گۆڕان وەک قەڵغانی سیاسی

‌ئارام سەعید

پێویستە لەوە تێبگەین کە ئەوەی ئێستا لە ئیدارەی حکومەتدا بە ناوی گۆڕانەوە هەڵسوکەوت دەکات، چیتر نوێنەری ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە نییە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ شەقامی هەژاند. ئەو پڕۆژەیە بە کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و چوونە ناو هاوکێشەی حکومەت بەبێ‌ دەسەڵاتی، کۆتایی هات. 

ئەوەی ئەمڕۆ ماوەتەوە، تەنیا پاشماوەیەکی بێ‌دەنگدەرە کە پۆستە وزاری و ئیدارییەکان بە تەنیا هۆکاری مانەوەی سیاسیی خۆی دەزانێت. دەستبەرداربوون لەو پۆستانە بۆ ئەو گرووپە بە مانای نەمانی یەکجارەکی دێت لە کایەی سیاسیدا، بۆیە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا ناچارن ببنە بەشێک لە سیستمێک کە هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەیان تێدا نیە و بەکاردەهێنرین وەک قەلغانی سیاسی.

 ئەم دۆخە حوکمڕانیی کوردستانی کردووە بە ئیدارەیەکی بێ‌ناونیشان. دەربازبوون لەم قەیرانە لەوەوە دەستپێدەکات کە پەردە لەسەر ئەم قەڵغانە هەڵبماڵدرێت. خاوەنی ڕاستەقینەی هێز وداهات نابێت لەژێر چەتری بەرپرسە بێدەسەڵاتەکاندا خۆی لە لێپرسینەوە بشارێتەوە؛ بۆ سلێمانیش شار پێویستی بە ئیدارەیەکی یەکدەست و بەرپرسیارە کە تێیدا کەسی بڕیاردەر و کەسی وەڵامدەرەوە، یەکبن. لەهەر کەس بپرسیت لە سلێمانیدا کێ بەرپرسی سەرەکیی کەموکوڕییەکانی سلێمانییە دەزانێت، بەڵام ئێستا مۆری فەرمی لای گۆڕانە و هێزی ڕاستەقینەش لای یەکێتی...

رەنگە گۆڕان وەک کارتێکی تەکتیکی بۆ پاراستنی هاوسەنگی و لە زۆر کاتیشدا وەک قەڵغانێک بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەکارهێنرابێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەم شێوازە لە حوکمڕانی گەیشتووەتە بنبەست و باجەکەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و پێگەی سیاسیی شارەکە قورس کەوتووەتەوە.

ناکرێت لە کاتی کێشەدا پەنجەی تۆمەت بۆ وەزیرێکی گۆران یان پاریزگارێکی گۆڕان ڕابکێشرێت، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن بڕیاری خەرجکردنی شایستە داراییەکان لە کوێوە دەردەچێت و ئەوان دەسەلاتیان نیە. بۆسلێمانی پێویستە یەکێتی بوێرانە بەرپرسیارێتیی ئیدارەدان بە تەواوی لە ئەستۆ بگرێت؛ یان دەسەڵاتی بڕیاردان و دارایی بێ‌دەستێوەردان بداتە ئەو تیمە ئیدارییەی ئێستا هەیە، یان بە ڕێککەوتنێکی نوێ و شەفاف کۆتایی بەم فرەکوێخاییە ئیدارییە بهێنێت. 

دروشمی لامەرکەزییەت نابێت تەنیا گوتارێکی سیاسی بێت، بەڵکو دەبێت لە ناوخۆی سنووری سلێمانیدا بە کردەیی پیادە بکرێت.

لەکۆتاییدا ئەم ریکارانە پێگەی سلێمانی لە دانوستاندا بەهێزدەکات وڕەنگدانەوەی سەقامگیری و ڕێکخراوەیی ناوماڵەکەی دەبیت بەرامبەر هەولێر و بەغدادیش، کاتێک دەبینن لەگەڵ ئیدارەیەکی یەکگرتوو سیستماتیک دادەنیشن کە شەفافیەتی هەیە و کەلێنی ناوخۆیی نیە کەبتوانن پەراوێزی بخەن.


PM:08:35:05/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی