هەڵەکەی پارتی؛ دەڤەری سلێمانی چی لێدەکات؟

‌به‌یار عومه‌ر عه‌بدوڵا

ئەگەر کڕینی پەرلەمانتار و نابوتکردنی هەرێم، سەرکەوتن بێت؛ ئەوا (پارتی) گەورەترین سەرکەوتنی تۆمارکردووە. 

گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ڕێی ڕێکەوتنی سیاسی و ئەجێندای هاوبەشەوە زۆر جیاوازە لە هەرزانبازاڕی سیاسی و لێزمەی دۆلار و کڕینی چەند پەرلەمانتارێکی ڕەدووکەوتو.

ساڵی 1996 (پارتی و بەعس) پەرلەمانی کوردستانیان داگیرکرد؛ ئێستا کە ساڵی 2026 ە، دوای سی ساڵ حکومڕانی، (پارتی و کۆمەڵێک پەرلەمانتاری ناپاک)، جارێکی تر پەرلەمانی هەرێمیان بێفەڕکردەوە.

لە گوتاردا خۆیان کردووە بە پاڵەوانی کوردایەتی و پاراستنی قەوارە؛ بەڵام لە کرداردا بوونەتە گۆڕهەڵکەنی سیاسی بۆ لەچاڵنانی هەرێمی کوردستان. ئەم سەرکێشیە سیاسیە، پەرلەمان و حکومەتی گۆڕی بە قاوغێکی بێدەسەڵات، و دەرگاشی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە کردەوە بۆ دەستوەردانی زیاتر و سەرەنجام لاوازتربوونی هەرێم.

هەرکات (پارتی) کەمینە بوو، دەرگای پەرلەمان دادەخەن؛ وەک ساڵی ٢٠١٥ کردیان و (گۆڕان) یان دەرکرد. هەر کات زۆرینەی کارتۆنی بوون، بە زەبری پارەی نەوتی دزراو، پەرلەمان کارا دەکەنەوە. ئەم دوو فاقیەی چەند ساڵە بۆیان چۆتە سەر دەبێت کۆتایی بێت. 

(پارتی) تەنانەت لە ناوخۆشیاندا هەنگاوی زۆر هەڵە و هەڵەشانە دەنێن؛ بۆ تۆڵەکردنەوە لە (یەکێتی ئێستا و گۆڕانی جاران)، پلەی باڵا ئەدەن بە کەسانی خیانەتکار، کە هەمووی ١٠ ساڵە بۆ پارە و پۆست بوون بە پارتی؛ لە بەرامبەردا چەندین کادری زیرەک و تێکۆشەر و دڵسۆزی ناو پارتی کە لە (شۆڕشی ئەیلول) ەوە بنەماڵەکانیان قوربانیان داوە، دەخرێنە کەنارەوە. 

ئێستا خاڵی وەرچەرخان و کاتێکی زێڕینە بۆ گۆڕینی ئەم شکستە بە سەرکەوتن. ئەم قاڵب و مۆدێلە سیاسیە بەسەرچووە، کە تیایدا لایەنێک دەیەوێت ئیرادەی خۆی زاڵ بکات بەسەر سنورێکی بەرینی جوگرافیدا کە حوکمی ئەویان قبوڵ نیە و دەنگی نادەنێ. ئێستا کاتی کۆتایهێنانە بە تەوژمی سزا سیاسی و ئابوریەکانی سەر ئەم زۆنە.

(پارتی) بەم هەڵسوکەوتەی، پاساوێکی بەهێزی دا بە دەستەوە بۆ ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی. ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکانی وەکو (یەکێتی، نەوەی نوێ، هەڵوێست، کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەندێک لە پێکهاتەکان) ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی بونیاد و هەیکەلی حوکمڕانی بە شێوازێک دابڕێژنەوە کە کراوەتر و دادپەروەرانەتر بێت، و تێیدا خەڵکی هەر پارێزگا و ناوچەیەک بڕیار لە ژیان، و گوزەران و ئابوری خۆیان بدەن و چیتر چاوەڕێی پەرلەمانێکی کارتۆنی نەبن.

ئەم جوگرافیایەی ئێمە دەبێت ڕێکبخرێتەوە؛ وەکو (دوو زۆن لە چوارچێوەی هەرێمێکدا) یان وەکو (دوو هەرێم لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیەتێکدا)؛ یان (هەر پارێزگایەک دەسەڵاتی ئیداری و ئابوری تەواوی بدرێتێ بۆ خۆبەڕێوەبردن). واتە ناوی مۆدێلە سیاسیەکە چی بێت گرنگ نیە؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە فەلسەفەی حکومڕانی بگۆڕێت و کرانەوە ڕووبدات و هەر ناوچە و پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ ئازادبن لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیاندا.


PM:10:13:06/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی