەوان، دابەشکراوین بەسەر دوو بەرەدا، یان لەمبەریت یان لەگەڵ ئەوان، نابێ هەبیت، مادام نیت لەگەڵ هیچیان، ئەمەش ئەو کڵاوەیە کە بەزۆر کرایە سەر نەتەوەکەمان.

هەموو ئەمانەم وت تاکو رێگە خۆشکەم کە ئەم دوو قسەیەی دڵم بکەم، کاتێ کەدەبینم لەبەردەم ئەو شوێنە پیرۆزەی کە گەل بانگی یەکیەتی نەتەوەوەیی دا، کە تێیدا هەموومان هاوارمانکرد یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە، هەر رێک لەو شوێنەی کە بەدڵی شکاوو کەزی بڕاو و شۆرشی ژینای دزراو و پڕ بە دڵی خۆمان و دونیا هاوارماندەکرد "رۆژئاوا رۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە" لە بەردەم قانعی شاعیری چەوساوەکان، ئیمزا بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هەرێمێک بەناوی سلێمانی لەکوردستانۆچکەکەم دادەبڕینرێت، ئیتر نە حەسرەت بەشم دەکا و نە ئازار پێوانە دەکرێ، لەهەمووشی خراپتر، گەر بچیت و بڵێی یەک بن، نیشانەی پرسیارێکت لەسەر دادەنرێت و بە پارتی و بە دژە یەکیەتیت لەقەڵەم دەدەن، راگەیاندنەی پارتی ناچنە ئەملاو و هی یەکیەتیش نایەنە ئەولا، دیسان جەنگی پەنجەکانیان بەرپا کردوو ئەمجارەییان بە چیاکانەوە نەوەستا، وا شارەکانیش دابەشدەکرێن، ناشبێ ورتەمان لێوەبێت، بێدەنگیش بین هەر هەڵەین، ئێمە تاوانبار و ئەوان پیاوخاسان، جا بۆیە سەرێکمان لێشێواوە ئەو سەری نابینین، نازانین رەشین یان سپین، سپی ناوک رەشین یان رەشی دەرون سپین؟ هیچ نازانین، لەمبەرین یان لەوبەرین، سەردەرگوم و وێران و وەیلانین! بێ ئاگاین چێ دەگوزەرێ، کێ بەچەنمان دەفرۆشێ، کام مامەڵەیە سەردەگرێ، دەسا خۆیە هێزی جوڵە و ئینشایێ.


PM:12:44:19/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی