وەزعەکە باش ناڵێت

‌ره‌حمان غه‌ریب

ئەم بەیانییە كاك بافڵ تاڵەبانی قسەی كرد، دوای ئەویش ئێوارە كاك مەسرور بارزانی پەیامی خۆی گەیاند، قسەكانیان نە نرخی نەوتی ماڵانی هەرزان كرد، نە دڵەڕاوكێی هاوڵاتیانی رەواندەوە و نە پردێكی پەڕینەوەیشی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دروستكرد.


دوێنی تۆم باراكیش بە ناوی سەرۆكی وڵاتەكەی قسەی كرد، هەمان ئەو گوتارە بوو كە سێ دەیە لەمەوبەر كێسنجەر وەسفی ململانێی سەركردە كوردەكانی پێكرد. بە كورتی ئەم ململانێیە نەپێچینەوە و رادەستی مێژووی نەكەین، سەدەیەكی تریش، دە باراك و دە كێسنجەری تر بێن و بڕۆن، هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.

خۆی لە بنچینەدا گوتارێكی ترمان گەرەكە، موعجیزەیەك بۆ بیرچوونەوەی رابردووی تاڵ، داخستنی ئەو لاپەڕانەی هەموو لەحزەیەك هەڕەشەن بۆ دابەشبوون و نائارامی و ناسەقامگیری، نایكەن؟ ئێ واتای ئەوەیە پاپۆڕەكە بە دەستی خۆتان كون دەكەن، سیاسەتمەداری ناسراو عەزیز محەمەد، خەمخۆرە کۆچکردووەکەی یەکبوونی کورد وای ووت.

ئەزموونی گەلان لە بازدان بەسەر مێژووی خوێن و ماڵوێرانی بۆ قۆناغێكی نوێ لە شەرعییەتی دیموكراسی و سەقامگیری و بنیادنان و گەشەكردنی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بۆ ئاشتەوایی و دادوەری بۆ هەنگاونان بەرەو باشتر، بە ئامادەبوونی فاكتەری لێبووردەیی، سەركەوت.

تۆ چۆن وەسفی تۆم باراك و، سیاسەتەكانی ترەمپ لە ناوچەكەدا بەرامبەر مەسەلەی كورد دەكەیت، چۆن دەڕوانیتە قسەكانی كاك بافڵ، چۆن وەسفی قسەكانی كاك مەسروور دەكەیت، ئازاد بە، من باسی ناوەڕۆكی ئەو جۆرە لە بیركردنەوەی سیاسی دەكەم كە نایەوێ لە رابردوو دەرباز بێت، ئەو رابردووەی كە دەبوو بیكەینە بناغەی بنیاتنانی بیركردنەوەیەكی تری جیاواز لە دەرەوەی سەنگەری شەڕەكانی ماوەت و كڵاو قاسم و كەپكەكانی شەڕی براكان.

تەماشا لە بری دروستكردنەوەی یادەوەرییەكی هاوبەشی هۆشیارانە بۆ كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید، میمۆری عەوامی پارتییەكان و یەكێتییەكان لە سنووری دێگەڵەن، هەر بەم فەرهەنگە شەڕەكانیان دەبەنە بەغداد مەحكەمەكەی ئیتیحادی، تا دەگاتە ئەنقەرە و تارانیش.

ئەم دابەشبوونە، دەرئەنجامی ئامادەبوونی ئەو میمۆریەیە كە هیچ لایەك نایەوێ بیسڕێتەوە، یان ئەزعەفولئیمان لە قۆناغێكدا لێبوردەیی بنوێنێت و لەبیری بکات.

زاڵبوون بە سەر قینی سیاسی و بازدان بەسەر مێژووی خوێنی براكان، بڕێكی زۆری لێبووردەیی گەرەكە، دەستی پاڵپشتیی پێویستە نەک دەستشکانەوە، نە كاراكردنەوەی پەرلەمان برینەكەی ساڕێژ دەكات و نە پەرچەكرداری دوای ئەوەش.

ئینجا گەلان نەچوون رابردووی تاڵی شەڕی ناوخۆیان تێكەڵ بە گوتاری سیاسی و سروود و گۆرانی و فەرهەنگی رۆژانەیان بكەن، بەڵكو كردیانە عیبرەت و وانەی سیاسی، كە دووبارە نەبنەوە.


PM:08:05:12/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی