ڕەخنە لە سلێمانی

‌هیوا فایەق

بێگومان سلێمانی لە ڕووی ڕۆشنبیری و سیاسییەوە شارێکی گرنگی کودرستانە، شایەنی یادکردنەوەیەکی شکۆمەندانەیە.

بەڵام لە پاڵ هەموو ئەو مەدح و سەنایەی دەکرێت، پێویستە ڕەخنەشی لێبگیرێت تا وەکو زیندوێتی خۆی لە دەست نەدات.
خراپ نییە مێژوو نووسان لە یادی سلێمانیدا پێمان بڵێن مەولانا خالیدی نەقشبەندی بۆ شار بەدەر کرا؟ بۆمان ڕوون بکەنەوە مەحوی لە ساڵی ۱۸۷٤ بۆ نەفیکرا بۆ بەغدا؟ بۆمان باس بکەن کە هەژار موکریانی لە (چێشتی مجێور)دا، چۆن باسی دەرکردنی قانیع دەکات لە سلێمانی؟ چامەکەی نالی و سالمان بۆ بخوێننەوە و هەوڵی یەکلاکەرەوەی ئەوە بدەن نالی بۆ وای بەسەر هات؟ هەندێک لە هۆنراوەکانی پیرەمێردمان بۆ بخوێینەوە کە چۆن باسی شاری سلێمانی دەکات و لەکاتی ئاگری نەورۆزدا مەلاکان ئەو کاتە چییان بەرامبەر کرد؟

ئاماری ئەوەشمان بۆ روون بکەنەوە چەند ژن لەو شارەدا بە تۆمەت و هۆکاری جیاواز کوژراون؟ هێزێکی نەبینراو و چالاکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چییان بە چۆمان هەردی نەکرد و چەند کەیسی دادگای لەسەر کراوەتەوە؟ ئەو ژمارە زۆرە جنێو فرۆشەی کە دانیشووی شارن، چی بە مەریوان قانع و ڕۆشنیبیرەکانی تری ناکات لەسەر هیچ؟ بێگومان ڕای جیاواز لەسەر نووسین و هەڵوێستەکانیان قابیلی ئەوە نییە ڕێی لێبگیرێت.

بەکر عەلی شاعیر بۆ کوژرا؟ ئاسۆس و ڕێبین هەردی بۆ لەمەرگ گەڕانەوە؟ بۆ ناتوانێت قەناعەت بە نووسەرێک وەک بەختیار عەلی بکات نەگەڕێتەوە و لە سلێمانی بژی؟ ئەو هەموو حەزە چی بوو لە دوای ڕووخانی سەدامەوە بۆ زیندووکردنەوەی نازناوی بەگ و بەگزادە و ئاغاکان بە شانازییەوە بە ناوەکانەوە بلکێندرێن؟ ئەو هەموو شانازییە چییە بە گەڕانەوە بۆ تەقلیدە خێڵەکییەکان کە ئێستا زیاتر باڵا دەستر بووە وەک لە دیاردە شارنشینییەکان؟
نموونەو ناوی تر زۆرن کە لەیادی سلێمانیدا پێوێستە باس بکرێن تا لە ڕەخنە نەکردنی شارەکە نەترسین.


PM:02:25:14/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی