سلێمانی، هەرێمێکی نوێ یان ئەزموونێک بۆ هەموو کوردستان
ئارام سەعید
ئەمڕۆ سلێمانی لەبەردەم قۆناغێکدایە
بپرسێت چۆن بتوانێت لە دۆخی ئێستای بەڕێوەبردن و کێشە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان
دەربچێت؛ سلێمانی لە دە ساڵی داهاتوودا دەبێت چ جۆرە شار و ناوچەیەک بێت؟ و چ مۆدێلێکی
بەڕێوەبردن دەتوانێت بۆ نەوەی داهاتوو بەجێی بهێڵێت؟ ئایا دەسەڵاتداران دەیانەوێت
تەنها ناوەندی دەسەڵات لە هەولیرەوە بگوازنەوە بۆ سلێمانی؟ یان سروشتی دەسەڵات بگۆڕن؟
هەرێمێکی نوێ ئەگەر هەمان شێوازی کۆنی
بەڕێوەبردن، هەمان پەیوەندییە سیاسییەکان و هەمان کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی کەس
و گرووپێکی دیاریکراودا دووبارە بکاتەوە، ئەوا تەنها ناوێکی نوێ دەبێت بۆ سیستەمێکی
کۆن.
باسکردنی هەرێمێکی نوێ بۆ سلێمانی، ئەگەر
تەنها گۆڕینی سنووری کارگێڕی یان گواستنەوەی هەمان دەسەڵات بێت، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی
پرسیارە بنەڕەتییەکان بێت. گرنگ ئەوەیە بزانین ئەگەر هەرێمێکی نوێ دروست دەکرێت، چ
مۆدێلێکی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ دەخوازن؟
ئەگەر سلێمانی بتوانێت مۆدێلێک دروست
بکات کە تێیدا دامەزراوەکان لە کەسەکان بەهێزتر بن، ئابووری لەسەر بنەمای کێبڕکێی
ئازاد و دەرفەتی یەکسان بڕوات، کولتوور و زانست لە دەستێوەردانی سیاسی سەربەخۆ بن
و دەسەڵات لەبەردەم یاسا و هاووڵاتیان بەرپرسیار بێت، ئەوا ئەم ئەزموونە سنووری
جوگرافیایی سلێمانی تێدەپەڕێنێت ، کە مەرج نییە هەموو ناوچەکان هەمان مۆدێل جێبەجێ
بکەن بەڵکو ئەوەیە بتوانێت بە ئەنجامەکانی خۆی متمانە دروست بکات.
لە هەمان کاتدا نابێت هەموو دەسەڵات و
بودجە و بڕیار لە ناوەندی سلێمانی کۆبکرێتەوە. قەزا و ناحیەکانیش دەبێت دەسەڵات و
بودجەی گونجاویان هەبێت و بتوانن بە پێی پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆیان بڕیار بدەن.
ئەم هەنگاوە گرنگە، چونکە مەبەست لە دروستکردنی هەرێمێکی نوێ نابێت تەنها گۆڕینی
ناوەندگەرایی بێت لەشوێنێەوە بۆ شوێنێی تر.
لەکۆتاییدا مەبەست لە بیرۆکەی هەرێمێکی
نوێ، دەبێت دروستکردنی سنوورێکی نوێ لەنێوان کورد و کوردستان نەبێت؛ بەڵکو تاقیکردنەوەی
مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردن بێت کە بتوانێت دەرفەتی گەشە و پەرەپێدان بۆ هاووڵاتیانی
ئەو ناوچەیە دابین بکات و لە هەمان کاتدا ببێتە ئەزموونێکی بەسوود بۆ هەموو
کوردستان. بتوانێت دامەزراوەی بەهێز، دادوەریی سەربەخۆ، پەرلەمانی چاودێر، حکومەتی
بەرپرسیار، خزمەتگوزاریی پیشەیی و دەرفەتی یەکسان بۆ هاووڵاتیان دروست بکات، ئەوکات
پرۆژەکە لە سنووری گۆڕینی کارگێڕی تێدەپەڕێت و دەبێتە مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردن.
PM:05:30:13/11/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی