پارتی و یەکێتی و ئەسڵی کێشەکە !

‌دڵشاد ئەنوەر

کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی یەکێتی هۆکاری تەقینەوەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو حزبە نەبوو، بەڵکو ناکۆکی نێوانیان لەوە قوڵترە و لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا تەقییەوە.

ئەسڵی کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی نەبوونی متمانەیە لەنێوان تیمە حکومییەکانیان، ئەم بێمتمانەییە سەریکێشاوە بۆ ناکۆکی نێوان هەردوو حزبەکەش، ئەمەش وایکردووە کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان قورس بێت.

لە کاتی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتە لوتکە، دۆخەکە گەیشتە ئاستێک جنێو بە باوک و باپیری یەکتری بدەن، بەڵام دۆخەکە وەک ئێستا نەتەقییەوە، چونکە نێوان تیمە حکومییەکانیان کە ئەوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد ئاسایی بوو، ئەمەش وایکرد نەهێڵن پەیوەندی نێوان هەردوو حزب بتەقێتەوە. واتە ئەوکات تیمە حکومییەکانیان نێوەنگیربوو، بەڵام ئێستا تیمەکان سەرچاوەی کێشەکانن.

نێچیرڤان بارزانی پیاوێکی دیپلۆماسی و سیاسی بوو، دەیزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات، دۆخەکەی بەجۆرێک راگرتبوو، هەرچی بویستایە و بیکردایە کێشە نەبوو، چونکە یەکێتی و تیمەکەی پێی ئیستیفزاز نەدەبوون، لەکاتيکدا دۆخەکە بۆ مەسرور بارزانی پێچەوانەیە.

مەسرور بارزانی بە حوکمی ئەو باکگراوەندە ئەمنی و پەڕگیرییەی کە هەیەتی، هەم مامەڵەکردن لەگەڵی قورسە، هەمیش شێوازی مامەڵە کردنی خۆی و تیمەکەشی هەزم نەکەرە، بۆیە تیمە حکومییەکان بوون بە سەرچاوەی کێشە بۆ هەردوو حزب.

شەش ساڵ لەمەوبەر هەندێک قسەی نهێنی تیمەکەی مەسرور بارزانی دزەیانکردبوو، جا نازانم قسەکان راستبوون یان نە، بەڵام قسەکان توڕەیی یەکێتیان گەیاندە لوتکە و وایکرد هەمیشە بە گومانەوە لە مەسرور بارزانی بڕوانن، گوایە ناوبراو وتویەتی :” یەکێتی دەسڕمەوە.”

تیمی یەکێتی و پارتی لەنێو یەک حکومەتن، کەچی لەولاوە ئەژی ئەمین قوتکراوەتەوە. یەک حکومەتن کەچی هەندێک وەزیر ئیشیان بووەتە کڕین و فرۆشتنی ئەفسەر و کادیری یەکتری.

یان نزیکترین نموونە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە گەرمیان روویدا، بە رێنمایی وەزارەت دەستبرا بۆ دەیان دەرمانخانە و داخران، خەریکبوو دەیانی تریش دابخرێن، ئەمەش جگە لەوەی گرانبوونی دەرمان و بێکار کردنی دەیان کارمەندی لێدەکەوێتەوە، هاوکات کێشە و ئاڵۆزیی دروست دەکات، لەکاتێکدا ئەمە لە هیچکام لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک نەکراوە. بۆیە یەکێتی گومانیکرد ئەمە دەستی کۆمپانیاکانی دەرمانی هەولێری لە پشتەوە بێت و ئامانج لێی خوڵقاندنی کێشە بێت لەم ناوچەیە، کوتوپڕ دۆخەکە بەجۆرێکی تر راگیرا. ئەمانە نموونەی سادەن لەنێو هەزاران نموونەدا، واتە کارکردنی حکومەت ئەمنیانەیە، خوڵقاندنی کێشە لە هەندێک ناوچە بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی هەندێک ناوچەی تر.

ئەگەر حکومەت بەیەک تیم کاری کردبا، کاری بۆ چاکسازیی و بنەبردکردنی ئەو هەموو رەشوە خواردنە کردبا لەسەرانسەری هەرێم ، جیاوازی لەنێوان ناوچەکان نەکرابایە و هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێنرایە، دڵنیام زۆر شت رووینەدەدا.

لەهەمووی گرفتتر ئەوەیە بەرهەم ساڵەح تا کاندید بوو بۆ سەرۆک کۆمار جاش و خراپبوو، دواتر پێشوازیی لێکراو لەپڕ بووە پیاوێکی باش. لاهور شێخ جەنگی تا هاوسەرۆکبوو خیانەتکاربوو، بەڵام لە حزب نەما باوەشی بۆ کرایەوە و بووە قوربانی. واتە ئەم جۆرە لە سیاسەتی دووفاقی قەیرانی متمانەی قوڵتر کردووەتەوە، دۆخێکی خوڵقاندووە لە بچووکترین مەسەلەدا گرفت دروست ببێت.

من دیقەتی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیم دا، بەڵام زیاتر چاودێریی کۆمێنت و رای خەڵکیم کرد، شۆکبووم کاتێک بەلێشاو خەڵک شاگەشکەی دوو ئیدارەییە، ئەم هەستە لە خۆوە دروست نەبووە و کێشەیەکی گەورە و قوڵیشە، هاوڵاتی حەز بکات هەرێمەکەی لەت بێت.

لەراستیدا بۆ پارتی و تیمە حکومییەکەی گەر ژیری و دیراسە هەبێت، دەبێت لەمە ورد ببنەوە، هۆکارەکانی بزانن و خەلەلەکانیان دەستنیشان بکەن، تێبگەن لەوەی بۆ خەڵک بەوجۆرە لە مەسەلەکە دەڕوانێت، بۆ دۆخەکە گەیشتووەتە ئێستا.

بۆیە دوو ئیدارەیی چارەسەر نییە، قوڵکردنەوەی برینەکان رێگە دروستەکە نییە، بەڵکو هەنگاوە راستەکە بەخۆدا چوونەوە و دەستبەرداربوونە لە سیاسەت و هەنگاوی هەڵە.

تێناگەم! بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبەغدا ماڵ بە ماڵ، نوسینگە بە نوسینگەی بەرپرسانی حەشد دەگەڕێن، سەرقاڵی مەرایی و نەرمی نواندنن، بۆچی لەهەرێم هێندە بێمنەتن لەدۆخی خەڵک، بۆچی هێندە حەز بە ئازاردانی میللەت ودژایەتی یەکن؟!


AM:11:38:06/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی