دڵی سلێمانی بۆ هەولێر ژان دەکات

‌شوان عەباس بەدری

قسەیەکی کۆنی خۆرهەڵاتی هەیە کە دەڵێت؛ کاتێک دەسەڵاتداران خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت دەبن، گەل خەریکی کۆکردنەوەی پەژارە و مەینەتی دەبێت و ئەم وتەیەش باشترین دەروازەیە کە لە رێیەوە بچینە ناو کرۆکی بابەتەکەمان، کە ئەویش کارەساتەکەی هەولێر و گرێبەستی ساڵانەی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستانە لەگەڵ لافاو! .

هەرچەندە پارتییەکانی ناو حکومەت لە رێی میدیا حزبییەکانیانەوە بەردەوام بانگەشەی خزمەتی هەولێر و بە مۆدێرنکردنی شارەکە دەکەن لە رێی سیاسەتی حەکیمانەوە، بەڵام ساڵانە بە بارانی لێزمەی چەند سەعاتی، هەموو قسەکانیان لەناو کۆڵان و گەڕەک و شەقام و ماڵە رەسەن و هەژارنشینەکانی ئەو شارە سەربەرزەی کوردستان، دەبێتە بڵقی سەر ئاو. تەنها شوێنی ژیانی خۆیان و ئەو کەسانەی کە لە زۆنە تایبەتەکانی هەولێر دەژین، پارێزراو دەبێت!. بە قەولی ماهاتما غاندی؛ سیاسەتێک خزمەتی مرۆڤ نەکات، تەنها جۆرێکە لە چەوساندنەوەی یاسایی.

هەروەها هەندێک لە لێپرسراوە ئیدارییەکانی ئەو شارە لە جیاتی بیرکردنەوە لە چارەسەرێکی راستەقینە و بنەڕەتی ئەو کێشەی لافاوە، ئەگەر لە توانایاندا بێت کۆمەڵە هەورێکی رەشی پڕبارانی سۆپەر بۆ سەر ئاسمانی سلێمانی بە کرێ دەگرن، تا ئەوەنە باران ببارێت کە نەک لافاو، بگرە هەر شارەکە سەر لە ناوەڕاستی ئەفریقا دەردەکات. جگە لەوەش هەرچی کەناڵ و میدیای بینراو و بیستراو و خوێندراویان هەیە، بە تایبەتیش کەناڵە مۆرەکەی گەرمکردنی دووبەرەکی و هەوڵدان بۆ دابڕاندنی شارەکان لە یەکتری، هەر هەمووی کەوتووەتە بۆسەدانان و ئینزار بۆ گواستنەوەی هەر ئەگەرێکی سروشتی کە ئەگەر بێت و لە سلێمانی رووبدات.

بە گشتی خراپ نییە بزانن وڵات و بونیاتنانی وڵات بە پێکەوەیی و قووڵکردن و پتەوکردنی گیانی هاونیشتمانێتی و خاکپەرستی و زمان پەرستی و یەک دڵی بە دی دێت، نەک بە بۆسەدانان و دەنگی نەشاز و زوومکردنی کامێراکان بۆ سەر شارێک کە تاکو ئێستاش بەرگی هەڵمەت و قوربانی لەبەر دانەکەندووە و بست بە بستی خاکی شارەکە و دڵی دانیشتووانە کوردپەروەر و رەسەنەکەی، بۆ کارەساتەکەی هەولێر کە ساڵانە بەسەریدا دێت، ژان دەکات. هەندێک خەڵکی تر کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە رووی رقی سەرچاوەگرتوو لە نەزانییەوە هەندێک کۆمێنت و نووسین و قسەیان دەڕپەڕاندووە، دەبێت بزانن کە هەولێر قوربانییە نەک تاوانبار. لە کۆتاییشدا هەر ئەوە ماوە بڵێین؛ کاتێک بێخزمەتی دەبێتە واقیع، هاووڵاتیبوون تەنها دەبێتە ناوێک لەسەر ناسنامە !


AM:08:30:13/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی