کەلتوور لە نێوان کوالێتی، ڕەخنە و بەرپرسیارێتیدا….
ئەحمەد مەحمود ئەمین
کەلتوور تەنها ژمارەی چالاکی، فێستیڤاڵ و پڕۆژە نییە؛ بەڵکو ئاستی بیرکردنەوە، کوالێتیی بەرهەم و کاریگەرییە لەسەر کۆمەڵگا. گرنگ ئەوە نییە چەند کار ئەنجام دەدەین، بەڵکو گرنگە بزانین ئەو کارانە چ بەهایەکی هونەری و کەلتوورییان هەیە و چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی کۆمەڵگا دەبێت.
لە شانۆ، سینەما و میدیادا، ناوەڕۆک، چیرۆک، دەرهێنان و داهێنان نابێت لەژێر سێبەری شێواز و تەکنیکدا ون ببن.
پشتیوانی لە کەلتوور و هونەر ئەرکێکی گرنگە، لە ئەستۆی دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندایە و لێی بەرپرسیارن. بەڵام پێویستە پێوەری ڕوون و پیشەیی و هونەری هەبن بۆ هەڵبژاردنی کار و پڕۆژەکان و دیاریکردنی کوالێتی و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان. ژمارەی زۆری چالاکی بەبێ ناوەڕۆکی بەهێز، بەڵگەی بەرەو پێشچوون و گەشەسەندن نییە.
بۆچی دەبێت هەموو کارێک بە باش و سەرکەوتوو پیشان بدرێت، تەنانەت ئەگەر خاڵی لاواز و کەموکوڕیی هەبێت؟ ئەگەر پڕۆژەیەک، بەرهەمێک یان دامەزراوەیەک کێشە و کەموکوڕیی هەبێت، ئایا ئاماژەکردن پێیان بەڵگەی دوژمنایەتییە، یان هەنگاوێکە بۆ چاکترکردنیان؟
سیاسەت بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵگا، بەڵام کاتێک بەرژەوەندیی سیاسی دەبێتە پێوەری پشتگیری و هەڵسەنگاندنی هونەر و کارە کەلتوورییەکان، سەربەخۆیی و ئازادیی داهێنان مەترسییان لەسەر دروست دەبێت، لەهەمان کاتدا ڕەخنەش پێویستی بە ئەخلاق و پێوەر هەیە. جا لەلایەن پسپۆڕ بێت یان کەسێکی دەرەوەی بوارەکە، دەبێت پشت بە زانیاری، بەڵگە و لۆژیک ببەستێت، نەک کینە، دوژمنایەتی یان بەرژەوەندیی کەسی.
کەلتوور بەبێ ڕەخنە گەشە ناکات، و ڕەخنەش بەبێ ئازادی و دادپەروەری بەهاکەی لەدەست دەدات. کۆمەڵگایەک کە تەنها گوێ لە ستایش و دەستخۆشی بگرێت و ڕەخنە ڕەت بکاتەوە ، لە ڕاستیدا دەرفەتی پێشکەوتن و پیشەیی بوونی نامێنێت.
ئەگەر دڵسۆزبین بۆ هونەر و کەلتوور، نابێت تەنها پشتیوانی لە بەرهەمەکان بکەین؛ دەبێت مافی ڕەخنەگرتن، داواکردنی کوالێتی، پرسیارکردن لە بەرپرسیاران و گوێگرتن لە تێبینیی جیاوازەکانیش بپارێزین. چونکە ئامانج تەنها زۆرکردنی چالاکی و پڕۆژە نییە؛ ئامانج دروستکردنی کەلتوورێکە کە بتوانێت خۆی بە باشترین شێوە نمایش بکات، لە هەڵەکانی فێر ببێت و بە ڕەخنە و گفتوگۆ بەرەوپێش بچێت.
کۆتایم بەم پرسیارەیە… هیوادارم منیش و ئێوەش وەڵامەکەی وەربگرین:
بۆچی ستایش پیاهەڵدان و دەستخۆشی قبوڵ کراوە، بەڵام ڕەخنەگرتن بە چەمکی نەیار و دوژمن ئەژمار دەکرێت و قبوڵ نەکراوە؟
AM:11:34:16/11/2026
ئهم بابهته 32
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی