پەرلەمان تێر و مەیموونی سیاسی
د. ئەمیر حسێن
سیاسییەکان وەک مەیموون وان، کاتێک دەبێتە شەڕیان، کێڵگەکان دەسووتێن، کاتێکیش ئاشت دەبنەوە، هەموو بەروبوومەکە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و دەیخۆن . دەکرێت لەم مێتافۆڕەدا بەشێکی زۆر لە تیۆری فەلسەفە سیاسییەکەی جۆرج ئۆروێڵ، نووسەری ڕۆمانە بەناوبانگەکانی (١٩٨٤و کێڵگەی ئاژەڵان) کورت بکرێتەوە.
زۆرجار لە خودی سیاسییەکانەوە گوێبیستی ئەو موبتەدایە دەبین وەک ڕاستییەک گوایە (کارەسات لە جیاوازیی ڕاو بۆچوونی سیاسییەکانەوە سەرچاوە ناگرێت)، بەڵام بەردەوام خۆیان لە خەبەرەکە دەشارنەوە (کارەسات لە سروشتی ئەو بەرژەوەندییانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەمیشە سیاسییەکان لەپێناویدا دەجەنگن). چونکە کاتێک ئەوان دەبێتە شەڕوو ململانێیان، باجی ناکۆکییەکانیان لە خەزێنە و دەست کەوتە کەسی و خێزانەکانیان دەر ناچێت، بەڵکوو لە تێکچونی ئارامیی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگە و سامانی گشتی و خوێن و قوربانی ھەژاران و داهاتووی نەوەکان دەر دەچێت. کاتێکیش ئاشت دەبنەوە، ئاشتەوایییەکە مەرج نییە سەرکەوتن بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەڵکوو زۆرجار دەگۆڕێت بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی دەستکەوتەکان و پارچەکردنەوەی کێکەکە.
ئەمە میتۆدی سیاسەتکردنی ئەو تایپەیە لە دەسەڵاتداران، کاتێک دەوڵەت لە دەزگایەکەوە بۆ سەقامگیری و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، دەگۆڕن بۆ کێڵگەیەک تەنیا دەستەبژێرێکی دەستڕۆیشتوو لەسەر بەروبوومەکەی ڕکابەری دەکات، چونکە زۆرجار ئەو ململانێیەی لە ڕووکەشدا وەک جیاوازییەکی سیاسی یان ئایدیۆلۆژی دەر دەکەوێت، لەپشتیەوە ڕەنگە ڕکابەریی لەسەر هەژموون، سامان و پۆست و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بشارێتەوە. هەر کاتێکیش هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان گەڕانەوە ئاستی خواستەکانیان، دروشم و ناکۆکییەکان دەپووکێنەوە و نەیارەکان لەسەر یەک مێز دووبارە کۆ دەبنەوە، نەک بۆ گەڕان و پلاندانان لەپێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ هاونیشتیمانیان، بەڵکوو بۆ دابەشکردنەوەی پشکەکان دوبارە لەنێوان خۆیاندا.
گەر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە لێی بڕوانین، ئەم دیمەنە قەیرانێکی ئەخلاقی لە خودی چەمکی سیاسەتدا دەر دەخات، سیاسەت کاتێک لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دادەبڕێت، لەبری ئەوەی فەزیلەت بێت دەگۆڕێت بۆ هونەری بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکان(واتا ڕەزیلەت). لێرەوە حیکایەتی هەڵبەستنی بوختانی ناڕەوا بەناوی سیاسەتەوە هەر لە دۆ و ساختەچییەتی و دزی و گەندەڵی و خیانەتەوە بگرە تا دەگاتە نادادی و ناپاکی و غەدروو ستەم دەست پێ دەکات، بۆیە ھیچ پێویست بە شۆک ناکات، کاتێک لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنەدا (پەرلەمان تێر) لەیەکەم ئیمتیحانی نوێنەرایەتی ڕاستگۆیانە بە پێنج سفری چاوزەقەوە ساقیت بێت، یان هاووڵاتیان تا ڕۆژی دەنگدان تەنیا ئامرازێکی فەرامۆشکراوبن لەناو هاوکێشەی دەسەڵاتدا، نەک ئامانجێک لە پێناو خزمەتکردن. لێرەوە نەخشەسازی فەلسەفە سیاسییەکەی ئەرستۆتێلیس لەبەردەمماندا قوت دەبێتەوە، کاتێک جیاوازی دەکات لەنێوان جۆرە دەسەڵاتێک ئامانجی چاکەی گشتییە و جۆرێکی تر تەنیا خزمەتی بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکات.
لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە کاتێک کۆمەڵگە لەڕێگەی جۆراوجۆری ناڕەوا( ترس و تۆقاندن، ھەڵخەڵەتاندن، تادەگاتە سەوداو مامەڵە بە قوت و ژیانیان) ڕادەکێشرێنە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە، لەوکاتەدا هاوڵاتیان دەبنە سووتەمەنی جەنگێک بڕیاربەدەست خۆیان نییە، داوایان لێ دەکرێت پشتگیری ئەم یان ئەو لایەن بکەن، بەرگری لە دروشمگەلێک بکەن کە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە ژیانیاندا نەبووە و نییە، ناچار دەکرێن نەیارانی دەسەڵات بە دوژمنی خۆیان ببینن، تەنانەت لە کاتێکدا باش دەزانن هەموو ڕکابەرەکان هاوبەشن لە سەپاندن و بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە مەترسی دارەدا.
بەم شێوەیە، دابەشبوونی سیاسی دەبێتە ئامرازێک بۆ سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەو سڕکردنی ئەو پرسیارە ڕاستەقینانەی بەردەوام دەبێت بەرز بکرێنەوە: سەروەت وسامانی ئەم وڵاتە چی لێ دێت؟ لانیکەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆچی غائیبە؟ کێ خاوەنی بڕیارە لەبەردەم ئەم ھەموو شکستانەدا؟ کێ لەم هەموو قەیران و نەهامەتیانە بەرپرسە؟ بۆچی لێپرسینەوە بەرامبەر ئەم ھەموو بەھەدەردانەی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوییە ناکرێت؟ بۆ دەستەیەک بەردەوام سامانەکەیان زیاد دەکات لە کاتێکدا گرانی و نەبونی و نەهامەتییەکانی خەڵک هەر وەک خۆیان دەمێننەوە؟ لەھەمووی گرنگتر ئایندە و چارەنووسی نیشتیمانی سوتماک و گەلی ئەنفال و کیمیایی تاکەی بارمتەی خەمساردی دەستی دەستەبژێرێکی نابەرپرس و خۆسەپێن دەبێت؟
هەر بۆیە سیاسییەکان ڕاست دەکەن مەترسیدارترین شتێک کە ڕەنگە بەسەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، ئەوە نییە لایەنەکان ململانێ و شەڕیان بێت، بەڵکوو ئەوەیە هاووڵاتییان ڕابێن لەسەر دابینکردنی باجی شەڕەکانیان و لە کۆتایشدا چەپڵە لێدەن بۆ نمایشی درۆزنانەی ئاشتەوایییەکانیان، بێ ئەوەی بپرسن: ئێمە لەم ململانێیەدا چییمان دەست کەوت، لەو ڕێک کەوتنە چ پشکێکمان بەرکەوت؟ یان ھەموو ئەوەی ڕودەدات چی لە باری قورس و مەینەتییەکانی ئێمە دەگۆڕێت؟
لە سیاسەتدا، زۆرجار دەکرێت نەیارەکان لەسەر مینبەر دوژمن بن، بەڵام لەسەر سفرەی بەرژەوەندییەکان هاوبەش بن، ئەو پرسیارە سێنترالیەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە لە هەردووک حاڵەتدا، تائێستا وەک خۆیەتی: ژیان و گوزەران و چارەنووسی ئێمە لەکوێی شەڕوو ئاشتی پەرلەمان تێروو مەیموونەکاندایە؟.
PM:02:05:08/11/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی