سلێمانی دەتوانێت ببێته هەرێمێکی سەربەخۆ
گوڵاڵە سدیق
لە ڕوانگەی یاسایی و دەستورییەوە، بەپێی دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، شاری سلێمانی (وەکو پارێزگا) ناتوانێت ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا مامەڵەی دارایی و کارگێڕی بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر (حکومەتی هەرێمی کوردستان) بکات.
ئەم بابەتە چەند ڕەهەندێکی یاسایی، ئیداری و سیاسی هەیە کە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون دەکرێتەوە:
1. ئاستی دەستوری (دەستوری عێراق 2005)
ــ دانپێدانانی هەرێم: له دەستوری عێراق (ماددەی 117) بە ڕوونی دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت وەکو هەرێمێکی فیدراڵی و یەکەیەک بەپێی یاساکانی خۆی بەڕێوە دەچێت.
ــ سەڵاحییەتی هەرێمەکان: بەپێی ماددەی 121ی دەستور، حکومەتی هەرێم سەڵاحیەتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەیە لە سنوری هەرێمدا. بۆیە پەیوەندییە دارایی و کارگێڕییەکان لە نێوان فیدراڵ و هەرێم لە ڕێگەی ململانێی دوو حکومەت دەبێت (بەغدا - هەولێر)، نەوەک لە نێوان بەغدا و سەرۆکایەتی پارێزگاکاندا.
2. ئاستی یاسایی و کارگێڕی
ناوەندێتی بەجێبەجێکردن: سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی سلێمانی (داهات و خەرجی و بودجە) ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر. بەغدا ناتوانێت ڕاستەوخۆ بودجە یان شایستەی دارایی بۆ پارێزگایەک بنێرێت بەبێ بەشداری وەزارەتی دارایی هەرێم.
ــ سیناریۆ و مادە دەستورییەکان بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی لە ڕووی دەستوری یان سیاسییەوە، پێویستی بە یەکێک لەم ڕێکارانە هەیە:
1- دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ: بەپێی ماددەی ١١٩ی دەستووری عێراق، یەک پارێزگا یان زیاتر مافی ئەوەیان هەیە بە داواکاری و ڕیفراندۆم هەرێمێکی فیدراڵی سەربەخۆ (وەکو هەرێمی سلێمانی) پێکبهێنن، لەو کاتەدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکات.
2- پێداچوونەوە بە یاسای بودجەی گشتی: لە هەندێک گفتوگۆی یاسای بودجەدا پێشنیار کراوە ئەگەر حکومەتی هەرێم دادپەروەر نەبوو لە دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان، بەغدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکە بکات.
کەواته بۆ دروستکردنی «هەرێمی سلێمانی» مادەی 119 دەستور ڕێگەچارەی دەستوری کەفالەتکراوە کە ئەمەش بەهێزترین ڕێگەچارەی یاسایی و دەستورییه، دروستکردنی هەرێمێکی فیدراڵیی سەربەخۆیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
ئەم ماددەیە ڕێگە بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر دەدات کە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.
ڕێکارەکان:
یەکەم:ــ
1- داواکارییەک لەلایەن سێیەکی (1/3) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یان لەلایەن ٪10ی دەنگدەرانی پارێزگاکەوە پێشکەش بە بەغدا دەکرێت. بەڵام لەبەرئەوەی لەئێستادا ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاردا نین کەواتە دەتوانرێت بۆ ئەم پرسە ڕاپرسی بکرێت.
2- ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گشتی لە پارێزگاکە لەژێر سەرپەرشتی کۆمسیۆنی فیدراڵی، و ئەگەر بە زۆرینەی سادە دەنگ پەسەندکرا، «هەرێمی سلێمانی» ڕادەگەیەنرێت. لەم حاڵەتەدا، سلێمانی دەبێتە هەرێمێکی دەستوریی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بە ناوەندێتی هەولێر، و بەپێی بەشە بودجەی فیدراڵی ڕاستەوخۆ مامەڵەی دارایی، پڕۆژەی گەشەپێدان و هەناردە یان پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دەکات.
3- هەموارکردن یان چەسپاندنی بڕگەی ڕاستەوخۆ لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق لەکاتی داڕشتنی یاساکەدا، لایەنە سیاسییەکانی سلێمانی دەتوانن جەخت لە تێپەڕاندنی خاڵێکی یاسایی تایبەت بکەنەوە.
دووەم:ــ پشتبەستن تەنیا بە «واقیعی سیاسی و حزبی» نەک دامەزراوەی فەرمی لەبەر نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کارا، ئەگەر یەکێتی نیشتمانی بیەوێت مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بکات، ناتوانێت لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی خۆجێیی هەڵبژێردراوەوە (وەک ئەنجومەنی پارێزگا) بیکات، بەڵکو:
مامەڵەکە دەبێتە مامەڵەیەکی حزبی و کاربەڕێکردنی ئیداری لە ڕێگەی پۆستە کارگێڕییەکانەوە (وەک پارێزگار، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، و وەزیر و پەرلەمانتارەکانی یەکێتی لە بەغدا). ئەمەش ماناى ئەوەیە کە بڕیارەکان زیاتر لە چوارچێوەی "هێز و نفوزی سیاسی" دەبن نەک پرۆسەیەکی دامەزراوەیی و یاسایی پەسەندکراو.
کەواته، لە ڕووی تیۆریی و دەستورییەوە ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) یەکێکە لەو ئامرازە سەرەکی و یاساییانەی کە لە مادەی 119 ی دەستوری عێراقدا بۆ دروستکردن و ڕاگەیاندنی هەرێمێکی نوێ دانراوە، دوای پەسەندکردنی داواکارییەکە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاپرسییەکی گشتی لەو پارێزگایەدا ئەنجام دەدات.
ئەگەر لە ڕاپرسییەکەدا زۆرینەی دەنگدەران (50 + 1) دەنگیان بە دروستکردنی هەرێمدا، ئەوا بە فەرمی پرۆسەکە دەست پێدەکات و بەغدا ناچار دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
PM:05:41:12/11/2026
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی