مەزادخانەی دیموکراسی: کاتێک دەنگ و کورسی دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندی

‌کنێر عەبدوڵا

بابەتی کرین و فرۆشتنی سیاسی، یان مامەڵەکردن بە پۆست، هەڵوێست و دەنگی نوێنەران و کاربەدەستانی باڵای حکومڕانی (وەک پەرلەمانتاران، وەزیران و پلەباڵاکان) لە هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی تاریک و قووڵی هەیە. ئەم دیاردەیە نەک هەر زیانی بە بناغەی دیموکراسی گەیاندووە، بەڵکو متمانەی گشتی بە تەواوی پرۆسەی حکومڕانی و دامەزراوەکان و تاک لەڕەگەوە هەڵتەکاندووە.

پەرلەمان و کابینەکانی حکومەت لە سیستەمی دیموکراتیدا دەبێت سەنگەری پاراستنی مافی هاووڵاتیان و دامەزرێنەری سەروەریی یاسا بن، بەڵام کاتێک نوێنەری گەل یان کاربەدەستی باڵا دەکرێتە کاڵایەک بۆ کرین و فرۆشتن لە بەرژەوەندیی حزبی یان کەسی، مانای نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینە لەناودەچێت.

ڕەهەندەکانی، بریتییە لە:

١.داماڵینی ئیرادەی جەماوەر: کاتێک هاووڵاتییەک دەنگ بە بەربژێرێک یان بەرنامەیەکی سیاسی دەدات، بە هیوای گۆڕانکاری و بەرگریکردن لە مافەکانێتی، بەڵام کاتێک ئەو نوێنەرە یان بەرپرسە لەبەرامبەر ئیمتیاز، پلە و پۆست، یان دەستکەوتی دارایی هەڵوێستی دەگۆڕێت و دەفڕۆشرێت، گەورەترین خیانەت لە ئیرادە و متمانەی دەنگدەر دەکرێت.

٢.شەفافیەتی دەسەڵات و گەندەڵی پێکهاتەیی: بازارگەرمیی کرین و فرۆشتنی سیاسی، دەرئەنجامی نەبوونی سەروەریی یاسا و لاوازیی دامەزراوە چاودێرەکانە. کاتێک حزبە دەسەڵاتدارەکان یان جەمسەرە داراییەکان دەتوانن بەرپرسان بکڕن، حکومڕانی لە خزمەتی گشتییەوە دەبێتە کۆمپانیایەکی پشکدار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو.
٣.تێکچوونی بەهای سیاسی و ئەخلاقی: ئەم دیاردەیە کولتوورێکی ترسناکی دروستکردووە کە تێیدا بڕوا، پرەنسیپ و بەها ڕێکخراوەییەکان هیچ نرخێکیان ناپڕووکێنێت، بەڵکو هەموو شتێک بەپێی نرخی بازارو بەرژەوەندیی کاتی دەپێورێت. ئەمەش نەوەیەکی نوێی لە سیاسیی نەرێنی بەرهەمهێناوە.

دەرئەنجامەکان ؛ بێهیوایی ونزمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم بازرگانییەیە؛ هاووڵاتی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دەنگەکەی هیچ نرخێکی نییە، چونکە بڕیارەکان لە پشت پەردەوە و بە پارە و پۆست ڕێکدەخرێن ،هەروەها پەکخستنی پەرلەمان بەوەی کاتێک ئەندامەکانی توانای کڕین و بەخشینەوەیان هەبێت، ناتوانێت چاودێری لەسەر کارەکانی حکومەت بکات یان ڕێگری لە گەندەڵی بکات، بەڵکو خۆی دەبێتە بەشێک لە ئامرازی شەرعییەتدان بە گەندەڵی.

لە ئاکامدا؛ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەبێ ڕاگرتنی ئەم بازاڕە سیاسییە ئەستەمە. ڕێگەگرتن لە کڕین و فرۆشتنی کاربەدەستان پێویستی بە دروستکردنی بوونی دەستور ، سیستەمێکی دادوەری سەربەخۆ، ڕێسای توندی گەڕاندنەوەی متمانە، و سزادانی یاسایی توندی ئەو حزب و کەسانە هەیە کە پرۆسەی سیاسی دەکەنە مەزادخانە. تا ئەو کاتەی نوێنەری گەل بەپێی بەرژەوەندیی دارایی مامەڵەی پێوە بكرێت، حکومڕانیی ڕاستەقینە و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان تەنها دروشمێکی بێناوەڕۆک دەمێنێتەوە.


AM:10:12:07/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی